ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پاکستان کە بەهۆی لافاوەوە وێران بووە، ڕۆژی هەینی داوای پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی "بەرفراوان"ی کرد، لە کاتێکدا ئیسلام ئاباد تێچووی زیانەکانی پەیوەست بە لافاوەکەی بە 30 ملیار دۆلار دیاریکردووە.
بارانبارینی پێوانەیی لە وەرزی گەرما و توانەوەی سەهۆڵبەندان لە شاخەکانی باکووردا بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو کە خانوو، ڕێگاوبان، هێڵی شەمەندەفەر، پرد و ئاژەڵ و بەروبوومی گرتووەتەوە و نزیکەی هەزار و 400 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
ناوچە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتە ژێرئاو کەوتوون و سەدان هەزار کەسیش بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە. حكومهت ڕایگهیاند ژیانی نزیكهی 33 ملیۆن كهس تێكچووه. هەروەها حکومەت و گۆتێرێس لافاوەکەیان بە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا زانی.
گۆتێرێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە ئیسلام ئابادی پایتەخت ڕایگەیاند، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە پاکستان پێویستی بە پشتیوانی دارایی بەرفراوان هەیە، چونکە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیانەکانی نزیکەی 30 ملیار دۆلارە" دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران شێهباز شەریف لە سەردانە دوو ڕۆژیەکەیدا.
شەریف گوتی "پاکستان پێویستی بە بڕێکی زۆری بودجە هەیە" بۆ هەوڵەکانی فریاگوزاری، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکە "تا ئەو کاتەی هاوکاری نێودەوڵەتی پێویست وەردەگرێت، لە کێشەدا دەمێنێتەوە."
سەرچاوە: ڕۆیتەرز