Accessibility links

به‌رپرسێکی باڵای پارتی: ئابووری سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی کوردستان كۆتایی نه‌هاتووه‌


به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بە مانای كۆتایی هاتنی ئابووری سه‌ربه‌خۆی هەرێمی کوردستان نییە و جه‌خت لەوەش دەکاتەوە یه‌كێتی ڕۆڵی نه‌بووه‌ لەو‌ ڕێككه‌وتنه‌دا.

ئه‌كره‌م ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگەیاند، "ده‌توانرێت پرسی ئابووری سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم له‌ نێو یاسای نه‌وت و غاز و به‌پێی ده‌ستور یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و بیره‌ نه‌وتیانه‌ی نه‌وتیان لێوە هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌ له ‌دوای ڕووخانی رژێمی به‌عس دۆزراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵكه‌نراون و نه‌وتیان لێ به‌رهه‌م هێنراوه‌."

پرسی دروستکردنی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان له‌ ساڵی 2014ە‌وه گەرمتر بوو ئەوکاتەی‌ هه‌رێم بڕیاریدا بەبێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت. بەڵام دوای نزیکەی 9 ساڵ بەهۆی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سكاڵایه‌كی عێراق له‌سه‌ر توركیا له‌ دادگای ناوبژیوانی پاریس و ڕاگرتنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، هەندێک لە چاودێران پێیانوایه‌ كۆتایی به‌ پرۆسه‌ی ئابوری سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم هاتووە.

ئه‌كره‌م ساڵح ده‌ڵێت، "مادام بیره‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم دوای ڕووخانی به‌عس لێدراون، هه‌رێم ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ خۆی به‌ڕێوه‌یان ببات. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز، هه‌رێم و به‌غدا چۆن له‌سه‌ر یاساكه‌ ڕێكده‌كه‌ون، تا به‌غدا ئاگاداری ئابووری و داهاتی هه‌رێم بێت، هه‌رێمیش مافی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و غازی خۆی هه‌بێت."

ڕۆژی سێشه‌ممە‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای كرد و ڕێككه‌وتنێكی نوێ و كاتی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق واژۆ كرد، تا ئه‌وكاته‌ی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2023 په‌سه‌ند ده‌كرێت.

به‌پێی وته‌ی باسم عه‌وادی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراق، له‌ ڕێككه‌وتنه‌ نوێیه‌كه‌دا ئه‌وه‌ جێگیركراوه‌ کە نه‌وتی هه‌رێم له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ ده‌فرۆشرێت و نوێنه‌رێكی هه‌رێمیش له‌ كۆمپانیاكه‌ داده‌نرێت. هه‌روه‌ها دوو نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و دوو نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان سه‌رپه‌رشتی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كه‌ن، تاكاتی ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز.

ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسی لقی 22 ی پارتی، ده‌ڵێت، "ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی كراوه‌ واقیعی حاڵه‌ و رێككه‌وتنێكی باش و هاوسه‌نگه‌، چونكه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت ڕاگیراوه‌. رێككه‌وتنه‌كه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و هه‌رێمی تێدایه‌. ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ و له‌یه‌كترتێگه‌یشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ بواری نه‌وت و غاز."

ئه‌و وتیشی"رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌ره‌تایه‌، چونكه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ رێككه‌وتوون. كه‌ یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند كرا، كاریگه‌ری ئه‌م رێككه‌وتنه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌، كار بۆ ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و غاز و جێكردنه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌رێم ده‌كرێت به‌ پێی ده‌ستور."

ڕۆڵی یەکێتی

ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ كاتێكدا ئه‌نجامدرا كه‌ تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كردووه‌ و تیمی یەکێتی لەو کاتەوە بەشداری سەردانەکانی شاندی سەرۆکی حکومەت ناکەن بۆ بەغدا. بۆیه‌ هیچ نوێنه‌رێكی یه‌كێتی له‌ نێو ئه‌و وه‌فده‌دا نه‌بوو كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی دوێنێ سێشه‌مه‌ی له‌ به‌غدا واژۆ كرد.

ئه‌كره‌م ساڵح لەم بارەوە ڕایگەیاند، "یه‌كێتی هاوبه‌شن له‌ حكومه‌ته‌دا، به‌ڵام به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی حكومه‌ت ناكه‌ن، بۆیه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌م رێككه‌وتنه‌دا حكومه‌ت و سه‌رۆكی حكومه‌ت گێڕاویانه‌. یه‌كێتی له‌م رێككه‌وتنه‌دا ڕۆڵی ئه‌وتۆیان نه‌بوو."

بەڵام بەرپرسانی یەکێتی ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

کەریم شوکر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر قوباد تاڵەبانی چەندین جار بۆ ڕێکەوتن سەردانی بەغدای کردووە. ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕێکەوتندا بووین لەگەڵ عێراق تا گەرەنتی مافە دەستوریەکانی هەرێم بکرێت."

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بڵاویكرده‌وه‌، ڕایگه‌یاند، "ئێستا كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ خۆمان به‌ پاڵه‌وان ده‌رخه‌ین. كاتی ئه‌وه‌یه‌ دان به‌هه‌ڵه‌كانمان بنێین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕوونی گرفته‌كان ببینین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك."

قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه ‌"ده‌بوو پێشتر و به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆمان ئه‌م كاره‌مان بكردایه‌، نه‌ك دوای بڕیاری دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. به‌ڵام ئێستاش به‌هه‌نگاوێكی دروستی ده‌زانین له‌ پێناو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌یه‌كجاری له‌داهاتوودا."

XS
SM
MD
LG