Accessibility links

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: ساردی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو فراکسیۆنیش هەبووە


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سارد و سڕی نێوان یەکێتی و پارتی، کاریگەری هەبووە لەسەر پەیوەندی نێوان فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە هۆکاری کێشە داراییەکان، نەناردنی پرۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، دەڵێت"حکومەت بێ کەم و کوڕی نەبووە بەرامبەر پێداویستیەکانی خەڵک، ئێمەش بێدەنگ نەبووین و قسە و بەدواداچوونمان کردووە، ڕاستە ئێمە بەشێکین لە حکومەت، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بێدەنگ بین بەرامبەر ئیش و کارەکانی حکومەت و کەم و کوڕیەکان."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان پێیوایە، هۆکاری گرفتەکانی هەرێم و بەدیاریکراوی پارێزگای سلێمانی، نەبوونی یاسای بودجەیە لەهەرێم، کە نۆ ساڵە پرۆژە یاسای بودجە نەنێردراوەتە پەرلەمان، وتی"یاسای بودجە خەرجی و داهات دیاریدەکات، نەبوونی یاسای بودجە هۆکاری گلەیی خەڵکە لە ناشەفافیەت، نەبوونی یاسای بودجە هۆکاری جیاوازیکردنە لەنێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر، بۆیە بەردەوام جەختمان لەسەر ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان کردووەتەوە، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ ناعەدالەتی و تاکڕەوی لە بڕیاردان."

دەربارەی وەڵامی حکومەت بۆ هۆکاری نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، زیاد جەبار وتی"لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا بودجە نەنێردراوەتە پەرلەمان و هەرێم یاسای بودجەی نیە، بیانووی حکومەت قەیرانی دارایی و بڕینی پشکی هەرێم و شەڕی داعش بووە، ئێمە لەساڵی 2020 ەوە چاوەڕێین پرۆژە یاسای بودجە بنێردرێتە پەرلەمان، تا ئێستا نەنێردراوە، ئەمە هەمیشە مایەی مشت و مڕبووە، گەر پرۆژەی بودجە بێتە پەرلەمان، ناعەدالەتی و ناشەفافیەت لەخەرجی و داهات کەمدەبێتەوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختیشیکردەوە"کە پرۆژە یاسای بودجە نایەتە پەرلەمان، واتە حکومەت ناشەفافە لەگەڵ هەموو لایەکدا بەپەرلەمانیشەوە."

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نەیشاردەوە سارد و سڕی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری هەبووە لەسەر پەیوەندی نێوان فراکسیۆنەکانیشیان، وتی"ئێمەش لەم پرۆسە سیاسیەی لەهەرێم هەیە بەدەر نین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:16 0:00

XS
SM
MD
LG