هەواڵ و زانیارییەکانی پێشتر لە بارەی ئاکامی بومەلەرزەکانی تورکیا لەم لینکەدایە:
ڕێکخراوێکی تورکی دەڵێت زیانە ماددییەکانی ئاکامی بومەلەرزەکە ڕەنگە بگاتە 84 ملیار دۆلار
کۆنفیدراسیۆنی کارگێری و بازرگانی تورکیا TÜRKONFED کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە، دەڵێت مەزەندە دەکات زیانە ماددییەکانی ئاکامی بومەلەرزەکە بگاتە 84.1 ملیار دۆلار. 70.8 ملیار دۆلار بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی شوێنە وێرانبووەکان و 10.4 ملیار دۆلار لەدەستدانی داهات لەسەر ئاستی وڵات و 2.9 ملیار زیانی ڕاگرتنی کار و کاسپی .
دووهەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەکان
کاروانی هاوکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بە ڕێگای دەروازەی عەون ئەلدادات ڕەوانەی ناوچە وێرانبووەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەکرێن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە زیانێکی زۆریی بەرکەوتووە.
ئەمەش دووهەمین کاروانە لە ڕۆژی دووشەممە ڕەوانە بکرێت.
پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر دەڵێت کاروانەکە لە زیاتر لە 100 بارهەڵگری پڕ لە هاوکارییە مرۆییەکانە کە لە خێڵەکانی هەرێمی فورات، جەزیرە، دێرا زۆر، بوکەمال و ڕەققە بەخشراوە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە.
سەرۆکی خێڵکانی کە هاوکارییەکانیان ناردووە دەڵێن بارەکان بەبێ گرفت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەرباز بوون و هیوادارن لە ناوچەکانی دیکەش گرفتیان بۆدروست نەبێت.
جێی باسە ئەم کاروانی هاوکارییە شەش ڕۆژە ئامادەیە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایی سەر بە تورکیا، کە بەشێکی زۆری زیانەکانی بوومەلەرزەکە کەوتووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە، ڕێگەیان نەدەدا کاروانەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە ڕەوانە بکرێت.
وزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت 11 هاووڵاتی عێراقی لە تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە
ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ناوی 11 هاووڵاتی عێراقییان تۆمارکردووە کە لە ئاکامی بومەلەرزە بەهێزەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.