Accessibility links

تا ئێستا هەناردەی 750 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک وەستاوە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان


سه‌رۆكی ئه‌ندازیارانی كۆمپانیای نه‌وتی باكور بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کە 10 ڕۆژە هەناردەی ڕۆژانەی 75 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکوک بۆ دەرەوە وەستاوە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵایەکی عێراقی له‌ دژی توركیا پەسەندکرد.

فه‌رهاد حه‌مزه،‌ سه‌رۆكی ئه‌ندازیارانی نه‌وتی پێشكه‌وتوو له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند، "له‌ ڕۆژی 25 ی مانگی ڕابردووه‌وه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ توركیا ڕاگیراوه‌. ڕاگرتنه‌كه‌شی په‌یوه‌ندی به‌ ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌. وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌یه‌وێت نه‌وتی كه‌ركوك و هه‌رێم پێكه‌وه‌ هه‌نارده‌ بكات و خۆی سه‌رپه‌رشتی بكات."

فه‌رهاد حه‌مزه ئاماژەیدا کە هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاوی كه‌ركوك بۆ توركیا لە مانگی ڕابردوو زیاتر له‌ ملیۆنێك و 700 هه‌زار به‌رمیل بووه‌. ئەو ڕایگەیاند کە وەستانی ئەم هەناردەیە پێشبینی دەکرێت ملیۆنان دۆلار زیانی بۆ عێراق هەبێت و ژمارەکە بەرزتر ببێتەوە بەو پێیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکە لە‌م مانگه‌دا گرێدراوه‌ بە ئاراسته‌ی گفتووگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غداوه‌.

فه‌رهاد حه‌مزه‌ وتی، "ئێمه‌ نه‌وتمان به‌ فرمانی وه‌زاره‌تی نه‌وت بۆ توركیا ڕاگرتووه‌، كه‌ی فرمانمان پێدرا جارێكی تر ده‌ست به‌هه‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت ده‌كه‌ینه‌وه‌."

ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ نرخی نەوت بە رێژەی 8% بەرزبووەوە دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس رایگەیاند تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خستنەڕووی نەوت بە بڕی 1 ملیۆن 160 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە. نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار و 26 سەنت بەرزبووە و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا؛ هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 4 دۆلار و 14 سەنت بەرزبووە و بە 79 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ڕۆژانه‌ 355 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، وە به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وته‌ بۆ پاڵاوتگه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق و پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك ته‌رخان ده‌كرێت. به‌ڵام ڕۆژانه‌ 75 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕێگه‌ی بۆری نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەروە بەندەری جەیهانی توركیاوه‌ هه‌نارده‌ وڵاتانی تر ده‌كرا.

چاودێرانی بواری ئابووری پێیانوایه‌ ڕاگرتنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركوكیش زیان به‌ ئابووری عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت بە هۆی ئەوەی کە داهاتی مانگانه‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی كه‌ركوك بۆ توركیا هه‌ندێك مانگ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 250 ملیۆن دۆلار.

محه‌مه‌د حسێن، توێژه‌ر له‌ ناوه‌ندی عێراقی بۆ شیكارییه‌ ئابورییه‌كان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "عێراق زیانی ئابووری له‌ ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركوكیش ده‌كات، چونكه‌ هه‌رێم نه‌وت نه‌فرۆشێت ده‌بێت عێراق بودجه‌ی پێبدات. ئینجا بۆ پاره‌داركردنی بودجه‌ی ساڵی 2023 عێراق پێویستی به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركوكیشه‌."

هه‌رچه‌نده‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ توركیا ڕاگیراوه‌، به‌ڵام كاركردن و به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی به‌شێكی زۆری نه‌وتی پارێزگاكه‌ بۆ پێداویستییه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراقه‌و به‌شێكی كه‌میشی تا ئێستا به‌تانكه‌ر ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت.

فه‌رهاد حه‌مزه،‌ سه‌رۆكی ئه‌ندازیارانی پێشكه‌وتوو له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور، وتیشی، "به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت له‌ كه‌ركوك كه‌می نه‌كردووه‌. مانگ هه‌یه‌ نه‌وت كه‌م و مانگیش هه‌یه‌ زۆر هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ گرێدراوه‌ به‌ سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی نه‌وته‌وه‌."

XS
SM
MD
LG