سیاسەتمەداری بەناوبانگی کورد ئەحمەد تورک دەڵێت لەوانەیە لە هەڵوێستی شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەرامبەر بە پرسی کورد ئاستەنگ هەبێت.
ئەحمەد تورک لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە کێشەی زۆرمان هەیە. چۆن ئەم شەش لایەنە پێکەوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەنێن، بەگوێرەی خەمڵاندنی من ئاستەنگ دروست دەبێت. هیوادارین هیچ ئاستەنگێک نەمێنێت، بەڵام کاتێک سەیری ئەم ڕەوشە دەکەین، کێشە لە بواری ئایدۆلۆژی و سیاسیدا هەیە. ئەستەمە بەدیهێنانی خواستی هەموو گەل و بەتایبەتی خواستی گەلی کورد."
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئازادی و کار لە ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەمەبەستی تاوتوێکردنی ستراتیژی و هاوپەیمانییەکان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، بەیاننامەیەکی نووسراو بڵاوکرایەوە، تێیدا ڕاگەیەندرا کە بەم نزیکانە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن.
لە بەیاننامەکەدا دەڵێت "دیبەیتێکی فراوانمان لەسەر کاندیدکردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەنجامدا. دوای بوومەلەرزەکە بڕیارێکی نوێمان دا بۆ کاندیدکردنی سەرۆکایەتی کۆمار. بڕیارێکی هاوبەشمان داوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایدەگەیەنین."
هەدەپە دەیەوێت وەک یەک لیست لەگەڵ هاوپەیمانی ئازادی و کار بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە دژایەتی ئەمە دەکەن.
سەبارەت بەم ناکۆکییانە، سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک و سیری ساکیک هاتنە بارەگای هەدەپە و لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی ئازادی و کار کۆبونەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
دوای کۆبوونەوەکە ئەحمەد تورک وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکای دایەوە سەبارەت بە داخستنی هەدەپە، پشتگیری کەمال کلیچدارئۆغڵو و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە پەرلەمان.
سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە18 ی ئەم مانگەبۆ بارەگای هەدەپە ئەحمەد تورک گوتی سەردانێکی گرنگ دەبێت " هەدەپە دەنگی 7 ملیۆن کەس بەدەست دەهێنێت. هەروەها سەردانەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو ئاساییە. هەمووان زۆر باش دەزانن ئەگەر کیلیچدارئۆغڵو سەردانی هەدەپە نەکات، ئاستەنگ و کێشەی زۆر دروست دەبێت."
ئەحمەد تورک، هەرچەندە سەردانەکەی کیلاچدارئۆغڵوی بە ئەرێنی وەسف کرد، بەڵام لەڕووی چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە ڕەخنەی لە لایەنی شەشقۆڵی هەیە. تورک گوتی ئەگەر لایەنی شەشقولیش بێتە سەر دەسەڵات، ئاستەنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دروست دەبێت.
سەبارەت بە قەدەغەکردنی هەدەپەش ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتی کوردی لە مێژوودا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە و زۆربەیان تێپەڕاندووە. تورک ڕاشیگەیاند، گەلی کورد ڕێکخراوە، دەتوانێت ڕێگەیەکی تر بدۆزێتەوە و لە بەرامبەر هەموو کێشەکاندا سەرکەوتوو بێت.