Accessibility links

سەرۆکی سوریا لە سەردانێکی فەرمیدا دەگاتە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب


بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب(ئیمارات) ئەمەش دووهەم سەردانێتی بۆ کەنداوە لە پاش بوومەلەرزە وێرانکارەکەی مانگی ڕابردووەوە کە بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی عەرەب پەیوەندی بە حکومەتەکەیەوە بکەن کە لە ئاستی لە پەراوێزخراوە.

ئەم سەردانەی ئەسەد پاش سەردانێکی مانگی ڕابردووی دێت بۆ عومان کە ئەمانەش تەنها پەیوەندی فەرمی بووە لەوەتای دەستپێکردنی شەری ناوخۆی وڵاتەکەیەوە لە ساڵی 2011.

میدیای دەوڵەتی ئیمارات ڕایگەیاند "بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری عەرەبی سوریا ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە سەردانێکی فەرمی لەگەڵ ئەسمای هاوسەری گەیشتە ئیمارات."

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی دەنگوباسی WAM ی ئیماراتی سەرۆکی سوریا لە ئەبوزەبی پایتەخت لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیماراتەوە پێشوازی لێکراوە.

ئەبوزەبی کە لە ساڵی 2018 وە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی ئەسەد ئاسایی کردووەتەوە، لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دوو کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری سوریای گرتەوە و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژران، سەرکردایەتی هەوڵەکانی هاوکاری کردووە.

شرۆڤەکاران دەڵێن، هەنگاوە دیپلۆماسییەکان کە بەهۆی هەوڵە هاوکارییەکان لە دوای بوومەلەرزەکەوە دروست بووە، دەتوانێت پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بکات کە تا ئێستا دوای زیاتر لە دە ساڵی شەڕ نەتوانراوە ئاسایی ببنەوە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بەڵێنی دابوو زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار هاوکاری بکات بۆ زیانەکانی بوومەلەرزەکەی سوریا کە هەتا ئێستا گەورەترین بڕە پارە بوو لەلایەن هەر وڵاتێکەوە.

هەروەها تیمێکی گەڕان و فریاگوزاری ناردبوو و هەزاران تۆن کەلوپەلی فریاگوزاریشی دابین کردبوو.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات، شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، مانگی ڕابردوو سەردانی سوریای کرد. ئەو یەکەم بەرپرسی باڵای کەنداو بوو لە دوای بوومەلەرزەکەوە سەردانی سوریا بکات.

لە کاتی شەڕی سوریادا، ئەسەد بە دەگمەن چووبووە دەرەوەی وڵات، جگە لە ئێران و ڕووسیای هاوپەیمانی کە ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە سەردانی ئەو وڵاتەی کردەوە و لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمێر پوتین کۆبووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای ئەمنی ئێران لە ئەبوزەبی چاوی بە سەرۆک کۆماری ئیماراتی کەوت و لەگەڵ شێخ تەحنون بن زاید ئال نەهیان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات وتووێژی کرد کە ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە ئەسەد لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەشداری کرد.

وەزیری دەرەوەی سعودیە، کە وڵاتەکەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزەکەی سوریا ناردووە، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کۆدەنگییەک لە جیهانی عەرەبیدا دروست دەبێت کە ڕێبازێکی نوێ بۆ دیمەشق پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان لەنێویاندا بوومەلەرزەکە.

سەرچاوە : فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG