پرۆسەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە شەقامی کوردیدا هاوشێوەی وەڵام و وەڵامدانەوەکانی نێوان لایەنەکان لەسەر ئاستی عێراق بە گشتی و هەرێم بەتایبەتی بۆ چوونی جیاوازی هێناوەتە ئاراوە، کادیرانی یەکێتی پۆستەکە بە ئیستحقاقی یەکێتی دەزانن و کادیرانی پارتیش دەڵێن پۆستەکە هی کوردە و تایبەت نیە بە لایەنێکی سیاسی دیاری کراوەوە، شەقامیش بە گشتی چاوی لەوەیە پۆستەکە بتوانێت باشتر خزمەت بە کورد بکات و بتوانێت لە گەرمبوونی کێشەکاندا لە نێوان هەرێم و ناوەند ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت.
هیوا ئیسماعیل کادیری یەکێتی لە هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند " دروشمی یەکیتی ئەوە بوو لە هەڵبژاردنەکەدا پێکەوە بەهێزین بەڵام ئەمەی پارتی کردی هۆکاری تێکچوونی ماڵی کوردی بوو، پارتی کاتێک یەکڕیزی دەوێت کە خۆی نوێنەرایەتی بکات و پۆستەکان بەرێت، ئەمەش لێکەوتەی دەبێت لە هەرێم و عیراقیشدا."
عەزیز هەورامی کادیری پارتی لە هەڵەبجە لە لیدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند " هەرچەندە پۆستەکە تەشریفاتیە، بەڵام هیوادارم یەکیتی و پارتی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەر چاو بگرن و یەکڕیزبن، پێمان باشە ئەم پۆستە بۆ پارتی بێت و گەر بەدوو کانیدیش هەردوولا بڕۆنە پەرلەمان ئەوا ئەزموونی ساڵی 2018 دووبارە نابێتەوە."
ئارام بامۆکی هاوڵاتیەکی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" من پێم خۆشە کورد ئەو پۆستە سیادیانە وەردەگرێت، بەڵام تا چەند سودمان لێ وەرگرتووە، جێگەی ڕەخنەیە، بە داخەوە لە خولەکانی پێشوو پۆستەکانی کورد نەیانتوانیووە خزمەت بە کورد بکەن، ئەوە لای من گرنگ نیە ئەم پۆستە بۆ کام لایەنە، بەڵام ئەمەوێت پۆستەکە دواتر لە بەرژەوەندی کوردبێت."
تا ئێستا 30 کەس لە عێراق ناوی خۆیان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تۆمارکردووە و 11 لەو کەسانە کوردن، بەڵام کێبەڕکێی توند لە نێوان هەریەک لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و هۆشیار زێباری دایە، پارتی و یەکێتی تا ئێستا هیچ کامیان سازشیان بۆ یەکتری نەکردووە لە نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دابەش بوون، هاوکات ژووری عەمەلیاتیان بۆ پشتگیری کاندیدەکانیان دروست کردووە کە بڕیارە لە 2-8-2022 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە.