Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، بەشێک لە ڕێکخراو و حیزبەکانیش بایکۆتی یادەکە دەکەن


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە 34 هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ساڵیادەکە دەکات و بڕی 35 ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی مەڕاسیمەکانی ساڵیادەکە دابینکرد، دەشڵێت دەستکەوتی باش بۆ کەسوکاری شەهیدان بەدەست هاتوون و چیمان پێکرابێت کردوومانە، بەشێک لە حیزبە ئیسلامیەکان و ڕێکخراوەکانی جینوساید بایکۆتی ساڵیادەکەیان کرد، بەڕێوەبەرایەتی هەڵەبجەش دەڵێن هێشتا هەڵەبجە لە هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم ڕێکارە ئیداریەکانی تەواو نەکراون.

عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سەردانی هەڵەبجەمان کرد بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەکاریەکانی ساڵیادەکە، هەوڵەکانیشمان دەخەینە کار بۆ گرفتەکانی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و ونبووان، ئەوەی لە تواناماندا بووبێت کردوومانە، بێ ئاگایی خۆشی لە بایکۆتکردنی ساڵیادەکە لە لایەن ڕێکخراوەکانی جینۆسایدەوە خستەڕوو، ڕاشیگەیاند لە وەزارەتی شەهیدان هەنگاوی گەورەمان ناوە."

سەبارەت بە ڕووفاتی قوربانیەکانیەکانی هەڵەبجە و ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن ئێرانەوە بە پێدانی ڕسوومات بۆ نوێکردنەوەی گڵکۆی قوربانیەکان کە لە ماوەی ڕابردوودا هۆشداری درابوو کە ئەگەر پارەی نوێکردنەوە نەدرێت ئەوا پێویستە ڕووفاتەکان ببرێنەوە عێراق وەزیری شەهیدان ڕایگەیاند "لە چەند ڕۆژی ئایندەدا وەفدێکی ڕەسمی وەزارەتی بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکە سەردانی ئیران دەکەن ".

ئازاد تۆفیق پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند "ڕێکارە ئیداریەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم گرفتی هەیە و تا ئێستا نەتوانراوە هەموو ڕێکارە ئیدارەیەکان تەواو بکرێن و دەخوازین لە ساڵیادی ئەم ساڵدا هەردوو حکومەت هەنگاوە ئیداریەکان تەواو بکەن."

کاتژمێر 10ی سەرلەبانی ڕۆژی چوارشەممە 16-3-2022 لە مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە 34 هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی هەڵەبجەوە دەکرێتەوە، ڕێکخراوەکانی جینۆسیاد و بەتایبەتی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە نوێنەرایەتی کەسوکاری قوربانیەکان دەکات لە 7-3ی ئەمساڵدا ڕایانگەیاند لە بەرامبەر بەڵێنە بێ کردارەکان بایکۆتی ساڵیادەکە دەکەن و خۆیان ساڵیادەکە بەجیا دەکەنەوە، تا ئێستاش بڕی بودجەی ساڵیادەکە ڕەزامەندی لەسەر دراوە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی هەڵەبجە ڕایانگەیاند بڕە پارەکە نەگەیشتوەتە هەڵەبجە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:33 0:00

XS
SM
MD
LG