هەزاران پەنابەری ئۆکرانی دیکە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ڕوویان لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کردووە، زۆرێک لەوانە کەسوکار و کەسی نزیکیان نەبووە تا بڕۆن بۆ لایان و بۆ هیچ شوێنێک نەڕۆیشتون، هەر بۆیە وڵاتان لە هەوڵی بە پەلەدان بۆ دابینکردنی جێگە و ڕێگەیان بۆیان.
فیلیپۆ گراندی سەرۆکی کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاندبوو هەر لەوەتەی ڕووسیا لە 24ی مانگی 2 ەوە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە ژمارەی پەنابەران زیکبووەتەوە لە 2 ملیۆن دووسەد هەزار کەس.
زۆربەی ئاوارەکان ژن و منداڵن، بەڵام پیاوەکان لە ئۆکرانیا ماونەتەوە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا.
گراندی گوتیشی تا ئێستا زۆربەی پەنابەران لە بری ئەوەی ڕووبکەنە ناوەندەکانی پێشوازی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەوە بۆیان دابینکراوە؛ ڕوویان کردۆتە لای خزم و کەسوکار و هاوڕێکانیان کە تاراوگەنشینن.
هەروەها گوتیشی "ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوان کە هەست بەوە بکەن پێشوازیان لێدەکرێت و لە ژینگەیەکی ئاشنادان و کەمتر بارگرانیان دەکەوێتە سەر شان لە ڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە، لە ڕاستیدا ئەمە شتێکی هێجگار گرنگە بۆ ئەو وڵاتانە."
گراندی دەشڵێت " پێدەچێت ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا بێت لە کاتێکدا پەنابەری زیاتر دەگەنە ئەو وڵاتانە و پێویستە زیاتر لە ناوەندەکانی پێشوازیدا بمێنینەوە." هەروەها "پێویستە ڕاستەقینە بین و پلان بۆ ئەوە دابڕێژین."
لە ڕۆمانیا دەسەڵاتداران لە بوخاریست دوو ناوەندیان کردۆتەوە بۆ پێشوازیکردن لە منداڵانی ئۆکرانیا کە شوێنی یاریکردن و ئەنجامدانی چالاکی تیادایە بەرلەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان بچنە شوێنێکی تر.
لە دەروازەی سنووری سیریت، پەنابەران لە ئۆکرانیاوە بە پێ و بە ئۆتۆمبێل بەردەوام لە سنورەکە دەپەڕنەوە، زۆربەیان جانتای کۆڵەپشتیان دابوو بە شانیاندا و جانتاکانیان بە دوای خۆیاندا ڕادەکێشا، هەندێک لەوانە ئاژەڵە ماڵییەکانی خۆشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR بەرنامەی کۆمەکی دارایی بۆ پەنابەران دادەڕێژێت کە دەتوانێت یارمەتیان بدات کرێ بدەن لە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت بە خۆیان. گراندی گوتیشی" هیوادارین ئەم هەفتەیە لە پۆڵەندا دەستپێبکات" و "هەوڵدەدەین ئەو کارە بکەین بۆ تەواوکردنی ئەوەی حکومەتەکان دەیکەن."
پلانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای گەیشتنی چوار ملیۆن پەنابەرە، بەڵام گراندی دەڵێت پێدەچێت ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەین.
کاربەدەستان ڕایانگەیاند کە زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەوە سنوورەکەیان تێپەڕاندووە و چونەتە ناو خاکی پۆڵەنداوە، لە کاتێکدا نزیکەی 320,000 ئاوارە سنوورەکانیان بڕیوە و گەیشتونەتە ڕۆمانیا، زیاتر لە نیوەیان چوون بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نین وەک مۆڵدۆڤا و هاوکات 153,000 ئاوارەی دیکەش پەنایان بردووە بۆ سلۆڤاکیا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز