بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی دەوڵەتی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە پاش چەند هەفتەی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەی گۆڕی.
ئاژانسەکە دەشڵێت سەرۆک وەزیر محمەد شیاع ئەلسودانی ئەم هەنگاوەی لە کاتێکدا نا کە پارێزگار موستەفا غاڵب موخیف ئاگاداری کردەوە کە چیتر نایەوێت لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
لە ئێستادا عەلی موحسن عەلاق جێگای موخیفی گرتەوە کە لە ساڵی 2020 وە لەو پۆستەدا بوو.
ڕۆژی هەینی نرخی دینار نزمترین ئاستی تۆمارکرد و گەیشتە نزیکەی هەزار و 670 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار. دراوەکە لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەرەوە نزیکەی 7%ی بەهاکەی لەدەستداوە. نرخی فەرمی دراوەکە 1،470 دینارە بەرامبەر یەک دۆلار.
دابەزینی دوو مانگی ڕابردوو کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و گیرۆدەی دەستی گەندەڵی هەبووە.
هەندێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دابەزینەکەیان بە هۆکاری ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییەی گەنجینەی ئەمەریکا دەزانن. ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر چەند بانکێکی عێراقی کە بە شێوەیەکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، کە لەژێر سزای ئەمەریکادایە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانی هەیە لەوەی دراو لە عێراقەوە بۆ ئێران دەگوازرێتەوە.
دابەزینی نرخی دیناری عێراقی لە کاتێکدایە کە یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە بەرزترین ئاستیدایە کە نزیکەی 100 ملیار دۆلارە.
سەرچاوە AP