Accessibility links

جنین پلاسخارت داوای دەستبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ ئێزدییەکان دەکات


نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جنین پلاسخارت، ڕۆژی پێنجشەممە وتارێکی لە یادی نۆهەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شاری هەولێر پێشکەش کرد.

لەم یادەوەرییەدا پلاسخارت گوتی "خەڵکی شنگال پێویستیان بە دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر هەیە".


پلاسخارت ڕاشیگەیاند، " دەستپێشخەری کراوە سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئێزدی لە ژێر دەستی داعش و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەبارەت بە زەوی و زاری ئێزیدییەکانی ناوچەکە".

ئەم کاربەدەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق و محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و گوتی "متمانەمان بە پابەندبوونی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی".


ئاماژەی بەوەشکرد، "نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ دەستگیرکردن و دۆزینەوەی تۆمەتباران و دادگاییکردنیان".

عەبدول لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەسەر دەستی چەکدارانی داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی : " لە نۆهەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ گەڕان بە دوای بێسەروشوێنان لە ژێر زەمینەکانی داعشدا، هەتا تاوانبارانی سەدە دادگایی نەکرێن، ژنە ڕفێندراوەکان نەگەڕێنرێنەوە، نە دەوڵەت، نە ویژدان، نە دەرون ئاسودە نابن''.

شکۆمەندی و نەمری بۆ شەهیدەکانمان.

محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یادی نۆهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەت کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتی زەوی و زاری ئێزدییەکان.

هەروەها لە ڕێگەی تویتێکەوە ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق کێشەی زەوی و زاری سەر بە پێکهاتە ئێزیدیەکانی چارەسەرکردووە، کە لە ساڵی 1975ەوە لە ژێر گفتوگۆدایە".


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی نۆهەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی دژ بە ئێزدییەکان لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باس لە پێویستی بە پەلەی چارەسەرکردنی دۆخی کۆمەڵگە ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت " پێویستە چارەسەری دەستبەجێی کردەیی بۆ دۆخی ئێزدییەکان هەبێت”.


لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 چەکدارانی داعش هێرشێکی فراوانیان کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان لە دەشتی موسڵ و شنگال و گوندەکانی دەوروبەری. لەو هێرشانەدا هەزاران ژن، منداڵ و پیاوی ئێزیدی ڕفێندران و کوژران. بە پێی ئامارە نیمچە فەرمییەکان شەش هەزار کەس کوژران و ڕفێندران. لە 15 ی هەشتی هەمان ساڵ چەکدارانی داعش لە گوندی کۆچۆی باشوری قەزای شەنگال ژن و مناڵ و پیاوەکانی گوندەکەیان لە خوێندنگایەک کۆکردەوەو پاشان لەیەک جیایان کردنەوە . ژن و منداڵەکانیان بۆ شارەکانی تەلەعفەر، موسڵ و ڕەقە، کە ئەو کاتە لە ژێر دەستی داعشدا بوو، ڕەوانە کرد و پیاوەکانیشیان کۆمەڵکوژ کرد.

XS
SM
MD
LG