Accessibility links

بڕیاردەری لیژنەی دارایی: حكومه‌تی هەرێم له‌ 48 کاتژمێردا لیستی مووچه‌ی مانگی چوار ڕاده‌گه‌یه‌نێت


محەمەد سەعدەدین
محەمەد سەعدەدین

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستده‌كرێت به ‌دابه‌شكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " پلانی حكومه‌تی هەرێم ئەوەیە له‌ماوه‌ی 48 سه‌عات حكومه‌تی هەرێم لیستی مووچه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان مووچه‌ی خۆیان وه‌ربگرن له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا."

دوێنێ دوو شەممە مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند 400 ملیار دینارەکە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەشێت بگاتە هەولێر.

ڕۆژی سێ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند حکومەتی عێراق بڕی400 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە ناردۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێم وتی، "به‌و 400 ملیاره‌ی كه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ هاتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته‌ ناوخۆییه‌ی كه‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌م پاره‌یه‌یه‌ و هه‌تا ئه‌وكاته‌ی لیستی مووچه‌ ته‌واو ده‌بێت، ڕۆژانه‌ حكومه‌ت هه‌وڵده‌دات به‌شێوازێكی سیسته‌ماتیک و ده‌وری ئه‌م داهاته‌ ناوخۆیه‌ش كۆبكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانێت هه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌كان به‌گوێره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌ مووچه‌ی خۆیان وه‌ربگرن."

دواکەوتنی موچە

لەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداد لەساڵی 2014وە، بەردەوام گرفت لەکاتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەبووە. جگە لە بڕەکەی بەناوی لێ بڕین یا پاشەکەوت، موچەی فەرمانبەران چەندین مانگ لە کاتی خۆی دابەش نەدەکرا.

ئێستاش کە نۆ ڕۆژ لە مانگی پێنج ڕۆیشتووە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی چوارییان وەرنەگرتووە.

محەمەد سەعدەدین وتی، "به‌پێی پێشبینیه‌كانی ئێمه،‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان هەیە، ئه‌مه‌ به‌و شێوازه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. حكومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌ سلفه‌یه‌كی باش هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و مانگه‌ پڕبكاته‌وه‌ .ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌منزیكانه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت."

محەمەد سەعدەدین دەڵێت دواکەوتنی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران په‌یوه‌ندی به‌كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت یاخود به‌دواكه‌وتنی ئه‌و پاره‌یه‌ نییه‌ كه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ دێت، "به‌ڵكو په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ شێوازی ڕێكخستنی كاروباری دارایی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ت."

ئەو ڕایگەیاند کە سەرەڕای دواکەوتنی وادەی دابەشکردنی مووچه‌، حکومەتی هەرێم "هه‌تا ئێستا" پلانی نییه‌ بگەڕێتەوە بۆ لێبڕین یا پاشەکەوتی بەشێک لە موچە.

بڕیاردەرەکەی کاروباری لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێم چەختی کردەوە کە مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان "قه‌رزن‌" له‌سه‌ر حكومه‌ت.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، "حكومه‌ت پابه‌نده‌ به‌وه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات. ئه‌و مووچه‌یه‌ی نه‌دراوه‌ له‌ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌ و پێویسته‌ بیدات. به‌ڵام له‌ئێستادا حكومه‌ت ناتوانێت پلانێک دابنێت بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و پارانه‌ بدرێته‌وه‌. حكومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێككه‌وتنێكی تایبه‌ت بكات سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌. "

محەمەد سەعدەدین پییوایە بۆ گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران، پێویست دەکات نرخی نەوت "به‌شێوه‌یه‌كی باش" به‌رز بێته‌وه بۆ ئەوەی حکومەت بتوانرێت پاره‌ی یه‌ده‌گ کۆبکاتەوە و بۆئه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌یان بداته‌وه‌. ڕێگەی دووەم بریتییە لەوەی حکومەتی هەرێم له‌گه‌ڵ عێراق خشته‌یه‌ک دابنێت تاوەکو به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ بڕه‌پاره‌یه‌ک دیاری بكرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه.

ئەو بێ ئومێدی خۆی نیشاندا لە هەریەک لەم دوو ڕێگەیە و ڕایگەیاند، "ئێمه‌ به‌دووری ده‌زانین له‌و قۆناغه‌دا ئه‌م كاره‌ جێبه‌جێ بكرێت و پاشه‌كه‌وت بدرێته‌وه."‌

XS
SM
MD
LG