Accessibility links

هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ کرانەوە یان داخستنی دەرفەتەکان


هەڵبژاردنەکان، کۆڵەکەی سەرەکین بۆ دیموکراتی لە کۆمەڵگەکاندا، لەو ڕوانگەیەوەی دەبنە هۆکاری هێنانە ئارای حکومەتێکی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، هەرچەندە جەختێکی زۆریش دەکرێتەوە لەوەی مەرج نییە هەموو هەڵبژاردنەکان بە دیموکراتی ناودێر بکرێن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەم نین ئەو وڵاتانەی هەڵبژاردن دەکەنە ئامڕازێک بۆ مانەوەی سیستەمە تاکڕەوەکان و نیشاندانی ئەوەی کار بە دیموکراتی دەکرێت.

لە سیستەمە سەرکوتکارەکاندا، هەروەهاش لەو وڵاتانەی دیموکراتی ناتوانێت خۆی بە پێوە ڕابگرێت، هەرگیز ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێتە پێوانەیەک بۆ ئاستی جەماوەریی ئەو لایەن و کەسانەی دەچنە پێشبڕکێکانی هەڵبژاردنەوە لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە؛ فێڵ و تەڵەکە کردن لە هەڵبژاردنەکاندا، کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا. هەربۆیەشە دەبینرێت لەو شوێنانەدا هەروادێ و داواکارییەکان زیاتر دەبن بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا. ئازاد بەو مانایەی دەنگدەر بەبێ هیچ دوو دڵییەک بڕیاری خۆی بدات لەوەی دەنگ بە کێ و بە چ لایەنێکیش دەدات؛ ڕەواش بەو مانایەی یاسا و ڕێساکان نەخرابنە خزمەت کەمینەیەکی دەسەڵاتدار لە پێناو پێشێلکردنی مافەکانی دەنگدەران.

لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەینەوە لە ساڵی 2003دا لە عێراق هەڵبژاردن دەکرێت. لەگەڵ هەموو کوڕییەکان و کەمتەرخەمییەکانی هەڵبژاردنەکاندا بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی تری ئەو ناوچەیەی جیهاندا، وەک زۆرێک لە چاودێر ئاماژەی پێدەکەن "عێراقییەکان توانیویانە هەر هیچ نەبێت هەنگاوێک بنێن بە ئاڕاستەی هەڵبژاردنێکی باشتردا بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی پێش ساڵی 2003دا کە کراون."
هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەپێی ڕای چاودێر هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستەی بگوترێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوان، بەهۆی شێوازی ئەو ململانێ سیاسییانەی لە نێوان لایەنە بەشداربووەکاندا هەیە و هەروەهاش دەستێوەردانە دەرەکییەکان و هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر و بڕوا نەبوون بە پرەنسیپە دیموکراتییەکانیش.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش ڕەوشی هەڵبژاردن بە ئاستەم جیاوازە لەو هەڵبژاردنانەی لە عێراقدا دەکرێن، ئەگەرچی یەکەم هەڵبژاردن لەو هەرێمەدا لە ساڵی 1992دا کرا، واتە نزیکەی یەک ساڵ پاش ڕاپەڕینی خەڵک و دورخستنەوەی دامودەزگا سەرکوتکارەکانی ڕژێمەکەی سەدام حوسین.

ئەو هەڵبژاردنەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کرا بەپێی پێوانە نێونەتەوەییەکان دەکرێت وەک هەڵبژاردنێکی ئازاد لێی بڕوانرێت، بەڵام ڕووداوەکانی پاش هەڵبژاردن و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ینک) پرسیار و گومانێکی زۆری خستە سەر ڕەوایی هەڵبژاردنەکە.

لەگەڵ هەموو هەڵکشان و داکشانەکانی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستانی عێراق، کردنی هەڵبژاردن بەردەوام بووە، بەڵام چەندێک هەڵبژاردن بووە بۆ نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی خەڵک لە پەرلەمان و لە حکومەتدا، ئەمەیان پرسێکی ترە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ڕۆژی 1ی مانگی 10ی دەستنیشانکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێم.

لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە و ناکۆکییەکان لەسەر ئەوە نییە هەڵبژاردن بکرێت یان نا، بەڵکو لەسەر شێوازی کردنی هەڵبژاردنەکەیە.

پدک و ینک لە ساڵی 1992ەوە فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن، دواتر بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی بووە لایەنی سێهەم لە هەرێمدا و سەرەتاش وەک لایەنی ئۆپزسیۆن خۆی ناساند، بەڵام دواتر بووە بەشێک لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

هەرچۆنێک بێت هێشتاش ئەم 3 لایەنە پێکەوە کابینەی 9ی هەرێمیان پێکهێناوە، بەڵام بەپێی لێدوان و ڕاگەیەندراوەکانیان یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات بۆ خراپیی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمەکەدا.
لە هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی بەغدا، پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنچینەی سازان و ڕێککەوتنی سیاسییە، هەرچەندە زۆر جار شیکەرەوە و چاودێر بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاگاهییان داوە کە ئەم جۆرە فەرمانڕەوایەتییەی لەسەر بنچینەی سازانە، زیانەکانی زیاترن وەک لە سودەکانی.

ئێستاش کێشەی سەرەکی بەردەم ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی هەرێم، شێوازی هەڵبژاردنەکەیە، ئایا هەڵبژاردنێکی یەک بازنەیی بێت، یان فرە بازنەیی، ئایا لە دەرەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دۆسێکانی تایبەت بە هەڵبژاردن یەکلا بکرێنەوە یان لەناو هۆڵی پەرلەمان؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە شەڕێکی تری میدیایی دروستکردووە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا و بەتایبەتیش پدک و ینک، کە لەگەڵ هەموو ناکۆکییە قوڵ و ئاڵۆزە لە مێژینەکانی نێوانیاندا، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت نەیانتوانیوە دەستبەرداری یەکتر بن.

لە نێوەندی ئەو شەڕە میدیاییەدا، پرسیارگەلێک هەن ئاوڕیان لێنادرێتەوە، وەکو، ئایا هەڵبژاردن چ گۆڕانکارییەک لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستاندا دێنێتە ئاراوە؟ ئایا هەڵبژاردن دەبێتە مایەی کردنەوەی ڕاستەقینەی گرێکوێرەکانی بنبەستە سیاسییەکان؟ ئایا هەڵبژاردن دەبێتە مایەی هەر هیچ نەبێت کەمکردنەوەی ڕێژەی گەندەڵییەکان؟ ئایا دەکرێت وەها سەیری هەڵبژاردن بکرێت کە دەروازەی دەرفەتەکان بۆ دانیشتوانی هەرێم دەکاتەوە؟ چەندان پرسی تریش، لە سەرو هەمووشیانەوە ئایا هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا دەکرێت؟!
لە ساڵی 1992ەوە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات بە فێڵ و تەڵەکە کردن لە هەڵبژاردنەکاندا و میدیاکان بەو جۆرە گوناهبارکردنانە دەتەندرێن، بەڵام لە کۆتاییشدا زۆربەی لایەنەکان بەرەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان مۆر دەکەن، وەک ئەوەی پێشتر هیچ گلەییەکیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن نەبووبێت.

XS
SM
MD
LG