ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە دەستیکرد بە سەردانێکی سێ ڕۆژی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا توندوتیژی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان هەڵگیرساوە، ئێران و شەڕی ئۆکرانیا لە کارنامەی سەرەکی سەردانەکەیدایە.
دوای گەشتێکی کورتی ڕۆژی یەکشەممە لە قاهیرە، بلینکن ڕۆژی دووشەممە بەرەو ئورشەلیم دەڕوات، کە حکومەتی نوێی ڕاستڕەوی بنیامین ناتانیاهۆ، نیگەرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا وروژاندووە لەمەڕ داهاتووی بەها عەلمانییەکانی ئیسرائیل، تێکچوونی پەیوەندییە نژادییەکان و وەستانی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکاندا.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توندوتیژییەکی کوشندە ڕوویداوە، ئەمەش ترسی ئەوەی زیاتر کردووە کە توندوتیژییەکان کە لە ئێستاوە پەرەی سەندووە، زیاتر پەرە بسێنن.
چەکدارێکی فەلەستینی ڕۆژی هەینی لە هێرشێکدا لە دەرەوەی کنیشتێک لە ئورشەلیم حەوت کەسی کوشت. ئەوە خراپترین هێرشی لەو شێوەیە بوو بۆ سەر ئیسرائیلییەکان لە ئورشەلیم لە ساڵی 2008ەوە و دوای هەڵمەتێکی کوشندە لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو لە شاری جێنینی کەناری ڕۆژئاوا، کە کوشندەترین هێرش بوو لەماوەی چەند ساڵیڕابردوودا.
لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئیسرائیل کە بریتیشە لە پارتە ئەوپەڕی نەتەوەپەرستەکان و دەیانەوێت شارۆچکەکانی کەناری ڕۆژئاوا فراوانتر بکەن، بلینکن داوای ئەمەریکا بۆ ئارامی دووبارە دەکاتەوە و جەخت لەسەر پشتیوانی واشنتۆن دەکاتەوە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریکا دان بەوەدا دەنێن کە دانوستانەکانی ئاشتی درێژخایان پێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت.
هەروەها بلینکن سەردانی ڕامەڵاش دەکات بە مەبەستی دیدار لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینیەکان و بەرپرسانی دیکەی فەلەستینیەکان و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
حکومەتی نەتانیاهۆ پێشنیاری چاکسازییەکی بەرفراوانی دەسەڵاتی دادوەری کردووە کە کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر دانانی دادوەرەکاندا بەهێزتر دەکات و لە هەمانکاتدا توانای دادگای باڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکان یان بڕیاردان دژی کردەوەی حکومەت لاواز دەکات. ئەو پێشنیازانە خۆپیشاندانی گەورەی شەقامی لێکەوتەوە دژی ئەوەی خۆپیشاندەران بە ئەگەری تێکدانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەزانن.
باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش بەڕێکەوتنی بۆ گەشتەکە لە لێدوانێکی کورتیدا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی "ئەمە پێوەرێکە بۆ زیندوویی دیموکراسی کە ئەمە بە ڕوونی سەرانسەری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا مشتومڕی لەسەر کراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، بلینکن گوێی لە خەڵکی ناوەوە و دەرەوەی حکومەت دەبێت لەسەر چاکسازییەکان.
لیف ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکە لەسەر بنچینەی هەوڵەکانی پێشووتریشە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و گەلانی عەرەب. ئەو پڕۆسەیەی کە بە کۆڕبەندی نەگێڤ ناسراوە، فەلەستینیەکان ناگرێتەوە و بەرپرسانی گەلانی ناوچەکە لەوانە میسریش بەشدارن لە تاوتوێکردنی بوارەکانی وەک هاوکاری ئابووری و گەشتیاری.
ئێران و ئۆکرانیا لە بەرنامەی کاری سەردانەکەی بلینکن
شەڕی 11 مانگەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە بەرنامەی کاردا دەبێت. ئۆکرانیا کە بڕێکی زۆر لە کەرەستەی سەربازیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا وەرگرتووە، داوای لە ئیسرائیل کردووە کە سیستمی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین بکات، ئەوانەی لەلایەن ئێرانی نەیاری ناوچەیی ئیسرائیلەوە دابین دەکرێت.
ئیسرائیل ئەو داواکاریانەی ڕەتکردووەتەوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل لەشکرکێشییەکەی ڕووسیای شەرمەزار کردووە، بەڵام ئیسرائیل هاوکارییەکانی بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و کەرەستەی خۆپارێزی سنووردار کردووە و بە ئاماژەدان بە خواستی بەردەوامی هاوکاری لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە سووریای دراوسێی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە و بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی جووەکانی ڕووسیا.
هەروەها دیپلۆماتکاران تاوتوێی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، لەکاتێکدا هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەدۆخێکی چەقبەستودایە و وهێچ پلانێکی تریش ڕانەگەیەندراوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی.
لیف وتی لە قاهیرە، بلینکن چاوی بە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆمار و سامح شوکری وەزیری دەرەوە دەکەوێت بۆ بەهێزکردنی "هاوبەشیی ستراتیژی" واشنتن لەگەڵ میسر و زیادکردنی هاوکارییەکان لەسەر پرسە ناوچەییەکانی وەک گواستنەوەی دەسەڵات لە سودان و هەڵبژاردنەکان لە لیبیا.
هەروەها بلینکن لە ژێر فشاردا دەبێت بۆ تاوتوێکردنی نیگەرانییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی مافی مرۆڤەوە ملیۆنان دۆلاری هاوکاری سەربازیی بۆ میسر ڕاگرتووە، هەرچەندە گروپە داکۆکیکارەکان پاڵپشتیان بۆ ڕاگرتنی زیاتر کردووە، بە تۆمەتی پێشێلکاری بەربڵاو لەوانە ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.
زۆربەی ئەو هاوکارییە سەربازییە بیانییەی کە واشنتۆن ساڵانە دەینێرێت بۆ میسر بە بڕی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار وەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەمەریکا ستایشی حکومەتەکەی سیسی کردووە لە پێشکەوتنەکاندا لە ڕووی زیندانی سیاسییەوە.
سیسی کە لە ساڵی 2014 بووە سەرۆک کۆمار، ڕایگەیاندووە، میسر هیچ زیندانییەکی سیاسی نییە، هەروەها دەڵێت ئاسایش لە پێش هەموو شتێکدایە و حکومەت بەرەوپێش دەبات بە کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک هەلی کار و نیشتەجێبوون.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز