ساڵانە و لە وەرزی بەهاردا بەهۆی بۆنەکانی نەورۆز و بۆنە تایبەتەکانی دیکەوە کە گوند و عەشیرەتەکان ڕێکیان دەخەن ژمارەیەکی فراوان لە گەشتیاران دەچنە ناوچە گەشتیاریەکان بەهۆی پابەند نەبوونیان بە ڕێنماییەکانەوە و جێ هێشتنی پاشماوەکانیان ناوچەگەشتیاریەکان ڕووبەرووی پیسبوون دەبنەوە، هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری هەڵەبجە و تیمەکانی پاکەوانی هۆشداری بە گەشتیاران دەدەن.
لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 8 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی هەڵەبجەیان کردووە و بەهۆی پابەند نەبوون بە پاراستنی ناوچە گەشتیاریەکانەوە ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەگەشتیاریەکان پیس بوون و تیمەکانی پاکەوانی لە کۆمپانیانی بیڤان ڕۆژانە زیاتر لە 80 تۆن خۆڵ و خاشاکیا کۆکردووەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە عەلاگەی خۆڵ و پرۆشەری تایبەت بە پاراستنی ژینگە دابەش کراوە.
غەریب ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لە یەکەم ڕۆژدا حەوت تیمی بەڕێوەبەرایەتیمان دابەشکرابوون بەسەر ناوچە گەشتیاریەکاندا، کە عەلاگەی خۆڵ و پرووشەرمان داوە بە گەشتیاران، لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەم کەلتورە نەهێڵین و گەشتیار خۆی بەرپرسیار بێت بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ناوچە گەشتیاریەکان پیس بوون و گەشتیاران کەم تەرخەم بوون."
بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری هەڵەبجە ڕاشیگەیاند" لە ڕۆژی هەینیدا وابڕیارە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بێنە پارێزگای هەڵەبجە تیمەکانمان ئامادە کردووەتەوە، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی ناوچە گەشتیاریەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای بیڤان ئەنجام دەدەین و دەخوازین کە ئەمە دوا هەڵمەتی پاککردنەوەی ناوچە گەشتیاریەکان بێت."
ئەحلام عەلی نوێنەری شارەوانی هەڵەبجە لە کۆمپانیای بیڤان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ڕۆژانە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 70 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە بەڵام لە نەورۆز ڕێژەکە زۆر بەرزبووەتەوە و ناوچە گەشتیاریەکان پیسکراون و گەشتیاران کەم تەرخەمن لە ئاست ژینگەدا، داوا دەکەین هاوکاری تیمەکان بن خۆڵ و خاشاکەکانیان بگەیەننە سەرجادەکان تا تیمەکانمان کۆی بکەنەوە."
لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 36 ناوچەی گەشتیاری هەمە چەشن هەیە و ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوویان لێدەکەن، ئێستا لەگەڵ ئەوەی کەش و هەوا جێگیر نەبووە و وەک پێویست ژمارەی گەشتیاران زۆر نەبووە بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ناوچە گەشتیاریەکان پیس بوون و تیمەکانیش بەردەوامن لە پاککردنەوەی ناوچە گەشتیاریەکان.