Accessibility links

هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە پێشانگایەکدا لە دەوحە مووشەکەکانیان نمایش دەکەن


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا باس لە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات لە پێشانگایەکدا کە بۆ نمایشکردنی کەرەستە سەربازییەکانی بەرگری لە وڵاتی قەتەر کرایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمەریکا لەو وڵاتەدایە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فەرماندەکان لەو پێشانگایەدا، هاوکاتی نمایشکردنی مۆدیلی موشەکی ئێران، خەریکی چا خواردنە و خورما بوون.

ئامادەبوونی ئەو فەرماندانەی سوپای پاسداران لەو پێشانگایە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێران لە باشووری کەنداوی فارس نیگەرانن لە ئەگەری لابردنی ناوی سوپای پاسداران لە ڕیزبەندی تیرۆری ئەمەریکادا وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

سوپای پاسداران کە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری ڕێبەری باڵای ئێراندا چالاکی دەکات، کاریگەر بوونی خۆی لە ناوچەکەدا لە ڕێگای هێزەکانی سەر بەو وڵاتەوە فراوانتر کردووە، لەوانەش حوسیەکانی یەمەن کە هەفتەی ڕابردوو بە پاڵپشتی ئێران چەند جارێک کێڵگە نەوتییەکانی سعودیەی کردە ئامانج.

سعودیە ئێران بە پڕچەککردنی حوسییەکان تۆمەتبار دەکات، هەروەها دەڵێت ئەو وڵاتە بەرپرسیارە لە هێرشەکەی ساڵی 2019 بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و هێرشکردنە سەر تانکەرە نەوتییەکانی لە ئاوی کەنداو، تۆمەتێک کە ئێران ڕەتیدەکاتەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی سوپای پاسداران لە پێشانگاکەی بەرگری دەوحەدا کە لە 21 بۆ 23ی مانگی3 بەڕێوەچوو، ڕەتیان کردەوە قسە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بکەن.

ڕاپۆرتەکە هەروەها دەڵێت لە پێشانگاکەدا لە تەنیشت بەشی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، کۆمپانیای ئەمەریکایی جەنەراڵ ئەتۆمیکس، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆی نمایش کردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG