Accessibility links

چاودێران: دەستپێکردنەوەی کارەکانی پۆلیسی ئاکاری ئێران پێدەچێت ژینایەکی تر بە دوای خۆیدا بهێنێت


دوای هەڵوەشاندنەوە و وەستاندنی کارەکانی بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ، جارێکی تر "پۆلیسی ئاکار" لە ئێران چالاک کرایەوە. چالاکوانانی ئێران دەڵێن بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێکراوە و دەستیان کردووە بە دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی ئەو ژنانەی پەیوەست نین بە جێبەجێ کردنی حیجابەوە.

شەوبۆ خزری، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پۆلیسی ئەمنیەتی ئاکار ڕایگەیاند کە گەشتی ئیڕشاد دەست پێدەکاتەوە، باسی حیجاب هاتۆتەوە بەر باس. چونکە نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی ژینا، دەیانەوێت ڕێکارەکان تووند بکەن؛ خەڵک دەترسێنن تا هیچ نەکەن لە ساڵیادەکەدا."

وتیشی،"سەرجادەکان پڕکراونەتەوە لە پۆلیسی ئاکار. ژنانێکی زۆر ڕۆژانە دەستبەسەر دەکرێن و حوکم دەدرێن."

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران لە زمانی گوتەبێژی فەرماندەیی پولیسی ئێران، سەردار سەعید مونتەزرلمەهدی، دوێنی بڵاویکردووەتەوە، "ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسی چاودێریکردن لە سەرەتاسەری وڵات بڵاوەیان پێکراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو کەسانەی جلوبەرگی نائاسایی لەبەر دەکەن."

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەنها لە مانگی 7ی ئامساڵدا و لە ماوەی 17 ڕۆژدا، 2 چالاکوانی مەدەنی کوژراون و 47ی تریش دەستگیرکراون. 55 چالاکوانی تریش بانگهێشتکراون لەلایەن پۆلیسەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

هادی ڕەسوڵی، وتەبێژی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ترسی ئێران دەستپێکردنەوەی سەرهەڵدانەکانی ئێرانە، بە تایبەت کە نزیکین لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی."

هەروەها ڕاشیگەیاند، "بەشێک لە چاودێران لە ئێران ڕایان وایە پێدەچێت دەستپێکردنەوەی فشارەکانی ئێران و چالاککردنەوەی پۆلیسی ئاکار ژینایەکی تر بەدوای خۆیدابهێنێت."

هەروەها ڕای شەوبۆ خزریش وایە. ئەو پارێزەرە لە ناو ئێران ڕایگەیاند، "هەرچەندە دیار نیە جارێکی تر شۆڕشێکی هاوشێوەی ژینا ئەمینی دەست پێدەکاتەوە یاخود نا، بەڵام گرانکردنی بەنزین و هەندێک پێداویستی ژیانی و ڕۆژانە و خواردەمەنی لە ئێراندا پێدەچیت ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شۆرشەکە بێت."

بڕیاری کاراکردنەوەی پۆلیسی ئاکار ئێران کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە. نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

https://twitter.com/USEnvoyIran/status/1680925244079460352

لە توویتەکەیدا ڕایگەیاند، "پێدەچێت حکومەتی ئێران هیچ شتێک لە ناڕەزایەتییەکانەوە فێر نەبووبێت." ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە ڕێگە بە ژنان و کچان بدرێت لە هەموو شوێنێک هەرچییەکیان بوێت لەبەری بکەن."

لە ناوخۆی ئێرانیشدا بڕایرەکە ناڕەزایی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئێراندا بە بەربڵاوی چەند ڤیدیۆیەک بڵاوکرانەوە کە گوایە ئەندامانی پولیسی ئاکار ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە گەڕەکەکانی تاراندا.

بەڵام ڕۆژنامەی جەوانی سەر بە سوپای پاسداران لە ژمارەی دوێنێیدا ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی ڕەتکردەوە و بە "ساختە" ناویبردن.

هەرچەندە ئاژانسی تەسنیم لەسەرەتادا هەواڵەکەی ڕەت نەکردەوە، بەڵام فشارەکانی خەڵک وایکرد ئاژانسەکە دواتر لە زاری فەرماندە باڵاکانی فەراجا کە سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، بنووسێت، "بە هیچ شێوەیەک ڤانەکانی پۆلیسی ئاکار ناگەڕێنەوە سەر شەقامەکان و هیچ ئۆتۆمبێلێک کە ناوی پۆلیسی ئاکاری لەسەر نووسرابێت، چیدیکە لە شەقام و جادە و بانەکاندا نابینرێن."

ئاژانسەکە دەشڵێت، "ئەگەر لەمەودوا ڤیدیۆی بوونی ڤان و ئۆتۆمبیلەکانی پۆلیسی ئاکار لەسەر شەقام یان بەزۆر سوارکردن و دەستبەسەرکردن و ڕاکشانی خەڵکتان بینی بۆ ناو ئۆتۆمبیلەکان، ئەوە یان ساختەیە یان ڤیدیۆی کۆنە کە بۆ مەبەستی تایبەت بڵاوکراوەتەوە."

ڕۆژنامەی هەمشەهریش هەر لەم بارەیەوە نووسیوێتی، "جوڵەکانی پولیس دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام پۆلیسی ئاکار نییە و هەموو ئەو قسانە درۆیە."

XS
SM
MD
LG