Accessibility links

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش: دەرگایەکی نوێ هەیە بۆ بەرەوپێشچوون لە عێراق


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ حەوتهەمین دیداری سلێمانی ڕایگەیاند "ئێمە دەزانین ناکۆکییەکانی ناوچەکە لە شەوێکدا سەریان هەڵنەداوە بەڵکو دەرەنجمی دەیان ساڵی چەوساندنەوە، تیرۆر، مەزهەبگەرایی و دەستێوەردانی دەرەکین."

لەگەڵ ئەوەشدا کە گوتی چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کێشەکان لە شەو و ڕۆژێکدا چارەسەر بکرێن بە تایبەتی وەک خۆی گوتی "لە کاتێکدا کە ناکۆکیە جیۆپۆلەتیکیەکان لە پەرەسەندندان و لە کاتێکدا کە ناجێگیری ئابووری هەیە" بەڵام بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی ئەم داوییانەی بۆ عێراق گوتی " ئێستا دەرگایەکی نوێ هەیە بۆ بەرەوپێشچوون؛ بەرەوپێشچوون لە بوارەکانی کەرتی گشتی، فەرەچەشنکردنی ئابوری، دابینکردنی هەلی گونجاوی کار بۆ گەنجان و پێشکەوتن لە بواری جەختکردنەوە لە مافی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەقامگیرکردنی ناوخۆ و ناوچەکە لە ڕێگەی دیبلۆماسی و دیالۆگوە هەروەها پێشکەوتن لە بواری وەڵامدانەوەی کارەساتی سروشتی و کەمی ئاو کە مەترسی دەخەنە سەر ژیان و گوزەران."

گۆڕانی کەش و هەوا و ئاسایشی ئاو بەشێک بوو لە سەرنجی حەوتهەمین دیداری سلێمانی، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی ڕێکخراوە و ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەکادیمییەکانی عێراق و جیهان تیادیا بەشدارن، لەم بارەیەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی " میسۆپۆتامیا خاکی کۆنی نێوان دوو ڕوبارەکانە و ناتوانێت ببێتە خاکی نوێ بەبێ ڕووبار. لە هەموو ئەو بوارانەدا، یەکێتی نیشتمانی و هاریکاری ناوچەیی گرنگن. نەتەوەیەکگرتووەکان شانازی دەکات کە بەردەوامبێت لە پشتگیری کردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژ، با پێکەوە کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ هەموو کێشەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

لە سەرەتای ئەم مانگەش گۆتێرێش لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و وتووێژی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە ئاسیش ئاو و ئاڵەنگارییەکان لەو بارەیەوە کرد و عێراقی بانگهێشت کرد بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسی ئاوی ساڵی 2023 کە لە نیویۆرک ئەنجام دەدرێت.

شایانی باسە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات سەرچاوەکانیان لە ناو تورکیاوەیە و بە سوریا و عێراقدا تێدەپەڕن و تەنها سەرچاوەی ئاوی عێراقن، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە ناو تورکیا ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاوە کەمیان کردووە و ئەمەش مەترسی ناسەقامگیری ئاو لە عێراقدا دروست دەکات.

XS
SM
MD
LG