Accessibility links

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق: 400 ملیار دینارەکە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەشێت بگاتە هەولێر


مه‌سعود حه‌یده‌ر بریکاری وەزارەتی دارایی
مه‌سعود حه‌یده‌ر بریکاری وەزارەتی دارایی

مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند ئەو 400 ملیار دینارەی کە بڕیارە لە عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم پێویستیەتی بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران ڕەنگە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بگاتە هەولێر.

مەسعود حەیدەر بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێمه‌ وه‌کو وه‌زاره‌تی دارایی دوێنێ یەکشەممە ڕێنمایمان داوه‌ به‌ بانکی ناوه‌ندی بۆ دیاریکردنی حیسابی هه‌رێمی کوردستان به‌و پاره‌یه.‌ پێشبینی ده‌که‌م له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا بانکه‌کان ئه‌و پاره‌یه‌ بنێرنه‌ سه‌ر حسابی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ لقی بانکی ناوه‌ندی له‌ هه‌ولێر."

فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا موچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە.

مەسعود حەیدەر جەختی لەوە کردەوە "ده‌بێت" بابه‌تی مووچە‌ چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ بکرێت، "ئه‌ویش به‌ دانانی یاسای نه‌وت و غازی فیدڕاڵی ده‌وڵه‌تی عێراقی و به‌ هه‌مووارکردنی هه‌ندێک له‌ یاساکانی تر کە هه‌ن‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ببێته‌ یاسای ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی."

ڕاشیگەیاند، "ئه‌گه‌ر له‌ عێراقدا ڕێزگرتنی ته‌واو هه‌بێت له‌ ده‌ستور و له‌ یاساکان، ئه‌و گرفتانه‌ی که‌ هه‌یه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ ساڵی 2014 وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئه‌وکات ده‌توانرێت به‌ یه‌کجاری ئه‌م دۆسیه‌ی مووچه‌یه‌ دابخرێت ته‌نانه‌ت مووچه‌ی فه‌رانبه‌رانی هه‌رێم ببێته‌ به‌شێک له‌ کۆی مووچه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق."

پێشتریش، ڕۆژی پێنجشەممە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم لەبەغداد بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو، "ئینشا‌ڵا سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو عێراق 400 ملیار دینارەکە ڕه‌وانه‌ دەکات."

پێشبینی دەکرێت بەردەوامی دواکەوتنی موچە ببێتە هۆی زیاتر ناسەقامگیری ئابووری لە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە ڕێژەیەکی زۆری دەستی کار لە فەرمانگە حکومیەکان کاردەکەن.

پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە " 80%ی داهاتی هەرێم بۆ موچەخۆران دەڕوات کە 20%ی دانیشتوانی هەرێم پێکدێنن."

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئومێدی خۆی نیشاندا بەوەی "ئیتر بابەتی موچەی فەرمانبەران نەبێتە هەواڵی میدیا،" و ئەوەی بەستەوە بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق. ئەو پێشبینی ئەوەی کرد کۆتایی ئه‌م مانگه‌ یاسای بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

مەسعود حەیدەر ڕایگەیاند، "ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاسته‌نێگ بێته‌پێشه‌وه‌ له‌ تێڕوانینی ئێمه‌وه‌ حکومه‌تی هه‌رێم لێی به‌رپرس نییه‌...هه‌رێمی کوردستان مانگانه‌ پشکی خۆی له‌ بودجه‌ وه‌ربگرێت که‌ سیسته‌می مقاصه‌یه،‌ نه‌وت بنێرێت و داهاتی نانه‌وتیشی هه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت. ئومێد ده‌که‌ین له‌دوای په‌سه‌ندکردنی یاسای بودجه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌کلایی ببێته‌وه‌ و ئه‌م مه‌له‌فه‌ به‌ته‌واوی دابخرێت."

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 13ی مانگی سێ پڕۆژە یاسای بودجەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد کە پێکهاتووە لە 198.7 ترلیۆن دینار (152.8 ملیار دۆلار) و بە کورتهێنانی 64.1 ترلیۆن دینار. پشکی هەرێم لە بودجەکەدا بە ڕێژەی 12.6% دیاریکراوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا گه‌ره‌نتی هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم، بەرپرسە کوردەکەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، "له‌ عێراق هیچ شتێک گه‌ره‌نتی نییه‌. خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا ڕێککه‌وتنی سیاسی هه‌یه‌ و کارنامه‌ی حکومی هه‌یه‌، هه‌ردوو به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیران سودانی و جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم کاک مه‌سرور بارزانی ئیراده‌یه‌کی ڕوونیان هه‌یه‌ و ڕوئیایه‌کی ڕوونیان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان."

وتیشی، "ئێمه‌ ده‌زانین له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقیدا هۆکاری ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی خۆی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ندێکجار له‌وانه‌یه‌ بڕیاره‌کانی حکومه‌تی فیدڕاڵی بکه‌وێته‌ ژێر کاریگه‌ری هۆکاری ئیقلمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئیراده‌یه‌کی ڕوون هه‌یه‌ هه‌م له‌ هه‌رێم و هه‌م له‌ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی ته‌واو هه‌بێت و پابه‌ندبوون هه‌بێت."

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

هەوڵەکان بۆ ناردنی پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە به‌هۆی سکاڵایه‌کی عێراق له‌سه‌ر تورکیا له‌ ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ڕێگه‌دان به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ کۆتایی مانگی سێوه‌ تورکیا ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هەرێمی ڕاگرتووه‌.

هەرچەندە هەولێر و بەغدا پێشتر ڕایانگەیاندووە کە گەیشتونەتە ڕێکەوتن بەوەی نەوتەکەی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەبکرێت، بەڵام تورکیا تا ئێستا ڕێگەی نەداوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکە.

مەسعود حەیدەر لەسەر ئەم پرسە ڕایگەیاند، "ئه‌و نه‌وته‌ی که‌ ئێستا ڕاوه‌ستاوه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم و 75 هەزار بەرمیل نه‌وتی که‌رکوک ده‌کاته‌ 16% ی کۆی نه‌وتی هه‌نارده‌کراوی عێراق بۆ ده‌ره‌وه‌. له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕه‌ نه‌وتە بوەستێت کاریگه‌ری نه‌رینی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر کۆی گشتی داهاتی عێراق."

ئەو ڕایگەیاند، "پێویسته‌ حکومه‌تی عێراق به‌زووترین کات بابه‌تی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکات، چونکه‌ کاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئابوری عێراق به‌شێوه‌یه‌کی گشتی."

"بەشە بودجەی سلێمانی"

پێشتر میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێم بڵاوییان کردەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغداد داوای لە حکومەتی عێراقی کردووە بەشە بودجەی ئیدارەی سلێمانی بەجیا بنێرێت.

تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی یەکیتی ئەم دەنگۆیانەی پشتڕاستنەکردۆتەوە، بەڵام رابیحه‌ حه‌مه‌د، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، هەینی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "هه‌ندێک لایه‌نی عێراقی" ده‌یانه‌وێت له‌ یاسای بودجه‌دا حکومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بکرێت به‌ "دوانه‌خستنی" پشکی بودجه‌ی سلێمانی.

رابیحه‌ حه‌مه‌د ئامادە نەبوو ناوی ئەو لایەنە عێراقیان بهێنێت بەڵام وتی، "گه‌ر هه‌رێم که‌مته‌رخه‌م بێت به‌رامبه‌ر سلێمانی، سلێمانی ناچاره‌ ڕێگه‌ چاره‌ی تر بدۆزێته‌وه‌ تا مافی هاووڵاتی و فه‌رمانبه‌ران نه‌فه‌وتێت."

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق کە لە هەمانکاتدا پارتییە، هەوڵێکی وەهای بە پێچەوانەی دەستور دانا و وتی ده‌ستور ڕێگه‌ نادات هه‌رێمی کوردستان بکرێته‌ پارێزگای جیاواز.

مەسعود حەیدەر وتی، "دەبێت یەکێتی خۆی قسە بکات، بەڵام ده‌ستور هه‌یه‌ له‌ عێراقدا حوکمی هه‌موو شته‌کان ده‌کات. هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یه‌کی ده‌ستورییه‌ و مادده‌ی 117 له‌ ده‌ستوردا زۆر به‌ڕوونی پێناسه‌ی هه‌رێمی کوردستانی کردووه. حکومه‌تی عێراقی پابه‌نده‌ به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی هه‌رێمی کوردستان مامه‌ڵه‌ بکات که‌ حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌کان و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوەرییە."

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەی نەشاردەوە کە پێشتر هەوڵێکی لەوجۆرە هەبووە و ڕایگەیاند، "پێشووتریش هه‌وڵدراوه‌ بابه‌ته‌کان بهێنرێته‌ به‌غداد و به‌جۆرێکی تر مامه‌ڵه‌ بکرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ هیچی سه‌ری نه‌گرتووه‌. ئێمه‌ وه‌کو وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی و کوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌که‌ین."

هەروەها ئەوەشی وت، "به‌ڕێز وه‌زیری دارایی هه‌رێمی کوردستان به‌فه‌رمی قسه‌ی له‌گه‌ڵ من کردووه‌ وه‌کو بریکاری وه‌زیری دارایی عێراق که‌ ئه‌و 400 ملیاره‌ بنێرینه‌سه‌ر حسابی ئه‌وان. مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی ده‌که‌ین، چونکه‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌ستورین. جگه‌له‌وه‌ هه‌رشتێک بوترێت ئیجتهاداته‌ و له‌وانه‌یه‌ وه‌رەقه‌ی سیاسی بێت ئێمه‌ هیچ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌ ناکه‌ین."

ئەمەش ببینە

XS
SM
MD
LG