Accessibility links

ژەنەڕاڵێکی ئێرانی دەڵێت زیاتر لە 300 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە


ژەنەڕاڵێکی ئێرانی دانی بەوەدانا کە لە میانەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا زیاتر لە 300 کەس کوژراون، ئەمەش بۆ یەکەمین جارە بەرپرسێکی ئێرانی لە ماوەی دوو مانگی خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەکی فەڕمی قوربانیان خۆپیشاندانەکان ئاشکرا بکات.

ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەتەوە زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی کە چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران باسییان لێوە کردووە.

دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە و لە نزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات، دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە 451 خۆپیشاندەر و 60 کەس لە هێزەکانی ئاسایش کوژراون و زیاتر لە
18,000 کەسیش دەستگیرکراون.

ماڵپەڕێکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری جەنەڕاڵ ئەمیر عەلی حاجیزادەی فەرماندەی بەشی ئاسمانی سوپای نیمچە سەربازیی پاسدارانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە زیاتر لە 300 کەس کوژراون، بە " شەهیدەکانیشەوە "، ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی دیار بۆ هێزەکانی ئاسایش. هەروەها وتیشی زۆربەی ئەوانەی کوژراون خەڵکی ئاسایی ئێران بوون و بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا نەکردووە.

بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەم خەمڵاندنەی لە کوێوە وەرگرتووە.

بەرپرسانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کۆتوبەندییان خستووەتە سەر ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە. دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی ئێرانیش هیچ ژمارەیەکی قوربانییانی بڵاونەکردۆتەوە و زیاتر سەنگی خستۆتە سەر هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئاسایش.

حاجیزادە جەختی لە هەڵوێستی فەڕمی ئێران کردەوە لەسەر خۆپیشاندانەکان و وتی لەلایەن دوژمنەکانی ئێرانەوە دروست کراون، لەوانەش وڵاتانی ڕۆژئاوا و سعودیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو. خۆپیشاندەران دەڵێن بێزار بوون لە سەرکوتکاری چەند ساڵەی خەڵکەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، هەروەها ڕەتی دەکەنەوە هیچ ئەجێندایەکی بیانییان هەبێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG