Accessibility links

لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ چین سەرکردەکانی جیهان پەیام لەسەر کوژرانی سەرۆک وەزیری پێشووی ژاپۆن بڵاودەکەنەوە


کوژرانی سەرۆک وەزیری پێشووی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ، لەلایەن تەقەکەرێکەوە ڕۆژی هەینی کاردانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا. لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ پڕ دانیشتوانترین وڵاتی جیهان، چین، لە کیشوەری ئەمەریکاوە و بۆ ئوسترالیا، سەرکردەکانی جیهان خەمباری خۆیان دەربڕی و باسی ئەو کاریگەرییە مێژوویانە دەکەن ئابێ لەسەر وڵاتەکەی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە هەیبوو.

هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیر مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر و بە زمانی ئینگلیزی، نوسیوویەتی " بە قووڵی دڵتەنگم بەو هەواڵەی ئەمڕۆ، مەرگی دڵتەزێنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ژاپۆن شینزۆ ئابێ. بیرم لای خێزانەکەی و گەلی ژاپۆنە لەم کاتە سەختەدا."

هیندستان

سەرۆک وەزیرانی هیندستان، نارێندرا مودی، لە پەیامەکەیدا جەختیکردە سەر دەوڵاتدارێتی ئابێ.
مودی گوتی "هێندە شۆک و دڵتەنگم بە وشە دەرنابڕدرێت" بۆ مەرگی ئابێ و سەرکردە ژاپۆنییەکەی یەکێک لە "ئازیزترین هاوڕێکانی"دانا.
مودی لە تویتەر نوسی،"ئەو دەوڵەتمەدارێکی جیهانی بەرز بوو، سەرکردەیەکی نایاب و بەڕێوبەرێکی کەم وێنە بوو. ئەو ژیانی خۆی بۆ باشترکردنی ژاپۆن و جیهان تەرخانکرد."

ژاپۆن و هیندستان بەشێکن لە گروپیێک بەناوۆ کواد Quad (یاخود چوار) کە ئەمەریکا و ئوسترالیاش لە خۆدەگرێت. ئابێ چەند جارێک وەک سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن سەردانی هیندستانی کرد و هەردوو سەرکردەکە دەستیان بە "هاوبەشییەکی ستراتیژی و جیهانی تایبەت" کرد کە لە بوارە جیاوازەکانی وەکو وزەی ئەتۆمی مەدەنی و ئاسایشی دەریایی هاوکاری یەکدیان دەکرد.

بەریتانیا

سەرۆک وەزیری دەست لەکارکێشاوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن کۆچی دوایی ئابی بە ڕووداوێکی"لە ڕادەبەدەر خەمناک" ناوبرد. لە تویتەر، جۆنسن نوسی "بیرم لای خێزان و هاوڕێکانی و گەلی ژاپۆنە... بەریتانیا لەم کاتە تاریک و خەمناکەدا لەگەڵتان وەستاوە."

چین

سەرۆک شی ژینگ پینگ هیچ لێدوانێکی نەداوە. ژاو لیجیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاسایی سەرەتای ڕۆژەکەدا گوتی چین تووشی شۆک بووە بەو هێرشە ئاماژەی بەوەشکرد نابێت تەقەکردنەکە بە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ژاپۆنەوە ببەسترێتەوە.

ئابێ پەیوەندی تۆکیۆی لەگەڵ چین جێگیرکرد لە کاتێکدا لە دەسەڵات بوو. سەردانە فەرمییەکانی گەڕاندەوە و دەرگای وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتیارانی چینیدا کردەوە. بەڵام بێ متمانەیی پەرەی سەند و سەردانی ئابێ بۆ مەزارگەیەکی مشتومڕهەڵگر بۆ ڕێزگرتن لە کوژراوانی جەنگی ژاپۆن، لەنێویاندا تاوانبارانی سزادراو، چەند ڕۆژێک دوای جێهێشتنی پۆستەکەی، پەکینی تووڕە کرد.

ئوسترالیا

سەرۆک وەزیری ئوسترالیا ئەنتۆنی ئەلبانیسی گوتی "خەمبار بووە" بە مردنی ئابێ و ئەو دەوڵەتمەدارە ژاپۆنییەی بە "یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی ئوسترالیا" ناوبرد.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئابێ سەرکردەیەک بوو لە هیندۆ-ئاسیایی، پاڵپشتی دیدگای ناوچەیەکی ئازاد و کراوەی دەکرد". “هەروەها بەڕێز ئابێ مەزنێک بوو لەسەر تەختی جیهان، پێشەنگێک بوو لە G7، G20 و نەتەوە یەکگرتووەکان. میراتی ئەو میراتێکی پڕ کاریگەری جیهانی بوو."

XS
SM
MD
LG