Accessibility links

ترامپ تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵی نایاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020


دەستەی باڵای سوێندخۆرانی فیدراڵی لە واشنتن ڕۆژی سێشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی داوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، ئەمەش گرفتە یاساییەکانی زیاتر دەکات لە کاتێکدا هەوڵ دەدات ببێتە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 .

لە پەڕاوی تۆمەتەکان چوار تۆمەت ئاڕاستەی سەرۆکی پێشوو کراوە لەلایەن جاک سمیث، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی داد، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی باڵای سوێندخۆران بۆ چەندین مانگ گوێیان لە گەواهیدانەکانی هەندێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترامپ گرت سەبارەت بە هێرشی لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگرێس لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021.

پەڕاوی تۆمەتەکان کە لە 45 لاپەڕە پێکدێت، باس لەوە دەکات کە گوایە ترامپی تەمەن 77 ساڵ دەستی بە پیلانگێڕییەک کردبوو بۆ فێڵکردن لە ئەمەریکا و هەڕەشەکردن لە مافی کەسانی دیکە و ڕێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمی ، پرۆسەی بە فەرمی ناساندنی سەرکەوتنی بایدن، و هەروەها ڕێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمی بۆ پەسەندکردنی دەنگی نوێنەران لە کۆنگرێس لە 6ی یەکی 2021 لە کاتێکدا پشتیوانانی ترامپ هوروژمیان بردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس.

کێشە یاساییەکانی ترامپ و هەنتەر بایدن دەبنە مانشێتی ڕۆژنامەکان
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:38 0:00

ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی 247ساڵەی ئەمەریکا، سەرۆکێکی پێشووتر تۆمەتبار بکرێت بەوەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی نەک ئاشتیانە هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەیدا دابێت بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە.

چاوەڕوان‌دەکرێت ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە بۆ یەکەم جار لەسەر ئەم دۆسێیە بچێتە بەردەم دادوەر.

هەتا ئێستاش ترامپ بە شێوەیەکی ناڕاست بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە ساختەکاری لە دەنگدان و ناڕێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا فێڵی لێکراوە، تەنانەت دوای ئەوەی دەیان دادوەر لە چەند هەفتەی دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا ئیدیعاکانیان ڕەتکردەوە.

لە تۆمەتبارکردنەکەیدا دەڵێت "سەرەڕای دۆڕانی، تۆمەتبار سووربوو لەسەر ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە. بۆیە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دوای هەڵبژاردن لە 3ی مانگی یازدەی ساڵی 2020، تۆمەتبار بە شێوەیەکی ناڕاست گوتی کە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە و خۆی هەڵبژاردنەکانی بردووەتەوە."

لە تۆمەتبارکردنەکەدا دەشڵێت "ئەم ئیدیعایانە درۆ بوون، تۆمەتبارەکەش دەیزانی کە درۆیە". بەڵام، ئاماژەی بەوەشکردووە، ترامپ "هەر دووبارەی دەکردەوە و بە شێوەیەکی فراوان بڵاوی کردەوە – بۆ ئەوەی وەها بکات کە ئیدیعا درۆینەکانی بە ڕەوا دەربکەوێت، و کەشێکی بێمتمانەیی زۆر و توڕەیی لە وڵاتەکەدا دروستبکات و بڕوای گشتی بە بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژاردنەکان نەهێڵێت."

لە تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە کە "هەریەکە لە پیلانگێڕییەکانی ترامپ ئەرکێکی سەرەکی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج، ئەویش پرۆسەی کۆکردنەوە و ژماردنەوە و بە فەرمی ناساندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیە."

لەو 45 لاپەڕەیەدا باس لەوەش کراوە ترامپ بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ شەش کەسی دیکەدا، کە هیچیان لە تۆمەتبارکردنەکەدا ناویان نەهاتووە، پیلانگێڕی کردووە بە مەبەستی ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە پێچەوانە بکات. چوار لەوانە پارێزەر بوون کە ئامۆژگارییان دەکرد، یەکێکی دیکەیان بەرپرسێکی وەزارەتی داد بوو و شەشەمیان ڕاوێژکاری سیاسی بوو کە گوایە "یارمەتی داوە لە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ پێشکەشکردنی لیستی ساختەی دەنگدەرانی سەرۆکایەتی [لە بەرژەوەندی ترامپ] بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوشوێنی بە فەرمی ناساندنی دەنگەکان."

ئەمە دووەم جارە سمیث لە ماوەی دوو مانگدا ترامپ تۆمەتبار دەکات. لە تۆمەتەکەی پێشوو، داواکاری گشتی ترامپی تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی 32 بەڵگەنامەی ئاسایشی نیشتمانی زۆر نهێنی لە ماڵەکەی لە مارا لاگۆ لە فلۆریدا هێشتووەتەوە، دوای ئەوەی پۆستەکەی بەجێهێشتووە کە بە پێی یاسا دەبوو ڕادەستی ئەرشیفی نیشتمانی بکات. بڕیارە دادگاییکردنەکە لە مانگی پێنجی 2024 بەڕێوەبچێت.

جگە لەوەش، داواکاری گشتی ویلایەتی نیویۆرک ترامپی تۆمەتبار کردووە بەو تۆمەتانەی کە تۆمارە داراییەکانی لە کۆمەڵە خانووبەرەیەکی، ڕێکخراوی ترامپدا، ساختە کردووە بۆ شاردنەوەی بڕی 130 هەزار دۆلاری کە داویەتی بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن، پێش هەڵمەتە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2016. ئامانج لێی بێدەنگکردنی ئەو ئەکتەرە بوو کە دە ساڵ پێشتر یەک شەوی لەگەڵ ترامپدا بەسەربردبوو. بڕیارە ئەو دادگاییکردنە لە مانگی سێی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

لە ویلایەتی جۆرجیای باشووری ئەمەریکاش، داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەم زووانە ڕەنگە ترامپ تۆمەتبار بکات بەهۆی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لەو ویلایەتەدا بە شێوەیەکی نایاسایی. لەوێ، لە سەرەتای ساڵی 2021، ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی تۆمارکراودا و داوای لە بەرپرسانی هەڵبژاردنەکان کرد 11 هەزار و 780 دەنگی بۆ "بدۆزنەوە"، کە یەک دەنگی زیاترە لە جیاوازی بردنەوەی بایدن، بۆ ئەوەی ترامپ بتوانێت 16 دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکە بەدەستبهێنێت.

ترامپ هەموو کارێکی هەڵە لە دۆسیە جیاوازەکاندا ڕەتدەکاتەوە و زۆرجار هێرشی کردووەتە سەر سمیث و داواکاری گشتی لە نیویۆرک و جۆرجیا.

ترامپ هێرشی کردە سەر تۆمەتبارکردنەکە و ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ شتێک نییە لە دوایین بابەتی گەندەڵی لە بەردەوامی هەوڵی تاوانەکانی خێزانی بایدن و وەزارەتی داد نەبێت کە بووتە چەکی دەستیان" بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024. ئەو گوتیشی کە تۆمەتبارکردنەکە "ئەڵمانیای نازی لە ساڵانی 1930 و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ڕژێمە تاکڕەو و دیکتاتۆرەکانی دیکە" دەهێنێتەوە یاد.

ڕاپرسییە نیشتمانییەکان دەریدەخەن کە ترامپ لە پێشەنگی پێشبڕکێی کۆمارییەکاندایە بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی حزبەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024. ڕاپرسییەکی نیویۆرک تایمز کە ڕۆژی سێشەممە چەند کاتژمێرێک پێش دوایین تۆمەتبارکردن بڵاوکرایەوە، دەریخستووە کە لەگەڵ بایدن یەکسانە بە ڕێژەی 43%ی هەریەکەیان ئەگەر لە کۆتاییدا ئەو دووانە بۆ دووەم هەڵبژاردنی لەسەریەک ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

ڕاپۆرتی کێن برێدێمایەر

XS
SM
MD
LG