ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO دەڵێت کێشە و گرفتی زۆرمان لە بەردەمدایە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی سوریا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاکامی بومەلەرزەکان لە تورکیا گەیشتە 3549 و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش برینداربوون. وتیشی کۆمەک و یارمەتی پێشکەشی هەموو ناوچەکانی تورکیا دەکەن بەبێ جیاوازی سیاسی. ڕاشیگەیاند بۆ ماوەی 3 مانگ باری نائاسایی دەبێت لەو ناوچانەی بومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندوون.
جەیمس ئاڵدەر، گوتەبێژی ڕێکخراوی منداڵپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNICEF، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ وتی " ئەو بومەلەرزانەی بەرەبەیانی دوێنێ لە باشوری تورکیا و باکوری سوریایان دا ڕەنگە هەزاران منداڵیان کوشتبێت."
دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا دەڵێت زیاتر لە 24 هەزار کارمەندی فریاگوزاری لەو ناوچانە کاردەکەن کە بەهۆی بومەلەرزەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە. دەشڵێت زیاتر لە 3 هەزار کارمەندی فریاگوزاری بیانی لە وڵاتانی جیاجیاوە گەیشتوونەتە تورکیا بۆ یارمەتیدان لە هەوڵەکانی فریاگوزاری.