Accessibility links

سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی: داوامانکردووه‌ کورسی کۆتا به‌سه‌ر پارێزگاکاندا دابه‌ش بکرێت


سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستاندایه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا، به‌ڵام کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم "واده‌ی به‌سه‌رچووه‌" و دەشڵێت له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنیش، سه‌رقاڵی گفتگۆکردنن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا.

رزگار حاجی حه‌مه‌، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای راگه‌یاند "وه‌کو یه‌کێتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنداین له‌ واده‌ی خۆیدا، به‌ڵام پێمانوایه‌ ئه‌و یاسایه‌ی پێشتر کاری پێکراوه‌ به‌سه‌رچووه‌ و گرفتی زۆره‌، کاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵکیش له‌ هه‌ڵبژاردندا، چونکه‌ ناعه‌داله‌تی له‌ نێوان پارێزگاکاندا تێدابووه‌."

ڕۆژی 28 ی مانگی ڕابردوو، ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و یه‌کێتی بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌، بڕیاره‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌، ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی و یه‌کێتی دووهەم کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

بەرپرسەکەی یەکێتی گوتیشی "له‌ ڕابردوودا هه‌رێمی کوردستان یه‌ک بازنه‌ بووه‌، خه‌ڵکی هه‌ندێک ناوچه‌ ده‌نگی به‌ کاندیدی ناوچه‌ی تر داوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بکرێته‌وه‌ و بگۆرێت به‌ یاسایه‌کی باش، تا متمانه‌ بۆ خه‌ڵک بگێڕدرێته‌وه‌."

په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ڕۆژی 9 ی 10 ی ساڵی رابردوو، بۆ ماوه‌ی ساڵێک ته‌مه‌نی خۆی درێژکرده‌وه‌، به‌و پێەی لایه‌نه‌کان ڕێکنه‌که‌وتن له‌سه‌ر یاساو شێوازی هه‌ڵبژاردن، گه‌ر لایه‌نه‌کان به‌ گشتی و پارتی و یه‌کێتی به‌دیاریکراوی نه‌گه‌نه‌ ڕێککه‌وتن، مه‌ترسی ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردن له‌ کۆتایی ئه‌مساڵیشدا دێته‌ ئاراوه‌، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی سورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان دوا نەکەوێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی له‌و باره‌یه‌وه‌، ده‌ڵێت "هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک پێویستی به‌ کۆمیسیۆن و یاسا و بودجه‌ هه‌یه‌. کۆمیسیۆنی هه‌رێم ماوه‌ی به‌سه‌رچووه‌، ئێستاش سه‌رقاڵی هه‌مواری یاساکه‌ین، گه‌ر ئه‌مانه‌ ئاماده‌ کران، ئه‌وکات کۆمیسیۆن بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌دات."

هه‌روه‌ها وتیشی"بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی باش و پرۆفیشناڵانه‌، ڕێوشوێنه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ 180 ڕۆژه‌وه‌ بۆ 210 ڕۆژی ده‌وێ."

هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌ک بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ چوار بازنه‌یی، له‌گه‌ڵ کورسی پێکهاته‌کان و تۆماری ده‌نگده‌ران، ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ن که‌ ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی و پارتی گفتوگۆکانیان له‌سه‌ر چڕکردووه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ کورسی پێکهاته‌کان، رزگار حاجی حه‌مه‌ وتی"داوامانکردووه‌ کورسی کۆتا به‌سه‌ر پارێزگاکان دا دابه‌ش بکرێت، وه‌کچۆن برایانی مه‌سیحی له‌هه‌ولێر و دهۆک هه‌ن، له‌ سلێمانیش هه‌ن، برا تورکمانه‌کان هاوشێوه‌ی هه‌ولێر له‌ که‌لار و کفریش هه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م مافه‌ بۆ هه‌موویان به‌ ڕه‌وا ببینرێ."

لە ئێستادا 11 کورسی کۆتای کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لە پەرلەمانی هەرێمدا هەیە کە بەشێوازی هەڵبژاردنی یەک بازنەیی دەنگیان پێدراوە.

سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی ڕوونیشیکرده‌وه‌، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوازی یه‌ک بازنه‌یی، وایکردووه‌ نوێنه‌ره‌کان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ناوچه‌کانیان نه‌که‌ن، په‌رله‌مانتار به‌رپرسیار نه‌بووه‌ به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌ری خۆی لە کاتێکدا خەڵ لە هه‌موو ناوچه‌کان ده‌نگیان پێداوه‌، وتیشی"گه‌ر سستمی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، کورسی پارێزگاکان به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دیاری بکرێت و پشت به‌ داتای وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراق ببه‌سترێ، خه‌ڵک نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، په‌رله‌مانتار به‌رپرسیاره‌ به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌رانی، ئه‌مه‌ش گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌یه‌."

سه‌باره‌ت به‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردن که‌ یه‌کێتی و پارتی ڕای جیاوازیان له‌سه‌ریان هه‌یه‌، سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی، وتی"یاسای هه‌ڵبژاردن چه‌ندین ساڵه‌ هه‌موار نه‌کراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ که‌مێک ئاسته‌نگ دێته‌ پێش، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ دیالۆگ و گفتووگۆ، ڕاکانمان یه‌کبخه‌ین، تا یاسایه‌کی باش و هاوچه‌رخ دابنێین."

XS
SM
MD
LG