Accessibility links

نیگەرانییەکان لە شیانی گۆڕانکاری لە دیمۆگرافی عەفریندا


پرۆسەی دروستکردنی نیشتەجێ لە ناوچەی عەفرین بۆ جێگیرکردنی بنەماڵەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامە، ئەمەش نیگەرانی خەڵکی عەفرینی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن ئەم نیشتەجێیانە شیانی هەیە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ناوچەکەیان بکات.

هەفتەی ڕابردوو نیشتەجێیەکی نوێ لە ناوچەی جندیرێس کرایەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوی (فريق ادلب الوطن)ەوە دروستکرابوو، هەروەها لەلایەن ڕێکخراوی فەلەستینی بە ناوی (جمعية اجنادين الخيرية) پەرەی پێدرا، بۆیە ناوی کۆمەڵگەکە نراوە "قرية أجنادين فلسطين" واتە گوندی ئەجنادین فەلەستین.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەم ئۆردوگایە لەسەر زەوی خێزانێکی کوردی خەڵکی عەفرین دروستکراوە، کە دەکەوێتە نزیک گوندی حەمیلکی لە ناوچەی جیندیرێسی عەفرین. خاوەن زەوییەکەش دوو بران، ناویان موراد و مەجید مەنانە.

نیشتەجێ لەسەر زەوی خێزانێکی کورد دروست دەکرێت

بۆ زانیاری زیاتر، ئەمین موراد مەنان تەمەن 59 ساڵ، کە یەکێکە لە خاوەنەکانی ئەم زەوییە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، دەستیان بەسەر زەوییەکەماندا گرتووە، کە ماوەی 50 ساڵە زەوی خێزانەکەمان بووە، و ڕووبەرەکەی 2 دۆنمە، ئێمە زەیتوونمان تێدا چاندبوو، پاشان سەوزە و دانەوێڵەمان تێدا چاندبوو".

مەنان کە لە ساڵی 2018 وە لە عەفرین کۆچی کردووە و ئێستا ئاوارەی شاری قامشلۆیە گوتی " ئەو نیشتەجێیەی باسکرا، لەسەر پشکی ئامۆزاکانم بنیات نراوە و نازانم لەسەر پشکە زەوییەکەی منیش دروست دەکرێت یان نا."

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، قۆناغی یەکەمی دروستکردنی ئەو کۆمەڵگەیە لە 50 خانوو، خوێندنگەیەکی ئایینی و مزگەوتێک پێدێت و خێزانەکانی گروپی چەکداری "ئەحرار الشام"ی تێدا نیشتەجێ دەکرێن، کە گروپێکی ئیسلامی توندڕەون. هەروەها بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا تا 200 خانوو دروست بکرێت.

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستینیەکان هەر پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەی کە بەشدارن لە دروستکردنی کۆمەڵگەکان لە عەفرین ڕەتدەکاتەوە، بەڵام کردنەوەی کۆمەڵگەی (ئەجنادین) ئەوە دەردەخات کە ئەم پرۆسەیە هێشتا بەردەوامە.

محەممەد ئەلخالد، بەرپرسی پڕۆژەکان لە ڕێکخراوی ئەجنادین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئاگاداری کێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانی سوریا نییە " پڕۆژەیەکمان پێشکەش کرد و لە بواری مرۆیی ئەنجامماندا، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لە بارەی پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە دۆخی سوریاوە نییە." ئەو گوتیشی "ئەم خاکە خاکی هەموو خەڵکی سوریایە و گرنگ نییە کێبن و خەڵکی کوێبن".

خالد گوتیشی " ڕێکخراوی ئەجنادین هیچ جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب، شیعە و سوننە و عەلەویدا نابینێت."

زیاتر لە 20 نیشتەجێ دروستکراون

لە ساڵی 2018ەوە کە تورکیا دەستی بەسەر عەفریندا گرت، پڕۆسەی بنیاتنانی نیشتەجێکان لەم ناوچە کوردییەدا بەردەوامە.

یەکەمین کۆمەڵگە لە مانگی یازدەی 2018 بە ناوی ( ئەلقەریە ئەلشامی) لەسەر چیای لێلون نزیک شاری عەفرین دروستکرا، کە لە ئێستادا سێ کۆمەڵگەی تێدایە و پلانیش دانراوە بۆ دروستکردنی سیانی تر کە لە 400 خانوو پێکدێن و بڕیارە ئەمساڵ دروست بکرێن و لەلایەن ڕێکخراوی کوەیتی (کوەیت ئەلڕەحمە)ەوە پارەیان بۆ دابین بکرێت.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین، بەڵگەی خستووەتە ڕوو کە لە ساڵی 2022دا 6 نیشتەجێ لە عەفرین دروستکراون.

لەهەمانکاتدا لەگەڵ کردنەوەی کۆمەڵگەی ئەجنادین کە یەکەمین کۆمەڵگەی ساڵی 2023 بوو، لایەنی تورکی ڕایگەیاند کە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکیان تەواو کردووە کە پێکهاتووە لە 40 خانوو لە ناوچەی شەرا.

بەم دووانەوە ژمارەی ئۆردوگاکانی عەفرین لە 20 ئۆردوگا تێدەپەڕێت، لە ناوچەکانی شێراوا، جندرێس، شەرا، شیێ و ماباتا دروستکراون و بنەماڵەکانی گروپە چەکدارە عەرەب و تورکومانەکانی دەرەوەی ناوچەکەی تێدا نیشتەجێ کراون.

هەندێک لەو نیشتەجێیانە لەسەر زەویە تایبەتەکانی دانیشتوانی کوردی ناوچەکە دروستکراون، وەک کۆمەڵگەی ئەجنادین و کۆمەڵگەی بەسمە لە گوندی شادێری ئێزیدی، هەروەها هەندێک کۆمەڵگەکان لە شوێنی دارستانە گشتییەکان دروستدەکرێن وەک کۆمەڵگەکانی گوندی کەفێروم یان سەر چیای شەوتی لە نزیک گوندی کەفرسفر، هەروەها کۆمەڵگاکانی سەر چیای لێلون.

ئامانجی تورکیا لە دروستکردنی ئەو نیشتەجێیانەدا چییە؟

بەسام ئەلئەحمەد سەرۆکی ڕێکخراوی سوریا بۆ ڕاستی و دادپەروەری (STJ) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، زۆر لایەن بەشدارن لە پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگەکاندا.

دەشڵێت "لایەنی ناوخۆ، هەرێمی یان نێودەوڵەتی بەشدارن لە بەدواداچوون، چاودێریکردن یان جێبەجێکردنی. خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا ئەوەیە کە هەموویان ناسنامەیەکی ئیسلامییان هەیە و پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەیە. زۆربەی جاریش یارمەتییە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنرێن."

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دروستکردنی ناوەندەکان لەلایەن ڕێکخراوە تورکییەکانی وەک AFAD, IHH, ، وەقفا دیانەت و هەروەها زۆرێک لە کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی لەسەر بە ئیخوان ئەلموسلیمین بەتایبەتی ناوەندەکانی کە سەر بە قەتەرییەکان، کوێتییەکان و فەلەستینییەکان، پاڵپشتی دەکرێن.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا لەم بارەیەوە زانیاری لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەربگرێت بەڵام هیچ وەڵامێکی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

شایانی باسە ماوەیەک پێش ئێستا حکومەتی کوەیت بڕیاریدا هەموو پاڵپشتییەکی بیناسازی بۆ سوریا ڕابگرێت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە ڕێکخراوە کوەیتییەکان بەردەوامن لە دروستکردنی نیشتەجێ لە عەفرین.

ئەلئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا هێزێکی داگیرکەرە لە عەفرین، بۆیە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارە بەرامبەر بە هەموو ئەو پێشێلکاریانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، لەوانەشدا دروستکردنی کۆمەڵگەکان.

ئەلئەحمەد هەروەها لەبارەی ئامانجەکەی تورکیا گوتی "تورکیا دەیەوێت گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا بکات، ستراتیجی هەیە بۆ نەهێشتنی کورد لە تەواوی باکوری سوریا نەک تەنها لە عەفرین، بۆیە ئەو کۆمەڵگەیانە وەک ئامڕازێک بەکاردەهێنێت بۆ جیاکردنەوەی ناوچە کوردەکان لە یەک و کورد لە ناوچەکاندا وەکو کەمینە لاوازبکات."

کاربەدەستانی تورکیا، لە ناویاندا سەرۆکی وڵاتەکەش، زۆرجار ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان پەنابەرە سوریاییەکانی کە لە تورکیادان دەگەڕێننەوە بۆ باکوری سوریا و نیشتەجێیان بۆ دروست دەکەن.

مەتین چۆراباتیر، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی پەنابەری و کۆچبەری لە ئانکەرە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ژمارەیەکی کەم لە پەنابەرانی سوریا لە تورکیا گەڕێندراونەتەوە بۆ سوریا "بەڵام باوەڕناکەم ئەم کارە لەسەر حیسابی کورد لە عەفرین کرابێت، چونکە هەندێک ناوچەی عەرەبیش لە باکوری سوریا هەن."، چۆراباتیر گوتیشی "ڕەنگە لە هەندێک شوێن ئەو نیشتەجێیانە لەسەر زەوی کوردەکان دروستکرابن ، بەڵام باوەڕ ناکەم کە حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیکی گۆڕانکاری دیموگرافی لەو ناوچانەدا جێبەجێ بکات."

مەترسیەکان لە دەرئەنجامی دروستکردنی ئەم نیشتەجێیانە

چاودێران هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی دروستکردنی نیشتەجێکان. نووسەری کورد پیر ڕوستەم، کە خۆی خەڵکی عەفرینە، لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت "ئەوەی تورکیا بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی ئیخوان ئەلموسلیمین لە عەفرین دەیکات، مەترسیدارترە لە سیاسەتەکانی کەمبەری عەرەب، چونکە ئەمڕۆ ئەوان دەیانەوێت کورد نەمێنێت."

سیاسەتی کەمبەری عەرەب (الحزام العربي) سیاسەتێکی حەفتاکانی حکومەتی سوریایە بۆ دابڕانی کوردەکان لە یەکتر.

ڕوستەم هەڵوێستی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی هەڵسەنگاند و گوتی"داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکرێت هەستن بە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیانەوە، دەبینین لایەنەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەروەها یەکەتی و پێشڤەڕۆ هەڵوێستی ڕوونیان هەیە لە دژی سیاسەتەکانی تورکیا، بەڵام بەداخەوە ئەنەکەسە کە لە ناو هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە، هەڵوێستێکی لاوازی هەیە و ناتوانێت ئەو کارانەی دژی گەلەکەمان ئیدانە بکات".

سەرۆکی STJ ئەلئحەمەد سەنگی خستەسەر گرنگی کاری سیاسی و یاسایی لە بەرامبەر دروستکردنی نیشتەجێکان.

دەڵێت "پێویستە ئەم پێشێلکاریانە بەبەڵگە بکرێن و هەموو ئەو لایەنانەی دەستیان تێدا هەیە دەستنیشان بکرێن. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا بکرێت بۆ وەستاندنی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، چونکە ئەمە کاریگەری لەسەر هەموو سوریاییەکان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە دۆخێکی دیفاکتۆ دروست دەکات کە کاردەکاتە سەر پەنابەران و ئاوارەکانی سوریا."

لای خۆیەوە ئەمین موراد مەنان جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەسەرداگرتنی زەویەکەی لە عەفرین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا، پێشێلکردنی مافی خۆیەتی و هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکات "بە چ یاسایەک زەوییەکەم دەبەن و لەسەری نیشتەجێ بنیات دەنێن، منیش دەستبەرداری مافی خۆم بم ، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەم کارانەبێت."

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، چەندین تاوان و پێشێلکاری بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دراوە.

چالاکوانانی کوردی ناوچەکە دەڵێن تورکیا دەیەوێت گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی لە عەفرین بکات، بۆیە تەنها شوێنی نیشتەجێبوون دروست ناکات، بەڵکو دەستی بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکی ناوچەکەشدا گرتووە و زیاتر لە 300 هەزار کوردی ئاوارەکردووە و عەرەب و تورکمانی لە شوێنی ئەوان داناوە.

XS
SM
MD
LG