بە گوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو، کەیومەرس لەتیفی ماموستایەکی زمانی کوردی خەڵکی شاری سنە زیاتر لە دوو هەفتەیە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ناوبراو نییە.
لە وتووێژێکی دەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا فەرید لەتیفی، چالاکوانی سیاسی لە ئاڵمان دەڵێت، کەیومەرس چالاکوانێکی ناسراوی شاری سنەیە و لە بوارەکانی زمان و ژینگەپارێزی، شوناس و فەرهەنگی کوردیدا زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ئەنجومەنی مەولەوی شاری سنەدا چالاک بووە.
هەروەها لەتیف ئاگاهی دەدات، کەیومەرس کە لەوەتای ساڵی ٢٠٠٩وە ئەمە دووهەم جارە زیندانی بکرێت. لە لایەن حکومەتەوە تۆمەتی بانگەشەکردن لە دژی حکومەت و هاوکاری لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی کوردستانی خراوەتە پاڵ.
فەرید دەڵێت، هەرچەندە ئەنجومەنی مەولەوی لە ڕووی یاساییەوە ئازادە بەڵام "ئەگەر کارکردن بەو شێوەیە نەبێت کە حکومەت دەیەوێت، ئەوە کێشە و گرفت و تەنانەت گرتنی بەدوادا دێت".
هەروەها ئاماژەش دەکات کە تەنانەت بنەماڵەی کەیومەرس لە ژێر گوشاردایە و تا ئێستا ئیتلاعاتی ئێران چەندین جار هێرشی بردۆتە سەر بنەماڵەی ناوبراو و ئازاریان داون.