ڕاپۆرتێکی نهێنی دەزگای چاودێری ناوکی،کە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بینراوە، دەڵێت ئێران بە خێرایی تواناکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە سەنتەرفیۆجە پێشکەوتووەکان و لە کارگەی ژێرزەوی ناتانز فراوانتر دەکات و ئێستاش بە نیازە زیاتر لەوەی پێشتر پلانی بۆ دانابو بڕوات.
عەبدوڵا حیجاب شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت " مەبەستی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە چالاککردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو سەنتەرفیوجانەی کە لە ژێرزەمینەکاندان تەنها ئەوەیە کە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا بڵێت ئەو گەیشتووەتە قۆناغێک کە هەرکات بیەوێت دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات." بەڕێز حیجاب دەشڵێت ئێران بەرنامەی نهێنیشی هەیە کە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئاژانسی ئەتۆمی وزەی ناوکی ئاشکرا نەبووە "ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە".
بەڕێز حیجاب پێی وایە ئێران هەوڵ دەدات بە هێزێکی ئەتۆمییەوە گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزانی جیهانی بکات بۆ ئەوەی بەهێزتربێت لە داوکانی خۆی.
لە کاتێکدا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 (بەرجام) چەقیبەستووە، تاران ژمارەیەکی زیاتر لە سەنتەرفۆجی پێشکەوتووی هێناوە کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەکارهێنانی قەدەغەکراوە بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
ئەم ئامێرانە زۆر کارامەترن لە نەوەی یەکەمی IR-1، کە تاکە سەنتەرفۆجە گرێبەستەکە ڕێگە بە ئێران دەدات بەکاریبهێنێت بۆ گەشەپێدانی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی.
هەرچەندە بەرێوەبەرایەتی بایدن هێشتا لەو بڕوایەدایە هەوڵی دیپلۆماسی باشترینە بۆ ڕێگەگرتن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرنەوە بەڵام بەڕێز حیجاب پێی وا نییە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێگە لە ئێران بگرێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی " تەنها کارێک کە ئەم ڕێککەوتنە بتوانێت بیکات ئەوەیە کە ڕێگە خۆش بکات چاودێرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەردانی بنکەکان بکەن و بە شێوەیەک ئێران ناچار بکەن پابەندبێت بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ وڵاتاندا هەیەتی." لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێز حیجاب گوتیشی " بەهۆی ئەوەی ئێران ڕژێمێکی جێگای متمانە نییە و بە کردەوەش نیشانی داوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی هەموو کارێک دەکات تەنانەت پێچەوانەی نەریتە نێونەتەوەییەکان مافەکانی مرۆڤیش بێت بۆیە لەو بڕوایەدا نیم ڕێککەوتنی ناوکی بتواێت ڕێگە لە هەوڵەکانی ئەو ڕژێمە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بگرێت. ئەگەر خودی بۆمبەکەش دروست نەکات تەنکەلۆژیەکە دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی هەر وەختێک پێی خۆشبێت بەکاریبهێنێت و دروستیبکات."
ئێران بەم دواییە سێ سەنتەرفیوجی پێشکەوتووی IR-6 ی لە دەزگای یۆرانیۆمی ژێرزەمینی ناتانز دامەزراندووە. دیپلۆماتان دەڵێن IR-6 پێشکەوتووترین سەنتەرفیوجی ئێرانە. ڕاپۆرتی پشکێنەرانی کە شەشی مانگی 9 پشتڕاستی کردووەتەوە کە سێهەم سەنتەرفیوجی IR-6 دەستی بە پیتاندن کردووە.
هەفتەی ڕابردوو لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن جۆن کیربی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە ئێستادا بەبەراورد لەگەل مانگی ڕابردوو زۆر دوورترکەوتوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا و گوتیشی لەو بڕوایەدا نییە لە ماوەیەکی نزیکدا هیچ سزایەک لەسەر ئێران کەم بکرێتەوە.
عەبدوڵا حیجاب بە پێچەوانەوە بیر دەکاتەوە پێی وایە لە هەموو شتێک گرنگتر بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران ئەوەیە دەرگاکانی دیپلۆماسی بە ڕوویدا دابخرێت " کاریگەرترین چەک ئەوەیە کە دەرگاکانی دیپلۆماسی بەسەر ئێراندا دابخەن و دەرگای دیپلۆماسی لە ئۆپزسیۆن بکەنەوە. ئەمە کاریگەرترین چەکە کە دەتوانێت ئێران کۆنترۆڵ بکات."
هەرچەندە بەڕێز حیجاب باس لەوەش دەکات کاتێک ئێران فشار دەبات بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم وڵاتانی ڕۆژئاواش شتی زۆریان بەدەستەوەیە بیکەن بەفشار بۆ سەر ئێران بۆ نمونە دەڵێت " بە هەزاران کەس لە کاربەدەستانی پلە بەرزی ئێران خاوەنی سەرمایەن لە دەرەوەی وڵات، منداڵەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن، بنەمالەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن، لە تەکەنەلۆژی ڕۆژئاوا کەڵک وەردەگرن لە تواناکانی ڕۆژئاوا کەڵک وەردەگرن، لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی تاکەکەس لە ئەوروپا کەڵک وەردەگرن. من پێم وایە سزادانی ئەوانە دەکرێت یارمەتیدەربێت. لە هەمووی گرنگتر بەرنامەکانی مووشەکی ئێران وەکو بەرنامەی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەکی زەوی بۆ زەوی دەکرێت ڕۆژئاوا ئەمانە هەمووی کۆنترۆڵ بکات. "
لە ئیستادا ئاستی ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ئەمەش پاش مەرگی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردە تەمەن 22 ساڵانەی لە دەمێکدا لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو گیانی لەدەستدا. ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی توند دەستیکردووە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە جگەلە لەوەی وەک ڕێکخراوەکان دەڵێن هەزاران کەسیش دەستگیرکراون. دەنگی خەڵکی ناو ئێران زۆر بە زەحمەت دەگاتە جیهانی دەرەوە بەهۆی ئەوەی ئەنتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا زۆر سنووردار کراوە. لەم بارەیەوە عەبدوڵا حیجاب دەڵێت پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بکەن " پێویستە هەوڵ بدەن لە ڕەوشێکی وەهادا دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیانی ئێرانی بە سیستمی ئەنتەرنێت و پەیوەندی کردن ئاسانتر بکەن. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ سنووردارکردنی ئێران و شکستپێهێانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی."
پاش ئەوەی لە ساڵی 2015 و سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکی ئێران لە بەرامبەر لابردنی سزا ئابورییەکانی سەری. لە ساڵی 2018 سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئەمەریکای لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و جارێکی تر ئەو سزایانەی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە هەڵگیرابوون. ئێرانیش بە پێشلکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە وەڵامی دایەوە.
بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.