Accessibility links

دۆخی سیاسی عێراق و پێشهاتی نوێ


لە دوای ململانێیەکی سەختی چەندین مانگەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق، هەموان لە چاوەڕوانیەکی هیوا بەخشی هێوربوونەوەی دۆخەکەدا بوون، بەو پێیەی جۆرێک لە نزیکی و لێکتێگەشتنی هەمەلایەنەی نێوان لایەنەکان بەدی دەکرا، بەڵام زۆری نەبرد جارێکی تر خۆری عێراقیەکان بە دیار هیواکانیانەوە ڕووی لە ئاوابوون کرد، دۆخەکە لە پڕێکدا بە جۆرێک گۆڕا، بەشێکی زۆری سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتە جیاوازەکانی عێراقی هێنایە قسە و هەڵوێستی جدیان پیشاندا.

لە ماوەیەکی کورتدا یەکێک لە گرنگترین دەسەڵاتەکان کە دەسەڵاتی دادوەریە، دوو بڕیاری دژ بەیەکی دەرکرد، لە دوای هەڵکوتانە سەر دامەزراوەکەیان لەلایەن سەدریەکانەوە، دادگای فیدڕاڵی سەرجەم کارەکانی ڕاگرت و دوای کشانەوەی هێزە خۆپیشاندەرەکان بە ماوەیەکی کەم بڕیاری دەست بەکاربونیان دەرکردەوە، ئەم بڕیار و گۆڕانکاریە لە ناکاوانە عێراقیەکانی خستە دۆخێکی ناجێگیر و بەشێک لە چاودێران مەترسیەکە گەورە دەبینن و پێیان وایە هەرسێ دەسەڵاتە گرنگەکەی عێراق کە دەسەڵاتی دادوەری و دەستوری و تەنفیزیە بەرەو هەڵپەساردن دەچن و وا بڕوات بۆشایی گەورەی ئەمنی، سیاسی و دەستوری و یاسایی لە عێراقدا دروست دەبێت، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە لە ڕوانگەی هەست کردن بە پەراوێزخستنی لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت و دەکردنی بەشێک لە بڕیارەکان لەدەرەوەی بەرژەوەندیاکانی سەدر پەنای بردۆتە بەر هەڵکوتانەسەر مەحکەمەی ئیتیحادی.

یاسین تەها
یاسین تەها

یاسین تەها، مامۆستای زانکۆ و شارەزای کاروباری عێراق پێی وایە پەیامەکانی سەدر ڕونە کە پەراوێزخستنی سەدر لە پرۆسەی سیاسی مەحاڵە و قبوڵی ئەو پەراوێز خستنە ناکەن.

" لە ئێستادا ناڕەزایەکی تری بەسەردا هاتووە، کەسەدر کشاوەتەوە لە پڕۆسەکە هیچ بژاردەی تری لەبەردەمدا نەماوە، بێجگە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبێت چونکە ئەگەر پەرلەمان و حکومەت بەبێ سەدر بچێت بەڕێوە ئەوە مەترسی پەراوێزخستنی لەسەرە وە ناچارە گوشار بکات کە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، وە پەرلەمان دوو ڕێگەی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یان ئەوەی کە لە مادەی 64 عێراقدا دیاریکراوە، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران داوایەک بکەن، یان یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوا بکەن هەڵبوەشێتەوە بە زۆرینەی دەنگی خۆیان واتە پەرلەمان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش لە ئێستادا قورسە، لەبەر ئەوەی ئامادەنین وە لەبەر خاتری خواستێکی سەدر ئەوە بکەن لە کاتێکدا بەشێکیشیان ڕکابەری سەدرن بۆیە تەنیا ڕێگە لەبەردەم سەدر کە مابێت ئەوەیە دادگا پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە."

لە پرسیاری ئەگەری دروستبونی شەڕی ناوخۆ لە عیراقدا ئەوچاودێرە دەڵێت: لاوازی دەسەڵاتی سیاسی و هەبوونی هێزی چەکدار لە عێراقدا ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

" ئەگەری شەڕی ناوخۆ دەمێکە هەیە و بۆ هەموو کاتێکیش مەترسیەکە ئامادەیە، لەبەر زۆر هۆکار یەکێک لەوانە چەکی زۆر و گروپی چەکداری زۆر، یەکێکی تر حکومەتێکی ناوەندی بەهێز نیە، حکومەتێک هەیە لە کۆمەڵێک هێزی چەکداری زۆر پێکدێت، کە لە دوای شەڕی داعش چەکێکی زۆر بەجێماوە کە ئەم گروپە چەکدارانە خۆیان ڕێكخستوە و کاتی خۆی شەرعیەتیان وەرگرتوە، بودجە و موچەیان وەرگرتوە.

خاڵێکی تریش هەیە ئەوەیە کە لەلایەکی تریشەوە ڕێگریش هەیە لەم شەڕە، ئەوە چەند جارێکە دەبینین کە هێزەکان تەماس دەگرن لەگەڵ یەکدا بۆ ئەوەی شەڕ بکەن بەڵام ڕوونادات، چونکە هەموویان بەرژەوەندیان هەیە لەوەی عێراق بە لاوازی بمێنێتەوە، ئێستا عێراق ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت کە نرخی بەرمیلێک سەد دۆلارە، بودجە و داهاتێکی زۆر دێت وە ئەم بودجە و داهاتە لە نێوان هەموو ئەو هێز و لایەنانە بەشدەکرێت، لەلایەکی ترەوە ئێران دراوسێی عێراقە وە دەمڕاست و براگەورەی شیعەکانە وە ڕوودانی شەڕ بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی ئێران نیە و زەرەریشیەتی هەتا پێی بکرێت ناهێڵێت شەڕ لە عێراق دروست ببێت."

لە ئەگەری کاردانەوەی زیاتری لایەنەکان لەبەرامبەر سەدر و پێکهێنانی حکومەت بەبێ سەدر یاسین تەها ڕای وایە، لایەنەکان هەڵە لە پەیامی کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان تێگەشتن پێگەی سەدر ئەوەی پشانداین کە بەبێ سەدر هەنگاوی کردەیی ناتوانرێت بنرێت لە عێراقدا.

" سەدر کە چووە دەرەوە ئەوان خراپ پەیامەکەیان خوێندەوە وایانزانی کە چووە دەرەوە واز دەهێنێت و کەنار دەبێت، ئەوان مەحەمەد شیاع سودانی دابنێین و کۆ دەبنەوە و حکومەتێکی تەوافوق لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن، بەڵام دەبینیت لەبەر ئەوەی ڕەوتی سەدر لە هەموو جومگەکان و لە هەموو وێزتگەکان هێزێکی قائیدی هەرێمی گوێڕایەڵی هەیە بە تویتێک هەمووی کۆ دەبێتەوە و بە تویتێک هەمووی بڵاوە دەکات، ئەمە تایبەتمەندیەکە لە سەدردا هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هاوسۆزیەکی هەیە لە ناو خەڵكی خوارەوەی شیعە وە خەڵك بێزار بوون لە سەرکردە سیاسیەکان تۆزێک متمانەیان بە سەدر هەیە کە پیاوێکی ئاینیە و زۆر نەهاتۆتە ناو حکومڕانیەوە، ئەمە وا دەکات هۆکارێک هەبێت کە لایەنەکانی تر نەتوانن هەیان بێت ئەوە سەلمێنراوە بە کردەیی کە چەنێکە سەدر کشاوەتەوە نەیانتوانیووە یەک هەنگاوی کردەیی بنێن."

واقعی 10 مانگی ڕابردوو ئەوەی پیشانی عێراقیەکان و لایەنە سیاسیەکاندا کە بەبێ بوونی سەدر هەر هەنگاوێک نزیکمان دەکاتەوە لە مەترسی گەورەتر، بۆیە بەشداری و پێک هێنانی حکومەتی هاوبەش و بەشداری سەرجەم لایەنەکان دەکرێت هەنگاوی چارەسەری بۆ عێراق پێ بێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:48 0:00

XS
SM
MD
LG