ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی دووشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی عێراق کرد ئامادەبن لە دانیشتی پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕێژەی سێیەکی پەرلەمان تەواو بکەن و دەنگ بە سەرۆکی نوێ بدەن، بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە لەو دۆخەی کە لە ئێستادا تێیکەوتووە.
موقتەدا ئەلسەدر لە پەیامەکەیدا دەڵێت هەموو کەسێک وای لێهاتوو متمانە بەو حیزبانە ناکەن کە لەوەتای ڕووخاندنی ڕژیمی پێشوو و تا ئەمڕۆ لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربوون، ئەوانەی گومانیان هەیە لایەنگری ئەو حزبانە نین و زیاتر چینی سەربەخۆ و بێلایەنی گەلن.
دەشڵێت، "دەبێت ئەمجارە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی تاقی بکەینەوە، کە ئەزمونێکە پێویستە سەرکەوتنی تیا بسەلمێنین تا ببێتە سەرەتایەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی کە ئێستا تێیداین و لە هەموو لایەکی دەرەکی و ناوخۆوە فشاری لەسەرە."
باسی لەوەش کرد، کەسانی گەندەڵ و خراپکار دەبێت سزا بدرێن تەنانەت ئەوانەشی لایەنگری سەدرییەکانن، ئەم ڕێگایەش باشترە لە بەکارهێنانی توندوتیژی کە زیان بە وڵات و هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت حکومەتەکانی تهوافوق سودیان بۆ عێراق و عێراقییەکان نەبووە، لەبەرئەوە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە تۆنێلی سازان ڕزگارمان بێت و بچنە ناو قۆناغی زۆرینە لە تۆنێلی تایەفەگەریەوە بچینە ناو قۆناغی نیشتیمانییەوە.
دەشڵێت، کاتێک داوای حکومەتی زۆرینە دەکرێت مەبەست ئەوە نییە دوژمن بۆ خۆی دروستبکات و لێیان بدات، چونکە ئەو هیچ عێراقییەک بە ڕکابەری خۆی نازانێت، بەڵکو تەنها سودی نیشتیمان و بەرژەوەندی وڵات و هاوڵاتیانی عێراقی دەوێت.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوا لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، لە دانیشتنی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنەکە لە 26ی ئەم مانگەدا بەشداربن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق. هاوکات دەڵێت، "ئەگەر متمانەتان بە فراکسیۆنی سەدری نییە، ئەوا ئێمە دەرفەتتان دەدەینێ بەشداربن لە بەڕێوەبردنی کاروباری عێراق و ئەمەش دوا هەلە، چونکە ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو نەبم، شکستهێنانی خۆم ڕادەگەیەنم."
ئەلسەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیامەکەی لە لاوازی و بێ دەسەڵاتییانەوە نییە، بەڵکو تەنها لەبەر نیشتیمان و خۆشەویستی نیشتیمانەوەیە.
جێی باسە پەرلەمانی عێراق ناوی 40 کاندیدی پەسەندکراوی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژی 26ی ئەم مانگە ، کۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام دەدرێت.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، پێویستە لانیکەم 220 پەرلەمانتار لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادەبن بۆئەوەی دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت.