Accessibility links

ئێران جارێکی تر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە هاندانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە تۆمەتبار دەکات


وەزارەتی بەرگری ئێران دەڵێت گوایە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەستیان هەیە لە خۆپیشاندانەکانی ناو ئێراندا.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانیان، ئەمەریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی دیکەیان دەستیان لەو ناڕەزایەتیانەدا هەبووە.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکرد، لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستبەسەرکرابوو، کوژرا. ئەم خۆپیشاندانانە گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییە لە ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بنکە لە نۆروێر، لە دواین ڕاپۆرتیدا کە لە 22 ی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، لەسەر ئامارەکانی ئەو کەسانەی بەهۆی توندوتیژییەکانی هێزەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون دەڵێت 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

لە لایەکی دیکەوە، کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەی کەنداوی عومانەوە نییە.

دوو هەفتە لەمەوبەر لە کەنداوی عومان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر کەشتییەک کە ئاڵای لیبیریای لەسەر بوو.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەلایەن ئێرانەوە بەرهەم هێنراوە.

XS
SM
MD
LG