Accessibility links

نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ هه‌رێم: پاش هێرشەکەی تورکیا ناوه‌ستین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جوڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی


نوێنه‌ری پارتی یه‌کێتی دیموکرات (په‌یه‌ده‌) له‌هه‌رێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کە سه‌رباری هه‌وڵه‌کانی تورکیا بۆ "تیرۆر" کردنیان، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی "ڕۆژئاڤای کوردستان" به‌رده‌وام ده‌بن له‌ جموجۆڵ و چالاکی سیاسی، ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو کاروانێکی هەسەدە بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی کرایە ئامانج لە هێرشێکی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

جاویدان که‌مال نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت، "سه‌رکرده‌ کورده‌کانی ڕۆژئاڤا گه‌ر له‌ سوریا بن یاخود هه‌رێمی کوردستان، تورکیا هێرش ده‌کاته‌ سه‌ریان گه‌ر ده‌ستی پێیان بگات، بۆیه‌ ئه‌و سه‌رکردانه‌ ڕاناوه‌ستن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ جوڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی."

ئه‌و وتیشی"ئێمه‌ له‌ ڕۆژاڤا خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تریش ده‌که‌ین، شه‌هیدێکی زۆرمان داوه‌، بۆیه‌ سه‌رکرده‌کان ڕاناوه‌ستن. جموجۆڵی سیاسی سه‌رکرده‌کان پێویسته‌. ده‌بێت تورکیا واز له‌ به‌ ئامانج گرتنی سه‌رکرده‌کانی ڕۆژاڤا بهێنێت، نه‌ک سه‌رکرده‌کان واز له‌ جوڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی بهێنن."

ڕۆژی 7ی 4 هێرش کرایه‌ سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی، له‌ کاتێکدا مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات ده‌یویست له‌ سلێمانیه‌وه‌ بۆ سوریا بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌دوای کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی سنوره‌که.‌ په‌نجه‌ی تۆمه‌تیش بۆ تورکیا وه‌کو ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌که‌ درێژ ده‌کرێت، هەرچەندە حکومەتی تورکیا تا ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ.

جاویدان که‌مال بە دەنگی ئەمەریکای وت، "سه‌ردانه‌که‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆری سلێمانی و ئه‌مه‌ریکاش ئاگاداره‌. به‌ڵام تورکیا سه‌رباری ئاگاداربوونی له‌سه‌ردانه‌که‌، سنوری به‌زاند. پێویسته‌ هاوپه‌یمانان لێپێچینەوە لە تورکیا بکه‌ن."

دوو ڕۆژیش پێش هێرشەکە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند تورکیا بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی پەکەکە هاتوچۆی ئاسمانی بۆ شاری سلێمانی ڕاگرتووە و چاوەڕوان دەکرێت تا مانگی 7 ئەو ڕاگرتنە درێژە بکێشێت.

نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت، "یه‌که‌مجار نییه‌ هه‌وڵی به‌ ئامانج کردنی مه‌زڵوم عه‌بدی ده‌درێت و ئه‌مجاره‌ش ئامانج بوو. تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی به‌ئامانج گرتنی عه‌بدییه‌وه‌ هێزه‌کانی سوریای دیموکرات لاواز بکات. پاشان هێرشه‌که‌ په‌یامێک بوو بۆ ترساندنی خه‌ڵکی سلێمانی که‌ هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌ و پشتگیری ڕۆژاڤا ده‌که‌ن، فشارێکیش بوو له‌سه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی که‌ جۆرێک له‌ هەماهەنگی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سوریای دیموکرات هه‌یه‌."

دوای هێرشه‌که‌ی سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی بۆ سوریا، مشتومڕ دروستبوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گه‌یشتنی زانیارییه‌کان به‌ تورکیا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌که‌ی عه‌بدی، بە شێک لە سەرچاوەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایه‌ زانیارییه‌کان له‌ نێوده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمه‌وه‌ دزه‌ی پێکراوه‌ و دراوه‌ته‌ تورکیا.

بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بەرپرسێکی یەکێتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەو دەنگۆیەی ڕەتکردەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ جاویدان که‌مال وتی، "هێزه‌کانی سوریای دیموکرات بەشێکن له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌شه‌ڕی دژی داعش. مه‌زڵوم عه‌بدی به‌ شێوازی فه‌رمی و له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاوپه‌یمانان هاتووه‌ته‌ سلێمانی. ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان ئاگاداری سه‌ردانه‌که‌ بوون و شاراوه‌ نه‌بوو، بێگومان تورکیاش وه‌کو هێزێکی سه‌ربه‌ ناتۆ ئاگاداری سه‌ردانه‌که‌ بووه‌."

ناوبه‌ناو خودی مه‌زڵوم عه‌بدی و سه‌رکرده‌ کورده‌کانی سوریا سه‌ردانی سلێمانی ده‌که‌ن. هۆکاری سه‌ردانه‌کانیش بۆ هه‌ماهه‌نگی و دژایه‌تی داعش ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌کاتێکدا داعش له‌ عێراق و ناوچه‌ سنورییه‌کانی هه‌رێمیش لاواز بووه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و گومانه‌ی دروستکردووه‌ که‌ سه‌ردانه‌کان هۆکاری تریشیان له‌ پشته‌وه‌ بێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ جاویدان که‌مال وتی، "کۆبوونه‌وه‌ی نێوان په‌یه‌ده‌ و هه‌سه‌ده‌ و یه‌کێتی نیشتمانی له‌ چوارچێوه‌ی هێزی سیاسی کوردین. ده‌کرێت گفتووگۆی سیاسی هه‌بێت له‌ نێوانمان، به‌ڵام سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕی دژی داعش بوو له‌نێوان سوریای دیموکرات و دژه‌تیرۆر."

چه‌ند کاژمێرێک دوای هێرشه‌که‌ی سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی، هێزه‌کانی سوریای دیموکرات ڕه‌تیانکرده‌وه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی له‌کاتی هێرشه‌که‌دا له‌ سلێمانی بووبێت، به‌ڵام دواتر سه‌ردانه‌که‌ی عه‌بدییان بۆ سلێمانی پشتڕاستکرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد زانیارییه‌که‌یان شێواندووه‌ به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی به‌سه‌لامه‌تی.

جاویدان که‌مال نوێنه‌ری په‌یه‌دا له‌هه‌رێمی کوردستان، وتی"له‌کاتی هێرشه‌که‌ی سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ سلێمانی بوو، هه‌ر له‌و فه‌تره‌یه‌دا ئیلهام ئه‌حمه‌دی هاوسه‌رۆکی په‌یه‌ده‌ش بۆ کاری سیاسی لێره‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ ئامانج گیرابوو مه‌زڵوم عه‌بدی بوو."

XS
SM
MD
LG