ئێران هێزی زیاتر رەوانەی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی زیاتری سوپای پاسداران بۆ سەریان، هۆشداریش دەدەن لە نیازی ئێران بۆ بەزاندنی سنورەکانی هەرێم.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئێران هێزی لە ناوچەی پیرانشەهر، شنۆ، مەریوان و چەندین ناوچەی تر کۆکردووەتەوە، ئەو هێزانە چەکی قورسییان پێیە و یەکێک لە ئامانجەکانیشیان بەزاندنی سنورەکانی هەرێم و هێرشکردنە بۆ سەر حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆکردنەوەی هێز لە ناوچە سنورییەکان لەلایەن ئێرانەوە، دوای هۆشدارییەکەی هەفتەی ڕابردووی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران دێت بە بەرپرسانی هەرێم و عێراق، بەوەی گەر پارتە کوردییەکانی ئێران چەک نەکەن، ئەوا هێزەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرش دەستکراوە دەبن.
عەتا سەقزی، وتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "زانیاریمان پێگەیشتووە لەبارەی هاتنی هێزی ئێران بۆ سنورەکان. ئێران فشاری خستووەتە سەر عێراق و هەرێم بۆ چەک کردنی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات، ئێمەش بەرەنگاری فشارەکانی ئێران دەبینەوە."
جەختیشیکردەوە "ئەو رووداوانەی لە رۆژهەڵات روو دەدەن و خەڵک توڕە و بێزارن، ئێران بە دەستی هێزە کوردییەکانی دەزانێت و دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە."
روونیشیکردەوە، بۆ لابردنی چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆ، ئێران پێویستی بەشەڕ هەیە لەدەرەوە، دەیەوێت بەم ڕێگەیە ناڕەزایەتییەکان پەردەپۆش بکات.
عەباس میلوفروشان، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران، ڕۆژی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە لە تویتێکی کورتدا تەنها نوسیویەتی "بەناوی خوای گەورە." ئەم تویتەی فەرماندەکەی پاسداران لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، بە دەستپێکی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە سنورییەکان لێکدەدرێتەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر سنورەکانی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "ئێران پلانی هەیە لە سنوری پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و هەورامان لەشکرکێشی بکات، دەیەوێت دەست لەو هێزە کوردییانە بوەشێنێت لە ناوچە سنورییەکانن، پلانی بۆ هێزەکانی کۆمەڵە و دیموکراتیش لە کۆیە و زرگوێز هەیە، بەڵام ئەم پلانەیان ڕوون نییە چۆن ئەنجامی دەدات."
سەرچاوەکە، وتیشی "ڕەنگە ئەو هێزانەی ئێران هێناونیەتە کوردستانی ئێران، سەرەتا خۆپیشاندانەکانی پێ سەرکوت بکات، دواتر لە دژی هێزە کوردییەکانی ناو هەرێم بەکاریان بهێنێت."
سەرباری ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی لەشکرکێشی، بەڵام حکومەتی عێراق و هەرێمیش هەڵوێستی یەکلایی کەرەوەیان دژی ئەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە، هەرچەندە بڕیارە هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو مەبەستە کۆببێتەوە.بەشێک لە چاودێرانیش پێیانوایە، حکومەتی عێراق ئاگاداری پلانەکانی ئێرانە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە ناو خاکی هەرێم، بەڵام چاوپۆشی دەکات.
ئەرسەلان یارئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو، بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئێران هێز و چەکی قورسیی هێناوەتە پێرانشەهر و شنۆ و مەریوان و چەندین ناوچەی تر. بەشێک لە هێزەکان سەربە هێزی سابرینن، کە فەرمان تەنها لەرابەری ئێرانەوە وەردەگرن و تایبەتن بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی سنور."
وتیشی"پلانی ئێران هێرشکردنە سەر پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتە لە ناو خاکی هەرێم، چونکە بەردەوام هێز دەهێنێت."
هێرش و هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆ سەر هێزە کوردییە ئۆپزسیۆنەکانی ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا پاش تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێرانە کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکرابوو، هاتووەتە ئاراوە. ئێران دەڵێت گوایە گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ماوەیەکی زۆرە لە باکووری عێراق دەربەدەرن، هانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران دەدەن و چەک بە قاچاخ دەهێننە ناو ئەو وڵاتە. دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵگەیان لەسەر ئەو تۆمەتانە نەخستۆتەڕوو کە گروپە کوردییەکان ڕەتیان کردۆتەوە.