Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژی دووشەممە لە باشوری تورکیا و لە باکوری سوریای دابوو

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەهێزترین بوومەلەرزە لە ماوەی نزیکەی یەک سەدە لە تورکیا ڕوویدا کە هێزەکەی 7.8 بوو بە پێوانەی ڕێختەر. تیمەکانی گەڕان و بەهاناچوون خەریکی وەدەرهێنانی قوربانییەکانن لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا، کە هەتا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.

٠٦:١٤ ٧.٢.٢٠٢٣

ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتۆتە زیاتر لە 4300 کەس لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی زوویەکی ڕۆژی دووشەمە لە باشوری تورکیا و هەروەهاش لە باکوری سوریای داوە. ژمارەی بریندارەکانیش هاوکاتی هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی قوربانییەکان هەروادێ و زیاتر دەبێت و ژمارەکەش بە هەزاران کەس مەزەندە دەکرێت.

هێزی بوومەلەرزەکە 7.8 بووە بە پێوانەی ڕێختەر.

٠٥:٤٨ ٧.٢.٢٠٢٣

سوریا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو وڵاتانی ئەندام دەکات هاوکار بن لە هەوڵەکانی ڕزگارکردن، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، شوێنی حەوانەوە و یارمەتییە خۆراکییەکان دوای بوومەلەرزەیەکی بەرفراوان کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لە سوریا و تورکیا.

ناوچەی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە سوریا دابەشکراوە لە نێوان خاکی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و دوایین ناوچەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەورە دراوە و هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا.

بەسام سەباغ باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ``دڵنیایی کردینەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵێکیان دەدات بۆ یارمەتیدانی سوریا لەم دۆخە زۆر سەختەدا.'' سەباغ وتی نامەیەکی لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە گەیاندووەتە گۆتێرێس و داوای یارمەتیدانمانی کردووە.

پرسیار لە سەباغ کرا کە ئایا سوریا ڕازی دەبێت بە ڕێگەدان بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری لە ڕێگەی خاڵەکانی تری پەڕینەوە لە تورکیاوە، ئەگەر ئەوە بتوانرێت. ئەو ڕاستەوخۆ وەڵامی نەدایەوە، بەڵام وتی حکومەت ئامادەیە یارمەتی بدات و هەماهەنگی بکات لە گەیاندنی یارمەتییەکان ``بۆ هەموو سوریاییەکان لە هەموو خاکی سوریا''.

خاکی ژێر دەستی یاخیبووان بۆ هەموو شتێک لە خۆراکەوە تا کەرەستەی پزیشکی پشتی بە لێشاوی یارمەتییەکان لە تورکیای نزیکەوە بەستووە.

لە لایەکی ترەوە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان لە تورکیا و سوریا بەرزبێتەوە دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە هەزاران باڵەخانەی ڕووخاند.

ڕزگارکەران بەردەوامن لە کارکردن بۆ دەرهینانی زیاتری ڕزگاربووان لە داروپەردووەکان چونکە بارودۆخی سارد و بەفراوی ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ ڕزگارکردنی ژیان کورت دەکاتەوە. دەیان وڵات کەسانی پسپۆڕ و هاوکاری دەنێرن بۆ هاوکاریکردنی هەوڵەکانی ڕزگارکردن.

هەواڵەکان واڕادەگەیەنن یاریزانی تۆپی پێ کریستیان ئاتسو بێسەروشوێنە و پێدەچێت لە ژێر داروپەردوودا گیری خواردووە.

٠٤:٥٢ ٧.٢.٢٠٢٣

سامانتا پاوەر، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا تیمێکی پسپۆڕی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان ڕەوانە دەکات، دوای بوومەلەرزە لە تورکیا و باکوری ڕۆژئاوای سوریادا کە زیاتر لە دوو هەزار و 800 کەس گیانیان لەدەستدا.

پاوەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، تیمی هاوکاری بۆ بەهاناچوونی کارەساتەکان "بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە هێڵی پێشەوە دەبن، هەروەها لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەسەر زەوی و دەزگاکان لە سەرانسەری حکومەتی ئەمەریکا کاردەکەن".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە،USAID لە پرۆسەی ڕەوانەکردنی دوو تیمی گەڕان و بەهاناچوونی شارستانییە لە ویلایەتەکانی ڤێرجینیا و کالیفۆرنیاوە.

٠٤:١٥ ٧.٢.٢٠٢٣

تورکیا دەچێتە دووەم ڕۆژی ئەو کارەساتەی کە بوومەلەرزە وێرانکەرەکە بە دوای خۆیدا بەجێی هێشتووە، بە ژمارەیەکی زۆر قوربانی و داڕمانی بیناکان و هەزاران خێزانی خەمبار، لە کاتێکدا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە زیاتر لە 10 ناوچەی زیانلێکەوتوو بەردەوامن لە کارەکانیان، شارەزایان هوشیاری دەدەن سەبارەت بە مەترسییەک کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، ئەویش دابەزینی پلەی گەرمی جەستەیە کە مەترسی گیانلەدەستدانیان زیاتر دەکات.

ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی 7.8 پلە کە ناوەڕاست و باشووری تورکیا و سوریای گرتەوە، هاوکات بوو لەگەڵ زریانێکی بەفر کە چەند ناوچەیەکی تورکیای گرتەوە، ئەمەش سەختی کارەساتەکە دوو هێندە دەکات.

لە کاتێکدا زۆرێک لە خێزانەکان لە ترسی بوومەلەرزەی تر و کاریگەرییەکانی ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، شەوی یەکەم لە شەقامەکاندا بەسەر بەرن، ڕووبەڕووی سەرما و بەستەڵەک و پلەی گەرمی نزیک لە سفر بوونەتەوە، هەمان شت ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا گیریان خواردووە، و هیچ پێداویستییە سەرەتاییەکانی مانەوەیان بەردەست نییە.

ئۆرهان تاتار، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی کارەساتەکانی تورکیا ڕایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە چوار هەزار و 470 سەربازەوە لە هەوڵەکانی فریاکەوتن و بەهاناچوون بەشدارن، فڕۆکەکانی سوپای تورکیاش زیاتر لە 100 جار بەرزبوونەتەوە بۆ گواستنەوەی کارمەند و پێداویستی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان".

زیاتر نیشـان بده‌

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG