بە دەیان هاووڵاتی عێراقی کە لە بەغدا خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا لە دژی سوتاندنی قورئان لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقییەوە لە سوید، ڕژانە ناو باڵوێزخانەی سوید لە بەغدا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، خۆپیشاندەران لایەنگری موقتەدا سەدر بوون و تەنها نزیکەی 15 خولەک لەناو بینای کونسوڵخانە ماونەتەوە.
دوای هێنانی هێزی ئاسایش بۆ ڕێگری لە دروستبوونی توندوتیژی، خۆپیشاندەرەکان بە ئاشتی چوونەتە دەرەوە.
چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تویتەر بڵاو بوونەتەوە کە نیشان دەدات خۆپیشاندەران دەچنە نێو باڵیۆزخانەی سویدەوە.
پاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، هاووڵاتیەکی عێراقی لە سوید قورئانی لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکۆڵم سووتاند، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئەو کردارەیان کرد.
موقتەدا سەدر، کەسایەتی ئاینی کاریگەری شیعەکانیش لە عێراق داوای کرد خۆپیشاندان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا ئەنجام بدرێت و داوای دوورخستنەوەی باڵیۆزەکەی کرد، بە تۆمەتی ئەوەی دەوڵەتەکەی "دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلام"دا دەکات.
زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی دڵشاد ئەنوەردایە: