ئێران فشارەکانی بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چڕ دەکاتەوە، داوا لە عێراق دەکات دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچە سنوریەکاندا بسەپێنێت، هەرێمی کوردستانیش تۆمەتبار دەکات بەوەی بووەتە جێگەیەک بۆ هەناردە کردنی چەک بۆ نێو وڵاتەکەی، لەکاتێکدا هەرێم تۆمەتەکانی ئێران و رادەستکردنی سنورەکانیش بە عێراق ڕەتدەکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵای پێشووی حکومەتی هەرێم کە ناوی لای دەنگی ئەمریکا پارێزراوە ڕایگەیاند دەستەڵاتدارانی هەرێم بە گومانن لە پلانەکانی ئێران و پێیانوایە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی فشارەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی بگوێزێتەوە بۆ ناوچە سنوریەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێم، تا بەو هێزانە هێڵێکی جیا کەرەوە لە نێوان هەردوولادا دروست بکات.
لەم بارەوە، حاکم حەمدی گلی، شارەزایەکی ئاسایشی نیشتیمانی کە پلەی عەمیدی سەربازی هەیە، بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "پلانی نوێی ئێران دروستکردنی هێڵێکی ئەمنییە لەنێوان هەرێم و وڵاتەکەیدا. دەیەوێت سنورەکان رادەستی هێزە عێراقییەکانی نزیک لەخۆی و بەدیاریکراوی حەشد بکات، تا هەرێم زیاتر لاواز و لە قاڵب بدات."
حەمدی گلی ڕایگەیاند، "16 ی ئۆکتۆبەر پلانێکی ستراتیژی ئێران بوو. لە خانەقینەوە تا شەنگالی خستە خزمەت ئەجێندای خۆیەوە و ئێستا ئەو هێڵە بۆ گواستنەوەی چەک و ئەجێندا تایبەتەکانی بەکاردەهێنێت."
لەگەڵ تاو سەندنی ناڕەزایەتییەکانی نیوخۆی وڵاتەکەیدا، ئێران هێزی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم کۆکردووەتەوە، هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات. هەفتەی رابردووش، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێراق، بەوەی گەر سوپای عێراق سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات نەپارێزێت، ئەوا هێرشی زەمینی دەست پێدەکەن.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەمە، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند کە دەبێت عێراق دەسەڵاتی خۆی بەسەر سنورەکان دا بسەپێنێت "تا ئێران ناچار نەبێت پەنا بۆ ڕێکاری دیکە ببات."
ئەو هەرێمی کوردستانی بە شکاندنی بەڵێنەکانی تۆمەتبار کرد، وتی"نابێت هەرێم بۆ هەناردەی چەک بۆ ئێران بەکاربهێنرێت. ئومێدەوارین عێراق کۆتایی بەجم و جۆڵی ئەو گروپانە بهێنێت."
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، چەندین جار وەڵامی تۆمەتەکانی ئێرانیان داوەتەوە و ڕەتیانکردووەتەوە، لە ناو هەرێمی کوردستانەوە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵاتێکی دراوسێ دروستکرابێت. بەڵام ئێران بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی هەرێم و تا دێت فشارەکانیشی چڕتر دەکاتەوە.
رۆژی 14 ی ئەم مانگە، ئێران هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای پارتە کوردییەکان لە ناوچەی کۆیەی پارێزگای هەولێر و زرگوێزی نزیک سلێمانی. بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی تریش برینداربوون.هەروەها لە هێرشەکانی شەوی ڕابردووشدا، پێشمەرگەیەکی تری دیموکرات گیانی لەدەستدا. ئەمە جگە لە تۆپبارانکردنی بەردەوامی ناوچە سنورییەکان و بە دیاریکراوی ناوچەی سیدەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەنراوێکد کە ئەمڕۆ دووشەمە بڵاویکردەوە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئێرانی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند "هێرشەکان پێشێلکاری سەروەری عێراق و هەرێمن، هەروەها پێشێلکردنێکی ئاشکراو زەقی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیەتییە."
شوان محەمەد رۆستەم پەرلەمانتاری عێراقی فراکسیۆنی پارتی، رەتیکردەوە هەرێمی کوردستان رازی بێت، هێزی عێراقی رەوانەی سنورەکانی بکرێت. بە دەنگی ئەمەریکای وت"پۆلیسی سنور، پارێزگاری لە سنورەکانی نێوان هەرێم و ئێران دەکات کە سەر بە حکومەتی عێراقە، لە هەرێمیشەوە هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ئێران دروست نەکراوە، چی پێویست دەکات لەشکرکێشی بکرێتە سەر سنورەکانی هەرێم."
وتیشی" بە داخەوە، تێڕوانینی ئێران بەرانبەر هەرێم خراپە و سلبیانە بیر دەکاتەوە."
پارتە کوردییەکانی کوردستانی ئێران کە بنکە و بارەگاکانیان لەبەردەم هێرشی بەردەوامی ئێراندایە، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، ئەوان کراونەتە بیانوو، ئەگینا پلانەکانی ئێران بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و دەرهێنانی ناوچە سنورییەکانە لە بن دەستی هەرێم.
محەمەد ساڵەح، سەرکردەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئێران دەیەوێت زیاتر گەمارۆی هەرێم بدات. دەیان گروپی میلیشیایی نزیک لە خۆی خزاندووەتە نێو سستمی سەربازی عێراقەوە، دەیەوێت سنورەکانی هەرێم بخاتە ژێر رکێفی ئەو گروپانەوە."
جەختیشیکردەوە"داگیرکردنی سنورەکانی هەرێم بەشێکە لە ستراتیژیەتی قوڵی ئێران، تا لە داهاتوودا، ئەمە وەکو فشار بەکار بهێنێت."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هێرشەکانی شەوی رابردووی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە پێشێلکاری وەسفکرد و رایگەیاند، "هێرشە دووبارە بووەوەکانی ئەو وڵاتە، پێشێلکاریەکی ڕوونی سەروەری عێراقە."
بڕیاریشە سبەینێ سێشەمە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش تاوتوێی هێرشەکانی ئێران بکات. بەڵام چاودێران چاوەڕوانی هەڵوێستی یەکلایی کەرەوە لە حکومەتی عێراق ناکەن، بەو پێیەی لایەنە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی نزیکن لە ئێرانەوە.