لایەنە کوردییەکان بە چوار لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن و پرۆژەی یەک لیستی کورد لەو شارە شکستی هێنا، بەشێک لە بەرپرسانی کوردیش دەڵێن ئەم هەنگاوە خەونی کوردی بۆ بردنەوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا لەباربرد.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "فرە لیستی لەم دۆخەی کە شاری کەرکوکی تێدایە لەبەرژەوەندی کورد نەبوو. گەر لایەنە کوردییەکان یەک لیستمان هەبایە، ڕەنگە 50 کۆی یەکی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگامان بردبایەتەوە، بەڵام بڕوا ناکەم ئەو ڕێژەیە بهێنین."
کورد بە چوار لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات کە بریتین لە لیستی پارتی و چەند لایەنێک، یەکێتی و حزبی شیوعی، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بەیەک لیست، وە نەوەی نوێش بە لیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
هێشتا ڕوون نییە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات یاخود نا، بەڵام حزبی زەحمەتکێشنانی کوردستانی لیستی بۆ هەڵبژاردن نابێت و بەشداری پرۆسەکە ناکات.
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە شاری کەرکوک، پێیوایە واقعی شاری کەرکوک و پێکەوە نەگونجانی لایەنە سیاسییەکان فرە لیستی کردە ئەمری واقیع.
مەسعود مەلا پەروێز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بانگەشەکردن بۆ یەک لیستی کورد لە کەرکوک موزایەدەی سیاسی بوو. ئەوانەشی ئەم بانگەشەیەیان دەکرد ڕاستگۆ نەبوون، چونکە کەس لەگەڵ کەس نەدەگونجا."
هەڵبژاردنی 18/12 ی ئەمساڵی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا، بەو پێیەی لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدراوە.
هاوشێوەی کورد، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیش بە چەند لیستێکی جیاواز بە شداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ڕکابەرییەکی بەهێز لە نێو خودی پێکهاتەکان لەلایەک و لە نێوان پێکهاتەکاندا لەلاکەی تر ڕووبدات.
لایەن و پێکهاتەکان بۆ بەدەستهێنانی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رکابەری دەکەن و چاویان لە دەنگی یەک ملیۆن و 175 هەزار کەسە کە مافی دەنگدانیان هەیە.
جوان زەنگەنە، ئەندامی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەک لیستی کورد لە کەرکوک سەرینەگرت، بۆیە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لیستێکی هاوبەشمان پێکهێناوە. چاومان لە دەنگی خەڵکانی ناڕازی و شەقامی ئیسلامییە لە کەرکوک تا ببینە نوێنەری ڕاستەقینەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا."
لایەنە کوردییەکان لە ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای کەرکوک خاوەنی 26 کورسی بوون لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنەکە، بەڵام پێشبینی ناکرێت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بتوانن زۆرینەی کورسییەکانی ئەو ئەنجومەنە بەدەست بهێنن.