Accessibility links

یوسف محه‌مه‌د: وڵاتانی دراوسێ هه‌ست ده‌که‌ن ئێستا ده‌رفه‌تێکی گونجاوه‌ بۆ لاوازکردنی هه‌رێم


سه‌رۆکی پێشووی په‌رله‌مانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاتانی دراوسێ هه‌میشه‌ به‌ره‌وپێشچوونی هه‌رێمی کوردستانیان به‌مه‌ترسی زانیووه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی خۆیان، ئێستا پێیانوایه‌ ده‌رفه‌ته‌که‌ گونجاوه‌ تا هێنده‌ی تر هه‌رێم لاواز بکه‌ن.

ده‌شڵێت "گه‌ر هه‌رێم گرفتاری ده‌ستکێشه‌ی ناوخۆیی نه‌بایه‌ و خاوه‌نی حوکمڕانی باش بووایه‌، ده‌یتوانی په‌یوه‌ندی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ دروست بکات و به‌ره‌نگاری ته‌حه‌دیاتی ده‌ره‌کی بایه‌ته‌وه‌."

یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکی پێشووی په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت "ئه‌مه‌ریکا سه‌رقاڵی کێشه‌ی چین و شه‌ڕی ئۆکرانیایه‌، بایه‌خی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌متربووه‌ته‌وه‌، ئینجا پێشێلکردنی ماف و ئازادییه‌کان له‌هه‌رێم و بوونی گه‌نده‌ڵیش، بوونه‌ هۆی لاوازبوونی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌هه‌رێم."

وه‌فدێکی ئێران به‌سه‌رۆکایه‌تی حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌ و زانیارییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌جێندای سه‌ره‌کی سه‌ردانه‌که‌ پارته‌ کوردییه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بێت‌، که‌ له‌ناو هه‌رێمی کوردستان بنکه‌و باره‌گایان هه‌یه‌، ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌و هێزانه‌ له‌ چه‌ک داماڵرێن.

له‌کاتێکدا تورکیاش ئاسمانی وڵاته‌که‌ی به‌ڕووی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی داخستووه‌، به‌ پاساوی هه‌بوونی جم و جۆڵ و چالاکی په‌که‌که‌، هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ش، تورکیا هێرشی کرده‌ سه‌ر فڕۆکەخانەی سلێمانی، له‌وکاته‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌ره‌مانده‌ی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات له‌ فرۆکه‌خانه‌وه‌ به‌ره‌و سوریا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌.

یوسف محه‌مه‌د پێیوایه‌، خه‌ریکه‌ ئێران و سوریا و تورکیا له ‌یه‌کتری نزیک ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت تورکیا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ رژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌ددا.

ئه‌و ده‌ڵێت "گه‌ر تورکیا و رژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌د نێوانیان ئاسایی بێته‌وه‌، کێشه‌ی کورد له‌ سوریا یه‌کێک ده‌بێت له‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ر مێزی گفتووگۆ دانوستان و موساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت."

له‌ ڕۆژی 25 ی مانگی رابردووه‌وه‌، تورکیا هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی ڕاگرتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌رپرسانی هه‌رێمی ناچار کردووه‌، تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق ڕێکبکه‌ون، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ کۆتایی هاتنی "ئابووری سه‌ربه‌خۆ" لێکده‌درێته‌وه‌، که‌ 9 ساڵه‌ هه‌رێم کاری بۆ ده‌کات.

یوسف محه‌مه‌دی سه‌رۆکی پێشووی په‌رله‌مانی کوردستان، ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات کۆمه‌ڵێک هۆکاری ناوخۆیی و ده‌ره‌کی هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێم دامه‌زراوه‌ و حکومه‌تی نیشتمانیمان نییه‌، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مری واقیعی حزبیمان هه‌یه‌، ئه‌و کێشانه‌ی له‌ڕابردوو هه‌بوون و ڕووپۆشکرابوون، ئێستا په‌رده‌یان له‌سه‌ر لابرا."

هه‌روه‌ها وتیشی"شکستی ئابووری و نه‌وت و هاتنه‌ کایه‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی عێراق و ئێران و تورکیا، ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆی لاوازتربوونی هه‌رێم و به‌هێزبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عێراق."

تورکیا و ئێران پێکه‌وه‌ فشاره‌کانیان له‌سه‌ر هه‌رێم چڕکردووه‌ته‌وه‌، ئێران به‌بیانووی جۆراو جۆر ناوبه‌ناو هه‌ولێر بۆمباران ده‌کات و فشاره‌کانی چڕکردووه‌ته‌وه‌ دژی هێزه‌ کوردییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی، هه‌روه‌ها تورکیاش سلێمانی کردووه‌ته‌ ئامانج و بیانووی هه‌بوونی چالاکی چه‌کدارانی په‌که‌که‌یە.

یوسف محه‌مه‌د ده‌ڵێت "وه‌کچۆن له‌ دوای ڕاپه‌ڕین له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان نزیکبوونه‌وه‌ هه‌بوو له‌ نێوان وڵاتانی دراوسێ، له‌سه‌رووبه‌ندی ریفراندۆمیش ئه‌م نزیکبوونه‌وه‌ ڕوویدایه‌وه‌، به‌دووری نابینم جارێکی تریش هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوانیان دروست ببێته‌وه‌ بۆ فشاری زیاتر خستنه‌ سه‌ر هه‌رێم."

XS
SM
MD
LG