Accessibility links

گەنجێکی تری کورد لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەکوژرێت


سەرچاوەکان لە ناو ئێرانەوە ڕادەگەیەنن گەنجێکی تری کورد بە هۆی گولەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانی لە دەستداوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت هومەن ‌عەبدوڵاهی تەمەن 21 ساڵ کە ڕۆژی چوارشەممە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری سنە بریندار بوو " دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی سەختی برینەکانی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەستدا" .

فاتمە کەریمی بەرێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەوڵەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە و گوتی " سەرتا هێزەکانی حکومەت بە گولە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی حەسەن ئابادی شاری سنە عەبدوڵاهیان بریندار کردبوو پاشان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ گرتەیەکی ڤیدیۆیی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکەی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت مەڕاسیمەکە بە شەو بەڕیوە چووە.

خاتو کەریمی باسی لەوەش کرد کە هێزەکانی حکومەت ڕێگریان لە بنەماڵەکەی گردووە تا بە ڕۆژدا تەرمەکەی بەخاک بسپێرن و گوتیشی پاش مەرگی هومەن و هەروەها چلەی سارینا ساعیدی، ( ئەو کچە تەمەن 16 ساڵەی لە خۆپیشاندانەکانی گەڕەکی نایسەری شاری سنە لە کۆتایی مانگی 10 بە تێڵا لە سەری دراو بەهۆی خوێن بەربوونی مێشکی گیانی لەدەستدا)، " ڕەوشی شاری سنە ئەمڕۆ گرژی زیاتری پێوە دیارە و هێزە ئەمنییەکان جارێکی تر تەقەیان لە خەڵکی کردووە و هەروەها ئەو دوکان و بازاڕانەش کە بەشداریان لە مانگرتنە سێ ڕۆژییەکدا کردبوو ئەمڕۆ هێزەکانی حکومەت دوکانەکانی پێ داخستبوونەوە."

کۆمەڵەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش کە پشت بە سەرچاوەکانی نێو ئێران دەبەستێت گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و نوسیویەتی کە ڤیدیۆکە ڕۆژی پێنجشەممە گیراوە، ئاماژە بەوە دەکات " بە ئامادەبوونی زۆری هاووڵاتیانی دڵگران و دروشمی ناڕەزایەتی، رێوڕەسمی پرسەی هومەن عەبدوڵاهی لە سنە بەڕێوە چوو."

لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیرکرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێکرد. بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 458 کەس کوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG