Accessibility links

دۆخی چەقبەستووی عێراق و چەندین سیناریۆی جیاواز


ماوەی مانگێکە بێ دەنگی باڵی بەسەر دۆخی سیاسی عێراق دا کێشاوە، لە کاتێکدا هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نیە بۆ دەربازبوونی وڵات لەو قەیرانە سیاسیەی لەسەر پێکهێنانی حکومەت تێیکەوتووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای پشووی جەژن، کێشمەکێش و ململانێکان سەرهەڵبداتەوە.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر هێشتا پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بە بێ لایەنە شیعە ناڕازیەکان، لایەنە شیعەکانیش پەراوێزخستن و بەشداری پێ نەکردنیان لە حکومەت ڕەتدەکەنەوە، بۆیە هەموو لایەنەکان چاویان لەسەر گەڕانەوەی سەدر و جوڵە نوێیەکانیەتی.

ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان ڕەوتی سەدر، پارتی و عەرەبی سونە چی لە ناوخۆی عێراق و چی لە دەرەوەی عێراقیش نەیاری زۆرە، بۆیە هەوڵەکان بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نوێن، بەڵام هێشتا هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.

سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی ڕەوتی سەدر، بە دەنگی ئەمەریکای گوت" لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیش فشار لەسەر لایەنەکانی نێو ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە هەیە، بەڵام پەیوەندی نێوانمان بەهێزە."

کێشمەکێشی نێوان لایەنەکان و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، چاوەڕوانی چەندین سیناریۆی جیاوازیان لێدەکرێت، دیارترینیان درێژکردنەوەی وادەی حکومەتی ئێستای عێراق بۆ ماوەی دوو ساڵ و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنە.

هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوان ڕەوتی سەدر، پارتی و عەرەبی سونە و دروستبوونی هاوپەیمانێتی نوێ، لەگەڵ ڕۆیشتنی ڕەوتی سەدر بەرەو ئۆپۆزسیۆن بوون، یەکێکی ترە لە سیناریۆکان.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت" پەیوەندی نێوان ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە هێشتا بەهێزە، دوای جەژنی ڕەمەزان، جوڵە سیاسیەکان دەست پێدەکاتەوە."

گرفتی گەورەی هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە، شکستهێنانی هەوڵەکانیانە بۆ کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسای پەرلەمانتاران و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەمەش وایکرد موقتەدا سەدر 40 ڕۆژ وەکو دەرفەت بداتە هێزە شیعەکانی ڕکابەری، تا ئەوان حکومەت پێکبهێنن، بەڵام ئەوانیش تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

هەوڵی هێزە شیعە ناڕازیەکان بە پاڵپشتی ئێران بۆ پێکهێنانی حکومەتی تەوافقیە، بەڵام سەدر ئەمە ڕەتدەکاتەوە و پێداگیری لەسەر حکومەتی زۆرینە دەکات، بۆیە لە ئێستادا هەوڵی هێزە شیعە ناڕازیەکان بۆ درزخستنە نێو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەیە.

پەرتکردنی ڕیزەکانی عەرەبی سونە کە بۆ یەکەمجارە لە دوای ڕووخانی بەعسەوە بەمشێوەی ئێستا یەکگرتوون، لەلایەن ئێران و هێزە شیعەکانەوە بە چڕی کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەت دوای هێنانەوەی سەرکردە سیاسیە داواکراوەکانی یاسا بۆ نێو شانۆی سیاسی، تا لەو ڕێگەیەوە پێگەی حەلبوسی و خەنجەریان پێ لاواز بکرێت.

ئیسماعیل حەدیدی سەرکردەی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت" دوور نیە ناکۆکی دروست ببێت، چونکە ئەو سەرکردانەی عەرەب کە گەڕاونەتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، خاوەن پێگەی جەماوەرین."

هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەک گیرۆدەی دەست موقتەدا سەدرن، گەر بەشداریان لە حکومەت دا پێنەکات، پێگەیان لاواز دەبێت، گەر بێ سەدریش حکومەت پێکبهێنن، ڕەوتی سەدر لەنێو پەرلەمان و شەقامیش گرفتی گەورەیان بۆ دروست دەکات.

سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدر دەڵێت"گەر لایەنەکانی تر، بێ ئێمە حکومەت پێکبهێنن، دەبینە ئۆپۆزسیۆن و بەڕۆحی وەرزشیەوە وەریدەگرین."

کێشمەکێشە سیاسیەکانی عێراق هێندە چەقی بەستووە، جگە لە ململانێی نێوخۆیی، دەستوەردانی دەرەکیشی تێکەوتووە و ئەمەش گەیشتنە ڕێککەوتنی هێندەی تر زەحمەت کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:44 0:00

XS
SM
MD
LG