Accessibility links

دۆخی سیاسی عێراق دەکوڵێت


ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دۆخی سیاسی وڵاتەکەی تەواو ئاڵۆزکردووە، هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت چڕکردووەتەوە، ڕەوتی سەدریش سەنگەری شەقامی عێراقی لێیانگرتووە و بە بیانووە بۆ تێکدانی یارییەکە لە ڕکابەرەکانی.

بارودۆخی عێراق و ئاڵۆزی نێوان لایەنەکان گەیشتووەتە ئاستێک، سەرکردە سیاسییەکان لە پشت پەردەوە هۆشداری لە تێکچوونی دۆخەکە دەدەن، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، کە بە ڕوونی مەترسی لە خراپی دۆخەکە دەربڕیبوو، باسی لە دەست بردنیش بۆ بژاردەی چەکداری کردبوو لە دژی سەدری ڕکابەری.

دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد پێیوایە ڕێککنەکەوتنی لایەنە عێراقییەکان گرفتەکان قوڵتر دەکاتەوە، چونکە هەموو لایەنەکان خاوەن هێز و چەکدارن، گوتی"بۆیە گەر نەتوانن بە خێرایی حکومەت پێکبهێنن، ئەگەری ڕوودانی خراپتر هەیە."

تەنها لایەنە شیعەکان نین کە دژی یەکتری وەستاونەتەوە و ململانێیەکی قوڵ لەنێوانیان سەریهەڵداوە، بەڵکو پارتی و یەکێتییش کە سەرەکیترین هێزی کوردین، لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکن و تا ئێستا ڕێکنەکەوتوون، لە کاتێکدا ڕاسپاردنی کاندیدی شیعەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێویستی بە دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆمارە.

ڕۆژی دووشەمە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبووەوە بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام ڕێکنەکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی وایکرد، هیچ وادەیەک دیاری نەکرێ، بەم پێیەش دەرفەتی ڕێککەوتن بۆ پارتی و یەکێتی درێژکرایەوە، هەر ئەمڕۆش وەفدی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی پێکەوە کۆبوونەوە.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"کێشە سیاسییەکانی عێراق، پێکنەهێنانی حکومەت و دیارینەکردنی کاندیدی پۆستە باڵاکان کێشەی سیاسی قوڵن، کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک و ئەدای حکومەتیش دەبێت."

ڕەوتی سەدر پەرلەمانی عێراقی جێهێشتووە و ڕۆژی هەینی ڕابردوو، یەکەم نمایشی لەنێو شەقام ئەنجامدا، تێیدا پەیامێکی ئاڕاستەی هێزە شیعە ڕکابەرەکانی کرد، بەوەی دەبێت خواستەکانی لە پێکهێنانی حکومەت دا بەهەند وەربگرن، لەو ڕووەشەوە دە مەرجی ئاراستەکردن.

دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێت"سەدر زورترین کورسی هێنا، بەڵام ئێران و هێزە شیعەکان نەیانهێشت حکومەت پێکبهێنن، بۆیە ئێستا چووەتە دەرەوە و سەنگەری شەقامی لێگرتوون، ناهێڵێت حکومەت پێکبهێنن، مەگەر بەشێوەیەک ئەو پێی ڕازیبێت."

زۆربەی سیاسییە عێراقییەکان پێشبینی پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە دەکەن، بەڵام پێیانوایە دوای پێکهێنانی حکومەت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، گەر حکومەت لە ئاست خواست و داواکارییەکانی خەڵکی عێراق دا نەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:45 0:00
XS
SM
MD
LG