Accessibility links

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژێمی ئێران گیانی لە دەستدەدات


زیندانییەکی سیاسی پێشووی کورد لە ئێران، کە لە میانەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی ئەمدواییەدا دەستگیرکرابوو بەهۆی برینەکانی لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان ئەمڕۆ دووشەممە گیانی لەدەستدا.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی نێو ئێران محمەد حاجی ڕەسووڵ پوور، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە نەخۆشخانەی قولیپوری شاری بۆکان گیانی لەدەستداوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە هەردووکیان پشت بە سەرچاوەکانی نێو ئێران دەبەستن، هەواڵی گیانلەدەستدانی حاجی ڕەسووڵ پووریان پشڕاست کردووەتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی بەهۆی ئەو بووە کە لەکاتی دەستبەسەریدا لە گرتووخانەی ناوەندی شاری بۆکان هێزەکانی حکومەت ڕێگەیان نەداوە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ ئاو بخواتەوە.

محەمەد حاجی ڕەسوڵ پوور، لەوەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ژیناوە دووجار لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە شاری بۆکان دەستگیر کراوە. ئەو لە 11 ی مانگی 10 دەستگیرکرابوو پاش شازدە ڕۆژ لە زیندان بە دستەبەری ئازادکرا. پاشان دواجار لە 23 ی مانگی 11 جاێکی تر دەستگیرکرایەوە هەتا ئەو کاتەی بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. پاش پێنج ڕۆژ لە بێهۆشی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 19 ی مانگی 12 ی 2022 گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو پێشتر محەمەد حاجی ڕەسوڵ پوور بە تۆمەتی پروپاگەندەکردن بۆ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای پێنج مانگ زیندانی درابوو و پاش تەواوبوونی حوکمەکەی لە 13 ی 4 ی 2022 ئازاد کرابوو.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە تویتێکدا مەڕاسیمی بە خاک سپاردنەکەی بڵاو کردووتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئەمە هەشتهەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانە بەهۆی ئەشکەنجەدان لە ناوەندە ئەمنییەکانی ناوچە کوردییەکاندا. ڕێکخراوی هەنگاویش ئەو ژمارەیەی بە 10 کەس ڕاگەیاندووە.

بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی هرانا کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران دەبەستێت، لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 502 کەس کوژراون لە ناویاندا 69 کەس لەوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.

XS
SM
MD
LG