Accessibility links

ڕێبەری باڵای ئێران جارێکی تر دەڵێت " دوژمنانی ئێران" دەستیان هەیە لە خۆپیشاندانەکاندا


ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی بە پیلانی دوژمن ناودێردەکات و دەڵێت ڕەفتارەکانی هێزە ئاسایشەکان دژ بە خۆپیشاندەران ڕەوان.
ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیمی نیمچە فەرمی دەڵێت ڕێبەری باڵای ئێرانەوە ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی خولی نوێی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم (مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام ) باسی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناو ئێران ئێران کرد و گوتی "ئاژاوە پەرشو بڵاوەکان، پلانی دوژمنە بەرامبەر بە پیشکەوتن و داهێنانەکانی ئێران."

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داکۆکی لە ڕەفتارەکانی هێزە ئەمنییەکان کرد بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان و گوتی "هەندێک کەس دەڵێن نابێت دۆخەکە بکرێت بە دۆخێکی سەربازی، ئێمەش هاوڕاین و تا دەکرێ دۆخەکە بەرەو دۆخێکی سەربازی نابەین، بەڵام کاری کلتووری جێگەی خۆی هەیە و کارەکانی دادوەری و ئاسایشیش شوێنی خۆیان هەیە."

خامنەئی جارێکی دیکە ئەو بانگەشانەی دووبارە کردەوە کە هەندێک لە خۆپیشاندەران "یان بەکرێگیراوی دوژمنن، یان ئەگەر بەکرێگیراو نەبن، ئەوا لەگەڵ دوژمندا هاوڕان" و داواشی لە کاربەدەستانی دادوەری و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی کرد سەبارەت بە خۆپیشاندەران "ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن".

بە گوتەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەشێکی دیکەی خۆپیشاندەران "کەسانی وروژاو"ن کە دەبێت لە ڕێگەی "کاری کلتورییەوە چارەسەرییان بۆ بکرێت."
خامنەئی بەشێکی دیکەی خۆپیشاندەرانی وەک ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، جودا خوازان، لایەنگرانی حکومەتی پەهلەوی و هەروەها بنەماڵەکانی ساواک ناودێرکرد و داوای لە دەزگای دادوەری کرد ڕووبەڕووی سزایان بکاتەوە.
ڕێبەری باڵای ئێران لە وتارەکەی پێشوویدا سەبارەت بە خوپیشاندانە سەرتاسەرییەکان ڕایگەیاندبوو کە "ڕووداوەکان لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیل و شوێنکەوتووانیان ئاراستە دەکرێن."


لێدوانەکەی رێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندانەکان تا ئیستا بەردەوامن و هێزەکانی حکومەتیش بە شێوەیەکی توند خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن.
شارە کوردنشینەکان و بە تایبەت شاری سنە لە ژێر سەرکوتکردنی زۆری سەربازیدان و ژمارەیکە لە دانیشتوانی سنە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیوکانەوە ئەو فیشەکانەیان پیشانداوە کە لەلایەن هێزەکانی ئاسیشەوە لە ماڵەکانیان دراوە.

شارە کوردنشینەکان بە تایبەت کرماشان و سنە لەسەر بانگەوازی ناوندی حزبە سیاسییەکانی کوردەکانی ئێران دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد و دوکان و بازاڕەکانیان وەک دەڕبڕینی ناڕەزایەتی بۆ جارێکیتر داخستەوە.


سه‌رچاوه‌ خۆجێهییەکان ڕاگه‌یاندووه‌ هێزە سەرکوتکارەکان لە سنە بریتین لە هێزەکانی یەکەی تایبەتی دژە شوڕش، بەسیج، سوپای پاسداران و ئەو هێزانەی جلوبەرگی مەدەنیانەن لەبەرە کە بە 'لباس شەخسی' بەناوبانگن.
هێزەکان بە تەقەی راستەوخۆ و گازی فرمێسکڕژین هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی شاری سنە.


لە شاری بانەش خۆپیشاندان و سەرکوتکردنەکان بەردەوامە. خۆپیشاندەرانی شاری بانە بەمەبەستی سنووردارکردنی جموجۆڵی هێزە سەرکوتکرەکان لە شەقامەکاندا ئاگریان کردووەتەوە و هێزەکانیش لە ڕێگەی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕژێن و تەقەی ڕاستەوخۆوە هەوڵیانداوە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکان بکەن و سەرکوتیان بکەن. هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن چالاکوانانەوە لە تویتەر بڵاو کراوەتەوە گوایە شاری بانەیە و دووکان و بازاڕەکان هەموو داخراون بە مەبەستی مانگرتنی گشتی.


شاری سەقزیش کە شوێنی سەرهەڵدانی یەکەم ناڕەزایەتییەکان بوو، ماوەی دوو شەوە لە بارێکی ناهەمواری سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندایە لەلایەن هێزە ئاسایشیەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خۆپیشاندەران شەقامیان بەجێنەهێشتوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سەقز بە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" گردبوونەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ شاری سنە کە لە ژێر سەرکوتی توندی هێزەکاندایە، دەربڕی.


خامنەئی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا داوای له‌ به‌رپرسانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ كرد كه‌ نەکەونە‌ ژێر كاریگه‌ری ناڕه‌زایەتییەکان و هۆشداری بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دا کە بە ناڕەزایەتییەکانەوە سەرقاڵ نەبن و ئەرکە سەرەکی و جەوهەریەکانیان ڕانەگرن.
دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزەکان کە لە ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردبوو، لە چەند مانگی ڕابردوودا دوای دوا وەڵامی ئێران ڕاگیراوە، بەڵام هێشتا کۆتایی دانوستانانەکان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.

هەفتەی ڕابردوو لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن جۆن کیربی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە ئێستادا بەبەراورد لەگەل مانگی ڕابردوو زۆر دوورترکەوتوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا و گوتیشی لەو بڕوایەدا نییە لە ماوەیەکی نزیکدا هیچ سزایەک لەسەر ئێران کەم بکرێتەوە.


یەکێتی ئەوروپا کە تاکو ئێستا بەرپرسی هەماهەنگی دانوستانەکانەکان بووە، بڕیارە بە هۆی سەرکوتکردن و پێشێلکارییە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێکی نهێنی دەزگای چاودێری ناوکی لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو ئێران بە خێرایی تواناکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە سەنتەرفیۆجە پێشکەوتووەکان و لە کارگەی ژێرزەوی ناتانز فراوانتر دەکات و ئێستاش بە نیازە زیاتر لەوەی پێشتر پلانی بۆ دانابو بڕوات.

عه‌بدوڵا حیجاب
عه‌بدوڵا حیجاب

لەم باریەوە عەبدوڵا حیجاب شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " مەبەستی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە چالاککردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو سەنتەرفیوجانەی کە لە ژێرزەمینەکاندان تەنها ئەوەیە کە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا بڵێت ئەو گەیشتووەتە قۆناغێک کە هەرکات بیەوێت دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات." بەڕێز حیجاب دەشڵێت ئێران بەرنامەی نهێنیشی هەیە کە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئاژانسی ئەتۆمی وزەی ناوکی ئاشکرا نەبووە "ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە".

لە ئیستادا ئاستی ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ئەمەش پاش مەرگی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردە تەمەن 22 ساڵانەی لە دەمێکدا لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو گیانی لەدەستدا. ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی توند دەستیکردووە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە جگەلە لەوەی وەک ڕێکخراوەکان دەڵێن هەزاران کەسیش دەستگیرکراون. دەنگی خەڵکی ناو ئێران زۆر بە زەحمەت دەگاتە جیهانی دەرەوە بەهۆی ئەوەی ئەنتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا زۆر سنووردار کراوە. لەم بارەیەوە عەبدوڵا حیجاب دەڵێت پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بکەن " پێویستە هەوڵ بدەن لە ڕەوشێکی وەهادا دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیانی ئێرانی بە سیستمی ئەنتەرنێت و پەیوەندی کردن ئاسانتر بکەن. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ سنووردارکردنی ئێران و شکستپێهێانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی."

XS
SM
MD
LG