Accessibility links

یەكێتی : کۆمەڵ و یەکگرتوو جەختیان لە یەکڕیزی کردەوە، بەڵام پارتی هەڵوێستێکی ئەرێنی نەبووە


لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر کورد یەک دەنگ نەبێت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگ و کورسی لەدەست دەدات و مەترسیش لەسەر "کوردستانی"بوونی کەرکوک دروستدەبێت.

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند یەکێتی لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی کورد لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، و وتی کۆمەڵ و یەکگرتوو جەختیان لە برایەتی و تەبایی کردۆتەوە بەڵام پارتی "ئیستیجابەی" نەبووە.

ڕزگار حاجی حەمە ڕایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەموو هێز و لایەنە سیاسیە کوردەکان بێ جیاوازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەک یان یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین. ئەگەر کورد یەک لیست نەبێت ژمارەیەکی زۆر لە دەنگ و کورسی کورد لەو ناوچانە لەدەست دەدەین و ئەوەش زەرەرێکی گەورە دەبێت بۆ کورد و زیانێکی گەورەش لە کوردستانی بوونی کەرکوک دەدات."

دەشڵێت، "کۆمەڵ و یەکگرتوو هەڵوێسیان زۆر باش بوو، جەختیان لە برایەتی و یەکڕیزی و تەبایی کردەوە. هەرچەندە دوو جار دەستپێشخەریمان کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیش، بەڵام هەڵوێستیان ئیجابی نەبوو."

لە 27/6 2023/کەمال کەرکوکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکوک ڕایگەیاند"ئێمە وەک ڕێکخستنی کەرکوک_ گەرمیانی پارتی لەگەڵ ئەوەداین لەگەڵ هەموو کەس و لایەنێک بەشداربین جگە لە خیانەتکارانی 16 ی ئۆتۆبەر."

لە ڕابردوودا بەشیک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاو کردەوە کە گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی بۆ یەکگرتن لەگەڵ یەکێتی وەرگرتنی پارێزگاری کەرکوکە.

بەڵام ڕزگار حەمە دەڵێت, "هەڵبژاردن چارەنوسی پارێزگاری کەرکوک دیاری دەکات، نەک لایەنەکان."

لایەنەکان لە کەرکوک ئامادەکاریان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووە و دەوترێت عەرەبەکان دەیانەوێت بە یەک لیست بەشداری بکەن و تورکومانیش ئەگەری هەیە لیستی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئەوەی ماوەتەوە کوردە کە تا ئێستا لەسەر یەک لیستی ڕێکنەکەوتوون.

لەو بارەیەوە ڕزگار حەمە دەڵێت، "ڕاستە، لایەنەکانی تر لە پێکهاتەکانی تر ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بە یەک لیست دابەزن و کورسی زیاتر بەدەستبهێنن. حەقە کوردیش وا بیر بکاتەوە با کورسی لە دەست نەدەین."

وتیشی، "ئەم هەڵبژاردنە چارەنووس سازە؛ چارەنووسی پارێزگار و بابەتە گرنگەکانی ئەو ناوچانە دیاری دەکات، ناسنامەی کورددستانی بوونی ئەو ناوجانەش دیاری دەکات."

ئەو بەرپرسەی یەکێتی داواش دەکات کێشەکان لەو ناوچانە بەلاوە بنرێن و دەڵێت" ئومێدەوارین هەموو لایەنەکان ئەگەر لە کوردستان کێشەشیان هەبێت، با لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەبەر بەرژەوەندی میلەتەکەمان بەلاوەی بنیین."

وتیشی،"وەک یەکێتی لە کۆبوونەوەکانمان بەردەوامین لەو پێناوەدا. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ گۆڕان و هەموو لایەنەکانی تردا بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە دەکەین."


XS
SM
MD
LG