Accessibility links

عەرەبەکانی جەلەولا جارێکی تر سکاڵا لەسەر بەرپرسە کوردەکان تۆمار دەکەن


جەلەولا
جەلەولا

لە پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017وە تا ئێستا هیچ حیزب و لایەنێکی کوردی بارەگای لە ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە نەکردووەتەوە، لەکاتێکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی خێزانە کوردەکان لەو ناحیەیە کەم دەبێتەوە و بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن، عەرەبە سونەکانی ناحیەکەش، بەرپرسانی کورد سکاڵاباران دەکەن، تا بیر لەگێڕانەوەی بارەگا بۆ ناحیەکە نەکەنەوە.

پێشتر کورد لە ناحیەی جەلەولای سەربە قەزای خانەقین باڵادەستبوو، بەڵام لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەرەوە، باڵانسی هێز بەلای بەرژەوەندی ئەو هێزە عەرەبانەدا شکایەوە، کە پێشتر لە ناکۆکییەکی تونددا بوون لەگەڵ هێزە کوردیەکاندا و بەو هۆیەوە کۆچیان بۆ شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە کردبوو.

ناکۆکی نێوان هێزە کوردییەکان و عەرەبە سوننەکانی جەلەولا لەدوای رژێمی بەعسەوە سەریهەڵداوە و هەردوولا یەکتری بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن. لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشدا ناکۆکییەکان قوڵتر بوونەوە، لەکاتیکدا کوردەکان عەرەبەکانیان بە چوونە ریزی داعش و دەستهەبوون لە کوشتنی نزیکەی 200 پێشمەرگە تۆمەتبار کرد. عەرەبەکانیش، کوردییان بە ڕووخاندنی دوو گەڕەکی تەواوی ناحیەکە تاوانبارکرد.

ئەو عەرەبانەی لەلایەن کوردەوە بە پشتگیری کردنی داعش تۆمەتبار دەکران، لە ئێستادا چوونەتە ریزی هێزە جیاوازەکانی حەشدی شەعبییەوە و ڕێگری لە گەڕانەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان دەکەن بۆ جەلەولا. ئەوان هەرکاتێک هەواڵی گەڕانەوەی هێزە کوردییەکان ببیستن، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و سکاڵا لەسەر بەرپرسە کوردەکان تۆمار دەکەن بەتۆمەتی ڕووخاندنی خانووەکانیان.

خەلیل خوداداد، بەرپرسی کۆمیتەی جەلەولای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "عەرەبە سوننەکانی جەلەولا و بەدیاریکراوی عەرەبەکانی سەر بە عەشیرەتی کروی، دەزانن گەر بارەگای حزبە کوردییەکان بۆ ناحیەکە بگەڕێتەوە، باڵانسی هێز دەگۆڕێت، بۆیە هەمیشە کێشە دروست دەکەن."

پێشتر کاتێک هێزە کوردییەکان هەوڵیان دا بارەگاکانیان ببەنەوە بۆ ناحیەی جەلەولا، عەرەبە سوننەکانی سەربە عەشیرەتی کروی، سکاڵایان لەسەر چەندین بەرپرسی کورد تۆمارکرد بە تۆمەتی رووخاندنی سەدان خانوو لە ناحیەکە لەدوای شەڕی داعش.

ئەو بەرپرسانەی عەرەبە سوننەکان سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوون، بریتین لە دوو سەرکردەی یەکێتی، بەرپرسی کۆمیتەی ئەو حزبە و بەرێوەبەری ناحیە و بەریوەبەری ئاسایش و چەندین بەرپرسی تریشی تێدایە. بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر بەهەوڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح دۆسیەکە داخرا، چەند رۆژێک لەمەوبەر، عەرەبەکان جارێکی تر سکاڵایان تۆمارکردووەتەوە لەسەر هەمان ئەو بەرپرسانە و بەهەمان تۆمەت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوو مانگ لەمەوبەر هەندێک لەو بەرپرسە کوردانەی لەلایەن عەرەبە سوننەکانی جەلەولاوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرابوو، سەردانی وەزیری دادیان لە حکومەتەکەی کازمی و هادی عامریان کردووە. بە دەستوەردانی عامری دۆسیەکەیان چارەسەر کراوە.

بەڵام خەلیل خوداداد، بەرپرسی کۆمیتەی جەلەولای یەکێتی وتی "بۆ ئەوەی بارەگای هێزە کوردییەکان نەگەڕێتەوە، هەندێکی تر لەعەرەبەکان رۆیشتوون بەهەمان تۆمەتی پێشوو سکاڵایان تۆمار کردووە."

یەکێک لە شەقامەکانی جەلەولا
یەکێک لە شەقامەکانی جەلەولا

ناکۆکی نێوان هێزە کوردییەکان و عەرەبە سوننەکانی جەلەولا، کاریگەری لەسەر دۆخی خێزانە کوردەکانی ناحیەکەش هەبووە و بەشێکی زۆریان کۆچیان بۆ ناوچەکانی هەرێم کردووە. ئەمەش وایکردووە رێژەی کورد لە 12%ەوە بۆ کەمتر لە 5% دابەزێت.

ئەکبەر حەیدەر کارگێری لقی خانەقینی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "هیچ حزبێکی کوردی بارەگای لە جەلەولا نییە. بارەگای پارتی لە ناحیەکە سوتێنراوە و تاڵانکراوە، بۆ گەڕانەوەش چاوەڕێی ڕێککەوتنین."

کاتێک کورد لە ناحیەی جەلەولا باڵادەست بوو، کەسایەتییەکی بەڕەگەز عەرەب بەناوی شێخ یەعقوب یوسف لهێبی کردە بەڕێوەبەری ناحیەکە. بەڵام عەرەبەکانی جەلەولا سکاڵایان لەسەر ئەوەیش تۆمار کرد، بە تۆمەتی دەستتێکەڵکردن لەگەڵ کورد و ڕووخاندنی خانووەکانیان. لە ئێستادا ئەو کەسایەتییە عەرەبەش ناحیەکەی جێهێشتووە و لەهەرێم نیشتەجێ بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:40 0:00

XS
SM
MD
LG