هاوشێوەی بەغداد داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت، ماوەی چەند ڕۆژێکە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕێگەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکات بڕژێنە سەر شەقامەکان بە مەبەستی خۆپیشاندانی سەرتاسەری.
ئەم هەڵوێستە کاردانەوەی جیاوازی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، بەشێک پێیان وایە، بانگەشەکەی نەوەی نوێ لاساییکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی بەغدادە و لە کاردانەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانیش وا دەرکەوت بە دیاریکراوی شاسوار عەبدولواحید دەیەوێت تەقلیدی موقتەدا سەدر بکات، لە بەرامبەریشدا ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە ئەوە تەنیا موزایەدەیەکی پۆپۆلیستیە.
ئاری مەحەمەد هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە لە ئێستادا شتێکی وا لە ئارادا نیە کە شایەنی خۆپیشاندان بێت لە هەرێمی کورستاندا، ئەوەی دەوترێت تەنیا لاساییکردنەوەی بەغدادە.
" ئێمە وەک پارتی پێمان وانیە هەرێمی کوردستان نە بەهەشتە، نە شامی شەریفە ئێمە کەموکوڕی زۆر لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە، لە سیستەمی حوکمڕانی هەیە ئێمە خۆمان ئەو شتانە هەمووی دەزانین، بەڵام گۆڕانکاری و چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانی بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ناکرێت، بە بەرنامە دەکرێت لە پڕۆسێسێکدا، بەڵام لە ئێستادا هیچ شتێکی لە ناکاو ڕووی نەداوە، کە پێویست بکات خەڵک بۆی بچێتە سەرجادە، ئەمە کۆپی کردن و لاسایی کردنەوەی بەغدادە، بە مەبەستی بازاڕ گەرمی بۆ خۆیان، نە لە پێناو میلەتە و نە لە پێناو چاکسازیدایە و نە هیچ شتێک."
لە بەرامبەردا هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت خۆپیشاندانی ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندایە و ئیتر ناتوانن لەوە زیاتر دان بە خۆیاندابگرن.
" میللەتی کورد سی ساڵە دان بەخۆیدا دەگرێت، کارەسات ئەوەیە، هیچ شەریحەیەک نیە لە هەرێمی کوردستان بەدەست ئەم دەسەڵاتەوە نەناڵێنێت، باشە خەڵک خۆ پیشاندان نەکات ئەی چی بکات، بەڕاستی پێمان سەیرە و چەند جارێکە ئەم لێدوانانە دەبیستین، بەرپرسەکانی دەسەڵات دەڵێن نازانین خەڵك بۆ خۆپیشاندان دەکات، بە ڕاستی وایە ئەوان نازانن چونکە خۆیان لە بورجی عاجدان و ئاگاداری ژیانی خەڵک نین، لە ژیانی ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانیدان، بۆیە ئەو پرسیارە جێگەی سەرسوڕمان نیە دەکرێت و لێرەو لەوێ دەیبیستین، کە ئەوان نازانن خەڵک بۆ خۆپیشاندان دەکات، وە هەر کەسێک لە دەرەوەی بیرکردنەوەی ئەوان بێت تەخوینی دەکەن."
سەبارەت بەوەی پێتان وایە تا چەند ڕێگە دەدرێت خۆپیشاندان لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت، ئاری هەرسین دەڵێت هەر کەسێک مەبەستی تێکدانی ئارامی و چەواشەکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، دەبێت حکومەت ڕێگەی لێبگرێت.
" هەرکەسێک بیەوێ بە مەبەستی پۆپۆلیستی بە خۆڵکردنە ناوچاوی خەڵک، بە تێکدانی ئارامی کوردستان و چەواشەکردنی خەڵک بیەوێ بازاڕ گەرمی بۆ خۆی بکات، ئەگەر من لەو پۆستانە بم لە حکومەت ڕێگەی پێنادەم خۆپیشاندان بکات، بە تایبەتی هەرکەسێک تۆزێ لە ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت، باش دەزانێت ئیستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆن دەکوڵێت، وەزعی ئێمە زۆر ناسکترە چونکە دەوڵەت نین، بۆیە دەبێ بزانێت کاتی خۆپیشاندان نیە، بەڵام ئەگەر هەرکەسێک نیازی خۆپیشاندانیشی هەبێت دەبێت هەست بە ناسکی دۆخەکە بکات لە ڕووی سیاسی، ئەمنی و ئابوری ناوچەکە بکات کە ئێمە بەشێکین لەوە."
هیمداد شاهین پێی وایە خەڵک لە هەرێمی کوردستان زیاتر ناڕازیە تا بەغداد، خەڵک مافێکی یاسایی خۆیەتی خۆپیشاندان بکات، پێشیان وایە خۆپیشاندان تاکە ڕێگەیە لەدەست خەڵكی هەرێمی کوردستان بۆ داوا کردنی مافەکانیان.
" ئەم خۆپیشاندانە خۆپیشاندانی خەڵکە، چەندین ساڵە خەڵکی هەرێم دەناڵێنن بەدەست ستەمکاری یەکێتی و پارتیەوە، لەبەر ئەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان تەنیا ئامڕاز و میکانیزم کە بەدەستیانەوە بێت پەنای بۆ بەرن ئەوەیە کە خۆپیشاندان بکەن، وە مافێکی سەرەتایی و مەدەنی خۆشیانە ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیان دەبین، سی ساڵە هەرچی بێ ڕێزە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم دەسەڵاتە کردوویەتی ڕؤژێک لە ڕۆژان مۆڵەتیان لەکەس وەرگرتووە، سی ساڵە خەڵک بێ ئاو و بێ کارەبا و بێ موچەیە، بێ ژیانە بێ نانە، بێ مەعیشەتە مۆڵەتیان لەکەس وەرگرتووە کە ئەمانە بەرامبەر بە خەڵک دەکەن."
لە وەڵامی قسەکانی هەفتەی ڕابردووی سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کە داوای لە خەڵک کرد ئەزموونی خۆپیشاندانەکانی بەغداد بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە دیاری کراویش ناو هۆڵی پەرلەمان، ئاری هەرسیین دەڵێت ئەگەر پەرلەمانیان بە دڵ نیە چ پێویستە دەکات بچنە پەرلەمان دەبوو بەشداری هەڵبژاردن نەکەن.
" هەر کەسێک ئەم قسانە دەکات جگە لە بازاڕ گەرمی بۆخۆی شتێکی تر نیە، ئەمە ئەسالبی پۆپۆلیستین ئەوە سیاسەت کردن نیە، دووەم، میللەتێک پەرلەمانێکی هەڵبژاردووە، نوێنەرایەتی دەکا بە فراکسیۆن و حزبی جیاواز ئیتر چی پێویستە دەکا خۆی بچێتە پەرلەمان و قسە بکا ئەی کەواتە بۆ بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، بۆ خەڵکی هەڵبژاردووە، ئەمە دەبێت بە کۆمیدیەیەکی ناشرین، ئەگەر ئەوانەی ناو پەرلەمان کەفائەتیان نیە بۆ کاندید کراون، ئەگەر کەفائەتیان هەیە لێیان گەڕێن با ئەوان ئەو داکۆکی و چاودێریەی پێویستە لە خەڵکی کوردستان بکرێت، ئیشی پەرلەمانە ئیشی ئەوە نیە هەموو ڕۆژێک جەیشێک بنێریتە سەر پەرلەمان و هیچ هەیبەتێکی بۆ نەهێڵیتەوە هەرچەندە بە بڕوای من پەرلەمانی کوردستان زۆر لاوازە، بەڵام هاندانی خەڵک بۆسەر پەرلەمان قسەیەکی بێمانایە."
هاوکات لەگەڵ زیاتر ئاڵۆز بوونی دۆخی عێراق و هەڵکشانی ناڕەزایەتیەکان، لە هەرێمی کوردستانیش بانگەشەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکرێت، هەرچەندە خەڵکی بەشێوەیەکی بەرچاو لە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ناڕازین و لە دۆخێکی خراپدان، بەڵام لەلایەکی ترەوە پێشبینی دەکرێت داواکەی نەوەی نوێ نەتوانێت ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان هاوشێوەی بەغداد بهێنێتە سەرشەقام، ئەوەش بە دەلیلی تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونە لە ڕابردوودا.