Accessibility links

کاکەییەکان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کێشەی تاشینی سەروسمێڵی پێشمەرگە کاکەییەکە چارەسەر دەکەن


کێشەی تاشینی بەشێک لە سەر و سمێڵی پێشمەرگەیەکی کاکەیی لەلایەن چەند کەسێکی تورکمانی شیعەوە، کە نیگەرانی و ناڕەزایەتی کاکەییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لە سەرەکانی لێکەوتەوە، لە کێشەی نێوان کورد و حەشدەوە بۆ کێشەی نێوان عەشیرەتی کاکەیی و عەشیرەتی بەیاتی تورکمانی بچوککرایەوە و بڕیارە ڕۆژی هەینی، کێشەکە بە عەشایەری چارەسەر بکرێت.

هەفتەی ڕابردوو، دوای دروستبوونی کێشە لەنێوان پێشمەرگەیەکی کاکەیی و هاوڵاتییەکی تورکمانی شیعە، بەشێک لە سەر و سمێڵی پێشمەرگە کاکەییەکە لەلایەن چەند کەسێکی تورکمانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە تاشرا، ئەمەش توڕەیی کاکەییەکانی لێکەوتەوە و وا لێکدرایەوە دەستبردن بۆ "سمێڵ" هێڵی سورە و دەستبردنە بۆ پیرۆزییەکانیان.

ڕۆژی هەینی، بە ئامادەبوونی 50 عەشیرەتی کورد و عەرەب و تورکمان، کێشەی نێوان کاکەیی و عەشیرەتی بەیات چارەسەر دەکرێت، لەلایەن عەشیرەتی بەیاتەوە دوو تۆمەتبار ڕادەستی کاکەییەکان دەکرێت، دواتر "حاکمی عەشایەری" بڕیار لەسەر دوو کەسەکە دەدات.

نازم کاکەیی کەسایەتی دیاری کاکەییەکانی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"دوو ڕۆژ لەمەوبەر وەفدێکی عەشیرەتی بەیات هاتوونەتە لامان، پشنیاریان کرد کێشەکە یان بە عەشایەری یان یاسایی چارەسەر بکەین، زۆربەی ئەندامانی عەشیرەتی کاکەیی لەگەڵ چارەسەر کردنی کێشەکەدا بوون لە ڕێگەی عەشایەرییەوە."

ئەو دوو تۆمەتبارەی ڕادەستی کاکەییەکان دەکرێن لەسەر تاشینی بەشێک لەسەر و سمێڵی (ئەیمەن کاکەیی)، یەکێکیان تۆمەتبارە بە تاشینی سەر و سمێڵی و ئەویتریان تۆمەتبارە بە تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی گەنجەکە کاکەییەکە.

زیاد کاکەیی گوتی"دوو تاوانبارەکە ڕادەستی دادگای عەشایەری دەکرێن، حاکمی عەشایەری بڕیاریان لەسەر دەدات، دواتر مەسەلەکە لەنێو کاکەیی دا دەخرێتە دەنگدانەوە و هەر بڕیارێک بدرێت، ئەوە جێبەجێ دەکرێت."

سەرەتا کاکەییەکان پەنجەی تۆمەتیان بۆ هێزێکی حەشدی شەعبی درێژکرد، دواتر (ئاغای ئیقبالی پور) کە فەرماندەیەکی ئێرانییە دەستوەردانی لەمەسەلەکەدا کرد و لەگەڵ هەردوولایەنی کێشەکە دانیشت، بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکاش، پێشنیاری چارەسەرکردنی کێشەکەی بەڕێگەی عەشایەری کردووە.

زیاد کاکەیی ئاشکرایکرد، دووجار لەگەڵ فەرماندە ئێرانییەکە دانیشتوون، گوتی"ئیقبالی پور پێیوتین، چیتان دەوێت، ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تا ئاگرەکە تەشەنە نەکات."

هۆکاری ڕازیبوونی کاکەییەکان بە چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕێگەی پێکهاتنی عەشایەریەوە بۆ ئەوە دەگێردرێتەوە، گەر کێشەکە ببرایەتە دادگا، هەردوو لایەنی ڕووداوەکە توشی گرفتی یاسایی دەبوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:56 0:00

XS
SM
MD
LG