Accessibility links

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی: ملیۆنان کچ لە قوتابخانەکانی ئێراندا لە مەترسی ژەهراویبووندان


ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕاپۆرتێکی لەسەر ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانەکان لە ئێران بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت "ملیۆنان کچ لە قوتابخانەکاندا لە مەترسیدان لە کاتێکدا هێرشی گازی ژەهراوییە بەردەوامەکان کە بە مەبەست قوتابخانەکانی کچان دەکەنە ئامانج".

ڕێکخراوەکە دەشڵێت پێدەچێت هێرشەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان "هەڵمەتێکی هەماهەنگ" بێت بۆ سزادانی ئەو خوێندکارە کچانەی کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"یان کردووە و جلوبەرگی قوتابخانە باڵاپۆشەکانیان لابردووە.

لە بەیاننامەی ئەم دامەزراوەیەدا هاتووە، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا هەزاران خوێندکاری کچ لە نەخۆشخانە خەوێندراون و دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە بەدواداچوونی تەواو بکەن و کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی ئێران هۆکاری ئەو نیشانانەیان وەک " فشاری دەروونی، وروژاندن، و کێشەی دەروونی" ناودێر کردووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا دەڵێت " ئەم هێرشانەی کە لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 وە دەستیانپێکردووە، لە زیاتر لە سەد قوتابخانەدا خوێندکاری کچیان کردووەتە ئامانج کە توشی نیشانەکانی وەک کۆکە، سووتانی قوڕگ و لووت، تەنگەنەفەسی، لێدانی بەپەلەی دڵ، سەرئێشە، سکچوون و ڕشانەوە بوون. "

ڕێکخراوەکە ئەم هێرشانەی بە "ڕێکخراو" و "هەماهەنگ" ناوبرد و نووسیویەتی مافی خوێندن و مافی تەندروستی ملیۆنان خوێندکاری کچ لە مەترسیدایە.

ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتادا هەوڵی شاردنەوە و نکۆڵیکردنی ئەو پرسەیان داوە، تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەریان لەسەر ئەم پرسە ئەنجام نەداوە و هەوڵی بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئەو پرسە دەدەن بە ترساندنی بنەماڵە و مامۆستایان و ڕۆژنامەنوسان.

داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات دەستڕاگەیشتنی کچان بە یەکسانی و سەلامەتی بە خوێندن مسۆگەر بکەن. هەروەها داوای لە محەمەد جەعفەر مۆنتەزەری، داواکاری گشتی ئێران کردووە کە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەر لە بارەی هێرشەکانی سەر قوتابخانەکان ئەنجام بدات و دادگایییەکی دادپەروەرانەئ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بکرێت.

ژەهراویکردنی زنجیرەیی لە قوتابخانەکانی ئێران کە زۆرینەی کچانن، لە کانوونی لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە لە قوم دەستیپێکرد و بە خێرایی بۆ پارێزگاکانی دیکە بڵاوبووەوە.

لەم ماوەیەدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەوە لێدوانی دژبەیەکیان دەربڕیوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، مانگی ڕابردوو ڕابردوو بە ئاماژەدان بە ژەهراویکردنی زنجیرەیی لە قوتابخانەکاندا وتی "ئەمە تاوانێکی گەورە و لێخۆشبوونی نییە. بەڵام ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئێران، لە دوایین کاردانەوەی خۆیدا بەرامبەر ئەم پرسە، بە "پیلانێکی نوێی دوژمن بۆ دروستکردنی ترس لە دڵی خوێندکاراندا" ناودێریکرد.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت "لەسەدا 90 ژەهراویبوون لە قوتابخانەکاندا بەهۆی خوێندکارە فێڵبازەکان بووە".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی ئیسلامی لە نێویاندا شەهریار حەیدەری ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان ئەم هێرشانەیان بە "ڕێکخراو" وەسف کردووە.

XS
SM
MD
LG