Accessibility links

کەمال کلیچدارئۆغڵو باس لە عەلەوی بوونی خۆی دەکات و بەمەش ڕووبەڕووی نەریتێکی سیاسی وڵاتەکە دەبێتەوە


ڕکابەرەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی تابوویەکی سیاسی تورکیا بووەوە بە قسەکردن لەسەر عەلەوی بوونی، ئەو گروپە ئاینییەی کە دەیان ساڵە دەکرێنە ئامانجی جیاوازی کردن و هێرشی توندوتیژ.

کەمال کلیچدارئۆغڵو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ دەنگدەرە گەنجەکان شەوی چوارشەممە باس لەو نیگەرانییە نەگوتراوانە دەکات کە دەنگدەرانی ئەو وڵاتە زۆرینە سوننەیە ئامادە نین لە 14ی مانگی پێنجدا سەرۆکێکی عەلەوی هەڵبژێرن.

عەلەوییەکان نەریتێکی ئیسلامی جیاواز لە سوننە و شیعە پەیڕەو دەکەن. هەندێک وەک ناسنامەیەکی کولتووری زیاتر لە باوەڕێکی ئایینی لێی دەڕوانن.

دەیان ساڵە ڕووبەڕووی گۆشەگیری بوونەتەوە و بەهۆی جیاکاری و هێرشکردنە سەر شوێنی پەرستنەکانیانەوە هەوڵیانداوە ناسنامەکەیان بە نهێنی بهێڵنەوە.

ئەردۆغان جارێکیان عەلەوییەکانی بە داهێنانی "ئاینێکی نوێ" تۆمەتبار کرد.

لەو کاتەوە لە وتارەکانیدا ڕایگەیاندووە ناسنامەی کلیچدارئۆغڵو لە دژی بەکارناهێنێت.

ئەرۆدغان لە وتارێکی ساڵی 2014 دا گوت" کلیچدارئۆغڵو، دەتوانیت عەلەویبیت، ڕێزت لێدەگرم."

کیلیچدارئۆغڵو هەرگیز ناسنامەی عەلەویبوونی خۆی نەشاردووەتەوە بەڵام بە دەگمەن بە وردی باسی کردووە.

ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەو فەرمانبەرە تەمەن 74 ساڵەی پێشووی دەوڵەت ئەگەری هەیە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی دوو دەیەی ئەردۆگان بهێنێت.

کیلیچدارئۆغڵو بۆ گەیشتن بە دەنگدەرنی ڕووی کردووەتە پلاتفرۆمی تویتەر لە وڵاتێکدا کە زۆربەی میدیاکان هێڵی حکومەت پەیڕەو دەکەن، و لەوێ بە ئاشکرا جەختی لە ناسنامەی خۆی کردەوە.

کلیچدارئۆغڵو لە پەیامەکەیدا بۆ ئەو 5 ملیۆن گەنجەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان گەورە بوون و یەکەم جارە دەنگی خۆیان دەدەن گوتی " منداڵە ئازیزەکانم ئەوانەی کە یەکەم جارە دەنگ دەدەن. من عەلەویم. موسوڵمانم... خودا ژیانی پێ بەخشیوم. من گوناهبارنیم."

هەروەها دەشڵێت "ناسنامەکانمان ئەو سەروەت و سامانانەن کە وامان لێدەکەن ئێمە کێبین."

پەیامەکەی کلیچدارئۆغڵو هەستێکی دروست کرد کە بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم هەڵبژاردنەی کە کەمتر لە مانگێکی ماوە بە گرنگترین هەڵبژاردن لە مێژووی دوای عوسمانی ئەو وڵاتە ستراتیژییە تەماشا دەکرێت.

تویتەکەی تا سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە نزیکەی 58 ملیۆن بینەری هەبووە و حکومەتی ئەردۆغانی ناچار کردووە بەرپەرچی بداتەوە.

سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا پرسیار دەکات بۆچی ئێستا ئەمە دەڵێت؟

سۆیلو وتی " ئێمە ئەوانە نین کە بڵێین عەلەوی ناتوانێت دەنگ بەدەست بهێنێت. ئەوە کۆمەڵگەیە کە پرسیار لەوە دەکات، ئێمە کێشەمان لەگەڵدا نییە. ئەو هەوڵدەدات ڕۆڵی قوربانی ببینێت."

و لە تویتێکیشدا نوسیویەتی " عەلەوی، سوننە، سەرۆکی 85 ملیۆن تورکە."

بەڵام هەندێکی تر دەستبەجێ پیرۆزباییان لە کیلیچدارئۆغڵو کرد بۆ قسەکانی.

پێگەی هەواڵی دوڤاری ئۆپۆزسیۆن بە "وتاری مێژوویی" ناوی بردووە.

ئەسلی ئایدینتاسباس کە بۆ ماوەیەک لە دامەزراوەی بروکینگزە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، "ڤیدیۆیەکی بوێرانەی کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کە باسی عەلەوی بوون دەکات - نزیکە لە شکاندنی تابۆیەکی سیاسی لە تورکیادا".

هەروەها پارتی سەعادەت کە پارتێکی بچووکە و ڕیشەی ئیسلامیی هەیە هاوبەندی لەگەڵ ئەردۆغاندا شکاند و پەیوەندی بە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی کلیچدارئۆغڵوەوە کردووە، لە تویتێکدا پشتیوانی خۆی بڵاو کردەوە.

XS
SM
MD
LG