Accessibility links

پۆڵەندا: وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ ناردنی فرۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا


سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هەر پێداویستییەکی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دەبێت بە هاوبەشی لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە بکرێت، دوای ئەوەی واشنتن پێشنیارەکەی پۆڵەندای ڕەتکردەوە بۆ گواستنەوەی هەموو فڕۆکەکانی جۆری MIG-29 بۆ بنکە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا بە مەبەستی ڕادەستکردنی ئەو فرۆکانە بە ئۆکرانیا.

کاتێک داوای ناردنی فڕۆکەی میگی پۆڵەندی کرا؛ کرێملین بە سیناریۆیەکی مەترسیدار و نەخوازراو ناودێری کرد.

ئۆکرانیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە بۆ دابینکردنی فڕۆکەی شەڕکەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشەی ڕووسیا کە زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری ناچار کردووە لەو وڵاتە هەڵبێن و یاسادانەرەکانی ئەمەریکاش بە فشارخستنە سەر بەڕێوەبەرایەتیەکەی سەرۆک جۆو بایدن وەڵامیان دایەوە بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی فڕۆکەکان.

ڕۆژی سێشەممە پۆڵەندا ڕایگەیاند ئامادەیە هەموو فڕۆکەکانی MIG-29 بۆ بنکەی ئاسمانی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا بگوازێتەوە و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکاوە، هانی ئەندامانی دیکەی ناتۆش دەدات کە هەمان کار بکەن. بەڵام پنتاگۆن دواتر پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە لەبەرئەوەی دەڵێن "ناتوانرێت بەرگریان لێبکرێت."

ماتیۆش مۆراڤێسکی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کە لە تەلەڤیزیۆنی پۆڵەنداوە پەخشکرا گوتی "بڕیارێکی ئاوا ڕژد وەک دابینکردنی فڕۆکە پێویستی بە هاودەنگی دەبێت و بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دەبێت لەلایەن هەموو هاوپەیمانانی ناتۆوە بڕیاری لەسەر بدرێت."

گوتیشی "ئێمە ڕازی نەبووین کە خۆمان فڕۆکەکان دابین بکەین چونکە دەبێت تەواوی ناتۆ بڕیارەکە بدات."

ڤۆلۆدەمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا چەندین جار داوای لە ڕۆژئاوا کردووە ناوچەیەکی دژەفڕین بۆ ئۆکرانیا جێبەجێ بکات، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ ترسی ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ ڕووبدات؛ لەبەرئەوە ئەو داواکارییەیان ڕەتکردەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هۆشداریدا لەو بارەیەوە؛ کە ئەو وڵاتانەی بواری ئاسمانی خۆیان پێشنیاز دەکەن بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ڕووسیا، ئەوا وەک ئەوە لێیان دەڕوانرێت کە هاتونەتە ناو جەنگەکەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا پاڤێڵ یابلۆنسکی بە ڕادیۆی گشتی Polskie Radio 1 ی ڕاگەیاند کە پۆڵەندا دەبێت لە کاتی دابینکردنی فڕۆکە بۆ ئۆکرانیا ڕەچاوی پێشینە ئاسایشییەکانی خۆی بکات.

هەروەها گوتیشی " پۆڵەندا وەک تاکە وڵاتی ناتۆ ناتوانێت ئەو سەرکێشییە بکات و وڵاتانی دیکەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانن قەرەبووی بکەنەوە یان هاوبەشی لەگەڵماندا بکەن."

فرۆکەی MIG-29 فڕۆکەیەکی جەنگییە کە لە یەکێتی سۆڤیەتدا پەرەی پێدرا بوو، لەو کاتەوەی کە سوپای ئۆکرانیا پێشتر فڕۆکەی دروستکراوی ڕووسیای بەکارهێناوە. وەک شارەزایان دەڵێن ئەوە باشترین بژاردەیە بۆ فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان کە پێشتر زانیویانە چۆن ئەو فرۆکانە بەکاربهێنن و ڕاهێنانی فڕۆکەوانە شەڕکەرەکان لەسەر فڕۆکە دروستکراوەکانی ئەمەریکا دەکارێت چەند ساڵێک بخایەنێت و پێویستی بە تۆڕی جیاوازی یەکەی چاکسازی هەیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG